هەوڵی ئێران بۆ لێک نزیکردنەوەی تاڵیبان و ئەحمەد مەسعود
بەرپرسانی تاڵیبان لەگەڵ ئەحمەد مەسعود و ئیسماعیل خان لە تاران دیدار و گفتوگۆیان ئەنجام دا.
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ شاندی سیاسی تاڵیبان بە سەرۆکایەتی ئەمیرخان مۆتەقی وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە تاران لەگەڵ ئەحمەد مەسعود سەرکردە و محەمەد ئیسماعیل خان سەرۆکی حیزبی کۆمەڵەی ئیسلامی ئەفغانستان کۆبووەوە.
وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەحمەد مەسعود و ئیسماعیل خانیان دڵنیاکردۆتەوە کە گەڕانەوەیان بۆ ئەفغانستان ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشە و گرفتێک نابێتەوە.
ئەم دیدارانە لەمیانەی سەردانێکی ئەمیرخان مۆتەقی وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بۆ ئێران و چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەچوو. هەر لەو سەردانە دیپلۆماسییەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر هاوکاری هاوبەش لەبوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و ئەمنی لەوانە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، گواستنەوەی کاڵای ئێرانی بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، ناردنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان و هتد.
بە گشتی ئێران لە ئێستادا نزیکترین و باوەڕپێکراوترین دراوسێی ئەفغانستانە و بۆیە گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئەفغانستان هەمیشە پێشوازیان لە هەوڵ و پێشنیارەکانی کردووە.
ئەوەی لە لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران دیارە، ئامانج و سیاسەتی ئێران لە ئەفغانستان پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیرە کە بتوانێت ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا بەرقەرار بکات. بە لەبەرچاوگرتنی نائارامییەکانی کازاخستان و زیادبوونی هەڕەشەی ئەمنی لە ئاسیای ناوەڕاستدا؛ هاوکاری و یەکگرتوویی وڵاتانی ناوچەکە بە ئەفغانستانیشەوە زۆر گرنگە.
لێدوانەکان