چیرۆکی دەستپێکردنەوەی ململانێکانی پارێزگای درعا چی بوو؟

شه‌ممه‌ 4 ئه‌یلول 21 - 15:27
https://kurdish.iswnews.com/?p=3805

پارێزگای درعا و بە تایبەتی شاری درعا کە بە سیمبولی شۆڕشی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناسراوە، شوێنێکی ستراتیژیە بۆ ئەو چەکدارانەی کە شەڕی وێرانکەریان لە سوریا دەستپێکرد.

دوای ئەوەی سوپا و هاوپەیمانانی سوریا کەوتنە سەر سکەی سەرکەوتن و کێوماڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و چەکداران، نۆرەی پارێزگای درعا هات. سوپای سوریا لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ئۆپەراسیۆنێکی لە باشوری ئەو وڵاتە دەستپێکرد و لە ماوەی ٤١ ڕۆژدا تەواوی ئەو ناوچانەی کە لە پارێزگاکانی درعا و قۆنەیترە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە داگیرکرا بوون، کۆنترۆلی کردەوە.
لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٨ دوای ڕێکەوتنی ئاشتی لە نێوان هێزە چەکدارەکان و سوپای سوریا، ئۆپەراسیۆنی کشانەوەی هێزە چەکدارەکان و خانەوادەکانیان لە ناوچەی درعا ئەلبەلەد دەستیپێکرد و هێزە چەکدارەکان چەک و کەرەستەی سەربازی قورسیان ڕادەستی سوپای سوریا کرد.
بەڵام ئەوە تەواوی ڕووداوەکە نەبوو. بەشێک لە ئەندامانی ئەو هێزە چەکدارانە کە شکستیان لەبەرامبەر سوپای سوریا ڕەتدەکردەوە، لە درعا ماونەتەوە، و ئەمەش بوو هۆکارێک تا پارێزگای درعا نەگاتە سەقامگیرییەکی ئەمنی تەواو و بە شێوەی هەفتانە نائەمنی و تیرۆری بەرفراوان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکەدا ڕووبدات.
ئەندامانی هێزە چەکدارەکان کە لە درعا ماونەتەوە، ڕوویان کردە تیرۆری ئامانجدار، چونکە پێیان وابوو ئەو چەکدارانەی کە چوونەتە ناو پلانی ئاشتەواییەوە خیانەتکارن و دەبێت سزا بدرێن. هەروەها ئەفسەرانی سوپا و سەرچاوە هەواڵگرییەکان و هێزە ئەمنییەکانی سوریا لە ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆری چەکداران بێبەش نەبوون و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سوریاش لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە کوژران.

لەگەڵ گەیشتنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری سوریا لە حوزەیرانی ٢٠٢١دا، چەکدارەکان لە درعا دژایەتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند و هێرشیان کردە سەر چەندین بنکەی دەنگدانەوە. لەگەڵ زیادبوونی تیرۆر و نائارامییەکان، حکومەتی سوریا بەمەبەستی جێگیرکردنی ئارامی و سەقامگیری و ڕێگریکردن لە ئاژاوەی ئەمنی، بەچەکدارانی درعا ڕاگەیاند دەبێت چەکە قورسەکانیان ڕادەست بکەن. دوای ناڕەزایەتی کۆمیتەی ناوەندیی درعا (سەر بە هێزە چەکدارەکان) بەو مەرجانە، حکومەتی سوریا بڕیاری دا هێز و کەلوپەلی سەربازی ڕەوانەی درعا ئەلبلاد بکات.

دوای دەستپێکردنی گەمارۆکانی گەڕەکی درعا ئەلبەلەد لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا و بۆردومانی پێگەکانی چەکدارەکان لەو گەڕەکە، چەکدارەکان ناچار بە پاشەکشە لە هەڵوێستەکانیان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەفسەرانی سوپای سوریا و ڕوسیا بوون، بەڵام هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکانی مانگی ئەیلولەوە، چەندین هێرشی قورس لەلایەن چەکدارانەوە بۆ سەر پێگەکان و خاڵە پشکنینەکانی سوپای سوریا ئەنجام درا کە ئەو هێزانەی ناچار بە پاشەکشە لە هەندێک ناوچە کرد. لەو هێرشانەدا چەندین کەس لە هێزەکانی سوپای سوریا کوژران و ژمارەیەکیش لەلایەن چەکدارەکانەوە بەدیل گیران. ئەمەش وای کرد تا سوپای سوریا هێز و کەلوپەلی سەربازی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە بکات.

لەگەڵ بەردەوامی پێکدادانە ناوبەناوەکاندا و هێرشە تۆپخانەییەکانی بەرفراوانی سوپای سوریا دژ بە هێزە چەکدارەکان، لە کۆتاییدا چەکدارەکان ناچار بە قبوڵ کردنی مەرجەکانی سوپای سوریا بۆ ئاگربەست، رادەستکردنی چەک یان گواستنەوەیان بۆ باکوری سوریا، دامەزراندنی بنکەی سەربازی، پشکنین و ئەمنی لە گەڕەکی درعا ئەلبەلەد بوون.

بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ژمارەیەک لە چەکداران چەکەکانیان ڕادەستی هێزەکانی سووریا کردووە، بەڵام هەندێکی دیکە دژایەتی خۆیان بۆ مەرجەکانی سوپای سوریا و بەردەوامی شەڕ لەگەڵ حکومەت و سوپای سوریا ڕایگەیاندووە. بۆیە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ناکۆکی و پێشێلکردنی ئاگربەست و شکستپێهێنانی دانوستانەکان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای درعا و بەتایبەتی گەڕەکی درعا ئەلبەلەد هەیە.

هاوکات خەڵکانێک هەن کە لە تیرۆر و نائارامی بێزارن و داوای کۆتایی هێنان بە ململانێی چەکداری و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەی درعا و گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و بەردەوامیدان بە ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن. خەڵکانێک کە لە شۆڕشی سوریا تەنیا شەڕ و وێرانیان بۆ ماوەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .