ئەنجامی نزیکبوونەوە لە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا : هۆکارەکانی شکستی حکومەتی ئەفغانستان لە گرووپی تاڵیبان

شەممە 21 ئاب 2021 - 14:41
https://kurdish.iswnews.com/?p=3448

گەندەڵی لە پێکهاتەی حکومەت و سیستەمی سیاسی ئەفغانستان بەردەوام بوونی هەبووە و بووە هۆی ئەوەی کە لە سەدا 56 ی خەڵکی ئەو وڵاتە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بن. لە سەردەمی پاش ڕووخانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە 20 ساڵی ڕابردوو، هیچ حکومەتێک لە ئەفغانستان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکدا سەرکەوتوو نەبوو، ئەو خەڵکەی کە چەندین دەیە شەڕ و پێکدادان و ئاڵۆزی بە شێوازی جۆربەجۆر، ژیانی ئەوانی تێکداوە.

سەرەڕای پاڵپشتییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕووی سەربازییەوە کە لە ساڵی 2001 دەستیپێکرد، ئەفغانستان لە ڕووی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەوە گیرۆدەی قەیرانێکی گەورە بوو کە هیچ چارەسەرێکی بۆ نەکرا.

بەدەر لە هۆکاری دەرەکی، کێشە ناوخۆییەکانی ئەفغانستان دەتوانین بە هۆکاری کەوتنی کابوڵ بزانین.

ئەم کەوتنەش لە سێ مانگی ڕابردوو و بە ڕاگەیاندنی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان دەستیپێکرد.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مسۆگەربوونی ئامانجەکانی لە هێرشی ساڵی 2001 بۆ سەر ئەفغانستان شکستی هێنا. لە گرنگترین هێماکانی ئەو شکستەش، مانەوەی گرووپی تاڵیبانە کە بە بیانووی نزیکبوونەوە و پاڵپشتیکردنی قاعیدە کرایە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا. شکستی ئەمریکا لەمەدا ئاشکراتر دەبێت کە نەیتوانی جێگرەوەیەکی مەیدانی و سیاسی بۆ گرووپی تاڵیبان دابین بکات، هەر بۆیە تاڵیبان لە پاراستنی پێکهاتەی خۆی سەرکەوتوو بوو و کەڵکی لەو لاوازییەش وەرگرت کە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بە حکومەتەکانی پاش 2001 ی کابوڵەوە دەبینرا.

حکومەتی ئەفغانستان و ئەو حکومەتانەی پێشووی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکی بەهێزیان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا هەبوو، بە جۆرێک کە خەڵکی ئەو وڵاتە بەردەوام حکومەتی ئەشرەف غەنییان بە دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگای ئەفغان تۆمەتبار دەکرد، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو تەنیا بە دوو ملیۆن دەنگەوە بووە سەرۆک کۆمار.

گەندەڵی لە پێکهاتەی حکومەت و سیستەمی سیاسی ئەفغانستاندا هەبووە و تەنانەت هۆکاری ئەوەش بووە کە لە سەدا 56 ی ئەفغانییەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدا بن.

ململانێی نێوان سەرکردەکانی ئەفغانستان لە سەر پلە و پۆستەکان گەیشتە ئاستێک کە ژمارەیەک لەوان ڕایاندەگەیاند شەڕی گەیشتن بە کورسی دەسەڵات دەکەن، هەر بۆیە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە سەر بەرژەوەندییە کەسییەکان بووە نەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

کەلێنی نێوان حکومەت و دەسەڵات لە لایەکەوە و هەروەها گەلی ئەفغانستان لە لایەکی دیکەوە زۆر بوو، بە شێوازێک لە کە ساڵانی ڕابردوو، بەرپرسانی حکومەت لە کۆشکە ڕازاوەکاندا بوون و خۆیان لە چاوی خەڵک حەشار دەدا.

لە سەردەمی دەسەڵاتی تاڵیبان لە 20 ساڵی ڕابردوو، هیچ حکومەتێک لە ئەفغانستان زامی سەر جەستەی گەلی هەژار و زوڵملێکراوی ئەو وڵاتەی ساڕێژ نەکرد، ئەو گەلەی کە چەندین دەیە شەڕ و پێکدادان و شێوازی جۆربەجۆری ململانێکان ئەوانی ئیفلیج کردووە و ژیانی لێ تێکداون. وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و بەریتانیا هەوڵی ئەوەیان دەدا گۆڕانکاری لە نێو کۆمەڵگای ئەفغانستان بخوڵقێنن، ئەو هەوڵانەی کە هیچ قازانجێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و خوێندەواری خەڵکی ئەو وڵاتە نەبوو و لە ئاکامیشدا تاڵیبان ئەم هەلومەرجەی کردە ئامرازی گەیشتنەوە بە دەسەڵات و زاڵبوونەوەی دووبارە بە سەر ئەفغانستاندا.

بێهیوایی لە کۆمەڵگا، تا ئاستێک کە خەڵکی هیوایان بە گۆڕانکاری لە هیچ لایەنێکەوە نەبوو و لە ئاماکدا پەنایان بۆ کۆچکردن برد، وەک چۆن کە ئامارەکان پیشان دەدات لە هەر 10 ئەفغانی کە ویستی کۆچکردنیان لە وڵاتی خۆیان هەبووە، یەک کەس گیان لە دەست دەدات.

لە بەرامبەر ئەو کەلێنەی کەوتبووە نێوان حکومەت و گەلی ئەفغانستان، تاڵیبان بە ڕێکخستنەوەی دووبارەی لە ژێر سەرکردایەتی یەک کەسدا، توانی خۆی لە ڕووی مەزهەبی و سیاسییەوە بەهێز بکات.

لە کاتێکدا کە تاڵیبان لە بەرەکانی شەڕ هێزی خۆیی پیشان دەدا، چینی نوخبەی دەسەڵاتداری ئەفغانستان کە خۆیان بە موجاهید و تێکۆشەر ناو دەبرد، سەرقاڵی ژیانی ئاسوودە و شاهانەی خۆیان بوون، ئەم شێوازەی ژیانی ئەوان و لادانیان لە بەها ئەخلاقی و ئائینییەکان بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن خەڵکی ئەفغانستانەوە باس دەکرا.

دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی تاڵیبان لەو کاتەوە کە لە دەسەڵات دوورکەوتەوە، نەپچڕا، بەڵکوو هەندێک ڕاپۆرت باس لەوە دەکەن کە تەنانەت داهاتی تاڵیبان ڕووی لە زیادبوونیش کرد، چ لە ڕێگای وەرگرتنی باج لە هیندستان و پاکستان و گەیشتن بە داراییەک لەوانەوە، یان لە ڕێگای تۆڕی گەورەی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی عەرەب لە قەتەر، سعوودیە و ئیمارات کە پاڵپشتییان لە تاڵیبان دەکرد و لەم ڕێگایەدا تەنانەت لە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانیشەوە بەردەوام بوون. بەم دواییانە بەرپرسانی ئەفغانستان جەختیان لەوە دەکردەوە کە تاڵیبان بە بەردەوامی پارەی لە ئەمریکاوە پێدەگەیشت و پارەکە لە لایەن زاڵمای خەلیلزاد، نێردەی تایبەتی واشنتن بۆ کاروباری ئەفغانستان، دەخرایە سەر حسێبێکی بانکی لە پایتەختی قەتەر.

لە کاتێکدا کە ئەشرەف غەنی بە پاڵپشتییەکانی ئەمریکا، درێژەی بە دوژمنایەتی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدا، تاڵیبان لە ساڵانی ڕابردوو پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بە تایبەت ڕووسیا و پاکستان بەهێز کرد. بەدەر لەوەش پەیوەندییەکانی تاڵیبان لە گەڵ هیندستان و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی لە ئاستێکی باشدایە و هەندێک ڕاپۆرتیش ئاماژەیان بەوە داوە کە تەنانەت تاڵیبان شاندی نوێنەرانی خۆیی ناردووەتە یەکێتی ئەورووپا و ئۆسترالیا.

دانوستانەکانی دەوحە لە نێوان تاڵیبان و ئەمریکا بە بۆچوونی ژمارەیەک لە شارەزایانی کاروباری ئەفغانستان، بەردی بناغەی ڕووداوەکانی 15 ی ئابی 2021 ی دابین کرد. هەرچەندە ناوەڕۆک و ئامانجی دانوستانەکان ڕەنگە لە قۆناغەکانی دواتر بڵاو ببنەوە تا جیهان لە ڕووداوەکانی ئەفغانستان زیاتر تووشی سەرسوڕمان ببێت.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئەفغانستان، تاڵیبان و ئەمریکییەکان بە چاودێری قەتەر لە ساڵی ڕابردوو گەیشتنە لێک تێگەیشتنی ستراتیژی سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوانیان. ئەو لێک تێگەیشتن و ڕێکەوتنە سێ بابەتی سەرەکیی لە خۆ دەگرت: دابینکردنی ئاسایشی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان، دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ئەوەی کە ئەمریکا لە پاش کشانەوەی لە ئەفغانستان دەستێوەردانی لە شێوازی حکومەتی ئەو وڵاتە نەبێت.

شرۆڤەکاران و شارەزایانی کاروباری ئەفغانستان پێیان وایە کە تاڵیبان لە ساڵانی ڕابردوو لە گەیاندنی پەیامێک بە کۆمەڵگا سەرکەوتوو بوو کە پێداچوونەوەی بە تێڕوانین و سیاسەتەکانیدا کردووە، لە کاتێکدا کە حکومەتی کابوڵ شانازیی بە نزیکبوونەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەکرد، تاڵیبان خۆیی بە هێزێکی نیشتمانی دەناساند. بەدەر لەمەش، لە هەلومەرجێکدا کە تاڵیبان خۆیی لە گرووپەکانی دیکەی ئەفغانستان نزیک دەکردەوە، حکومەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە خەڵک دوور دەبوویەوە.

سەرچاوە: جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *