هەڵوێستی میدیایی ئازەربایجان بەرامبەر بە ئەمریکا

تاها عەبدوڵڵایی
نووسەر:تاها عەبدوڵڵایی
دووشەممە 13 كانونی یه‌كه‌م 2021 - 21:27
https://kurdish.iswnews.com/?p=4750

بانگهێشت نەکردنی ئیلهام ئەلیڤ و ئامادەبوونی نیکۆل پاشینیان لە لوتکەی دیموکراسی، بەرپرسانی ئازەربایجانی نیگەران کردەوە. ئازەربایجان لەجیاتی دەرکردنی بەیاننامەیەکی ڕەسمی، لە رێگای میدیاکانەوە هەڵوێستی ڕاگەیاندن.

لوتکەی دیموکراسی بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بە ووتارێکی جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی کانوونی یەکەم و بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ وڵات بەڕێوەچوو. بەشی هەواڵەکانی تەلەڤیزیۆنی ئاز.تیڤیی ئازەربایجان لە ١٠ی کانوونی یەکەم لە راپۆرتێکدا کاردانەوەیەکی توندی بەرامبەر بانگهێشت نەکردنی ئیلهام ئەلیڤ لەلایەن ئەمریکاوە پیشاندا.

لە ڕاپۆرتی ئەم کەناڵە حکومییە هاتووە: لوتکەی دیموکراسی بە ئامادەبوونی نیکۆل پاشینیان (سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا) و بە بێ ئامادەبوونی ئیلهام ئەلیڤ (سەرۆک کۆماری ئازەربایجان) بەڕێوەچوو کە دەریدەخات ئازەربایجان وڵاتێکی سەربەخۆیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە: ژمارەیەک لە وڵاتان لەوانە هەنگاریا، تورکیا، ڕوسیا و چینیشەوە بۆ ئەو لووتکەیە بانگهێشت نەکراون.

ئەم کەناڵە لەگەڵ رەخنە گرتن لە ئەمریکا، رایگەیاند: ئەمریکا لەگەڵ دۆسیەی تاوانەکانی وەک بۆردومانی ئەتۆمی شارەکانی ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دووەم، تاوانەکانی جەنگی ڤیێتنام، هێرش بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق، بەندیخانەی گوانتانامۆ و ئازار و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی ڕەنگین پێستی ئەمریکی بە تایبەت کوژرانی جۆرج فلۆید، ناتوانێت کۆبوونەوەی دموکراسی ئەنجام بدات.

بەپێی ڕاپۆرتی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام” ئەمە یەکەمجارە میدیایەکی دەوڵەتی ئازەربایجان ئەم جۆرە لێدوانەیان دژ بە حکومەتی ئەمریکا بەکاردەهێنن. بێگومان ئەم لێدوانانە نیشانەی ڕووبەڕووبونەوەی ئەمریکا لەلایەن ئازەربایجانەوە نییە، بەڵکو نیگەرانی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر پشتیوانی حکومەتی ئەمریکا لە ئەرمینیا پیشان دەدات.

بەرپرسانی ئازەربایجان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین جار نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەپشتیوانی سیاسی و دارایی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەرمینیا و ئەرمەنەکانی قەرەباغ دەربڕیوە. ئەمەش دەتوانێت بەیەکجار هاوسەنگی هێز لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا بگۆڕێت. بێگومان بەرپرسانی ئازەربایجانی ناتوانن فشار بخەنە سەر ئەمریکا و هەوڵ دەدەن لە جیاتی لێدوانی ڕاستەوخۆ داوا لە میدیاکان بکەن کە پەیامێکی ناراستەوخۆ بۆ لایەنی ئەمریکی بنێرن. ئەوەی کە ئەم هەڵوێستە تا چ ڕادەیەک بەردەوام بێت، دەبێت لە سیاسەتی ئەو وڵاتە ببینرێت. دوای جەنگی یەکەمی ناگۆرنو-قەرەباغ ئازەربایجان هەوڵ دەدات حکومەتە جیاوازەکان لە خۆی نزیک بکاتەوە.

حکومەتی ئازەربایجان هەمیشە هەوڵی داوە بە پێدانی ئیمتیازاتی تایبەت بە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز، پشتیوانی سیاسی لە دژی ئەرمینیا، ڕوسیا و ئێران بەدەست بهێنێت. هەروەها حکومەتی ئازەربایجان لە پرۆژەی ڕاڕەوی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا قەرزداری فشارەکانی ئەمریکا بۆ لابردنی ئێران لەو ڕێگایە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *