تورکیا لە سوریا، عێراق و ئەفغانستان چی دەوێت؟

شەممە 31 ته‌مموز 2021 - 15:45
https://kurdish.iswnews.com/?p=3000

وەزیری ناوخۆی تورکیا سەردانی عەفرین و ئەعزازی سوریا کردووە، ئەردۆغان باس لە کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ لە ئەفغانستان دەکات، هێزی ئاسمانی تورکیاش بەردەوامە لە بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان.

لە کاتێکدا کە داگیرکاریی تورکیا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئاسایی بووەتەوە، ئەنکەرە سیاسەتی بە تورککردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و گرووپە تیرۆریستییەکانی پەیرەو دەکات. لە بوونی کۆمپانیاکانی کەرتی پەیوەندییەکانی تورکیا تا گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی وانەی قوتابخانەکان، کردنەوەی نەخۆشخانەکان، درووستکردنی ڕێگاوبان و …. گوزارشت لەوە دەکات کە تورکیا بە بیانووی نەهێشتنی هەڕەشەی کوردانی سوریا پێداگری لە سەر مانەوە لەم وڵاتە و زاڵبوونی هەمیشەیی بە سەر جوگرافیای ناوچەکە دەکات. ئەڵبەت تورکیا ساڵانێکە هەوڵ دەدات ئەم سیاسەتەی لە سوریا جێبەجێ بکات.

سەردانەکەی ئەم دواییەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا پیشاندەری ئەوەیە کە ئەم وڵاتە لە ئێستادا ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زوڵم و زۆری هێزەکانی تورکیا خەڵکی ئەم ناوچانەی سوریای وەڕەز کردووە. پچڕانی هێڵەکانی ئاو بە ڕووی حەشیمەتێکی یەک ملیۆن کەسی لە حەسەکە بە نموونەیەکی هەرە ڕوونی ئەو زوڵمەی سوپای تورک دادەنرێت.

تورکیا دەیەوێت سیاسەتی بە تورککردنی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا بە خێرایی جێبەجێ بکات، چ بە ڕەزامەندی خەڵکی سوریا بێت یان لە ڕێگای سەپاندنی زۆر و گوشارەوە. هاوکات لە گەڵ ئەمەش گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە تورکیا سەرقاڵی شەڕی دژ بە حکومەتی سوریان.

ئەم سیاسەتەی تورکیا بە شێوازێکی دیکە لە باکوری عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. تورکیا بە بیانووی هەڕەشەکانی پەکەکە هاتووەتە ناو خاکی هەرێم و بەردەوام ناوچە سنورییەکانیش لە ڕێگای هێزی ئاسمانییەوە بۆردومان دەکات.

تورکیا لەو هێرشانەدا پشت بە ڕێکەوتنێکی سەردەمی سەدام دەبەستێت کە ڕێگای بە ئەنکەرە داوە لە خاکی عێراقدا شەڕی دژ بەو هۆکارانە بکات کە بوونەتە مەترسی لە سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی. خاڵی لاوازی حکومەتی عێراق ئەوەیە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین دەیە بە سەر ئەو ڕێکەوتنە و لە هەمووش گرنگتر ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدام، هیچ ئیرادەیەکی بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنەکە نییە.

چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە کە تورکیا لە عێراقیش وەک سوریا هەوڵ دەدات بە درێژایی سنورە هاوبەشەکان لە نێوان 30 تا 50 کیلۆمەتر لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی هەمیشەیی خۆی و وەک بەشێک لە خاکی خۆی مامەڵەی لە گەڵدا بکات. ئەنکەرە بەو گرێبەستە نەوتییەی لە گەڵ حکومەتی هەرێم، وایکردووە کە دەسەڵاتدارانی هەولێر لە بەرامبەر ئەو دەسدرێژییە ئاشکرا و بۆردومانە بەردەوامەدا بێدەنگ بن.

لە ئەفغانستانیش سەرەڕای ئەوەی کە گرووپی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە وەک وڵاتێکی داگیرکار مامەڵە لە گەڵ هێزەکانی تورکیا لە ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ دەکات و بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەی داوە، بەڵام ئەنکەرە و ئەردۆغان پێداگری لەوە دەکەن کە ئەو ئەرکە دەگرنە ئەستۆ.

ئەگەرچی تورکیا لە چەندین ناوچە بوونی جیدیی هەیە بەڵام پێدەچێت حەز و خواستی دەسەڵاتدارانی بۆ بەرفراوانکردنی پێگە و دەستڕۆیشتوویی خۆی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و دەتوانێت کارەساتی گەورەشی بە دواوە بێت. بە تایبەت ئەوەی کە حکومەتی تورکیا لەم ڕۆژانەدا سەرقاڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی خۆیە لە گەڵ هەر سێ ڕژێمی سعوودیە، میسر و ئیسرائیل.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *