پلانی ئەمریکا، دروستکردنی کێشە لەنێوان ئێران و سوننەکان
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەیی دانیشتنێکی داخراوی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بوو و ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستان خستەڕوو.
بە ووتەی نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، قائانی لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاندووە کە بوونی ئەمریکا لە ئەفغانستان هیچ پەیوەندیەکی بەڕووداوەکەی ١١ی سێپتەمبەرەوە نەبووە و ئەمریکا دوای تیرۆری ئەحمەد شا مەسعود سوور بووە لەسەر ئامادەبوونی لە ئەفغانستان.
قائانی جەختی لەسەر ئاسایشی ئێران کردووە و رایگەیاندووە ئەمریکا پلانی ئەوەی هەیە کێشە لەنێوان ئێران و سوننەکان دروست بکات.
ناوبراو هەروەها ووتووە: هەموو هەوڵەکانمان بەئامانجی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی ئەفغانستان و ڕێگرتن لە دروستبوونی شەڕ و هەروەها بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەیە.
فەرماندەی فەیلەقی قودس هەروەها باس لە چاودێری باردۆخی ئەفغانستان لەلایەن ئێرانەوە و ئامادەیی تەواو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کردووە. ناوبراو لە کۆتاییدا لە هەوڵەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئەفغانستان و ئێران هەواڵی داوەتەوە.
لێدوانەکان