کشانەوەی بەرفراوانی هاوپەیمانی سعودیە لە شاری ئەلحودەیدە و کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن + نەخشە

شه‌ممه‌ 20 تشرینی دووه‌م 21 - 10:24
https://kurdish.iswnews.com/?p=4031

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: هێزەکانی هاوپەیمانانی سعودیە دەیان کیلۆمەتر لە پێگەکانیان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن بەرەو عەدەن کشانەوە.

دوای هێرشە موشەکییەکەی ئەم دواییەی ئەنساروڵڵا بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە باشوری سعودیە و بنکەکانی هێزەکانی تاریق ساڵح لە ڕۆژئاوای پارێزگای تەعەز، میحوەری کەناراوەکانی ڕۆژئاوا تووشی شکستێکی گەورە بوویەوە.

دوای ئەم پێشهاتانە و پاشەکشە خێراکەی هاوپەیمانی سعودیە، میدیا و شیکەرەوەکانی بواری یەمەن بیروڕای جۆراوجۆریان خستەڕوو، کە بە گشتی بەم شێوەیەیە:

١- هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە کە کشانەوەکە بە مەبەستی بەهێزکردنی میحوەرەکانی شبوە و مأرب بووە و ئەم پاشەکشەیە تا حیس-ئەلخوخامە بەردەوام دەبن.
٢- هەندێکی تر باس لە ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هاوپەیمانی سعودی و ئەنساروڵڵا بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن و بەڵگەکەشی سەردانەکەی ئەم دواییەی “هانس گروندبرگ” بۆ کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن دەزانن.
٣- هەندێکی دیکە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە بڕگە جێبەجێنەکراوەکانی ڕێککەوتننامەی سوید جێبەجێ کراوە و لەو باوەڕەدان کە دەبێت ئەنساروڵڵا لە ڕۆژانی داهاتوودا شاری ئەلحودەیدە و بەندەری ئەلسەلیف چۆڵ بکاتەوە و کۆنتڕۆڵی ناوچەکە ڕادەستی هێزە هاوبەشەکان بکات.
٤- بەشێکی دیکەش گەشبینانە دەرواننە بارودۆخی ئەلحودەیدە و ڕووداوەکەی بە گواستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە ناودەبەن کە ئەنساروڵڵا ئیستغلالی کردووە.

لێدوانە جیاوازەکان لەسەر ئەم بارودۆخە تا ئەو کاتەی سەرچاوە فەرمییەکانی هاوپەیمانی سعودی و ئەنساروڵڵا بەیاننامە و وردەکاریی لەو بارەیەوە بڵاو نەکەنەوە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام ئەوەی کە پشتڕاست کراوەتەوە ئەوەیە کە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی ئەنساروڵڵا لە میحوەرەکانی مأرب و شبوە، هێزە زەمینییەکانی هاوپەیمانی سعودیە ـیان تووشی شڵەژان و لاوازییەکی زۆر کردووە. بۆ لەدەست نەدانی مأرب و شبوە هاوپەیمانی سعودیە پێویستی بە هێزێکی سەربازی ڕاهێنراو و بە ئەزموون هەیە کە لەگەڵ هەڵاتنی سودانییەکان لە یەمەن و کوژرانی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە و داعش، هیچ بژاردەیەکی دیکەی جگە لە هێزەکانی ئەلعمالقە و تاریق ساڵح بۆ ئەو هاوپەیمانیە نەماوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .