کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە پاش ٧ ساڵ / هەر دوو وڵات ڕاگەێندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

پێنجشەممە 6 نیسان 2023 - 13:25
https://kurdish.iswnews.com/?p=23944

کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاشایەتی سعوودیە لە پاش ٧ ساڵ پچڕانی پەیوەندییەکان، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٦ ی نیسان لە شاری پەکین بەڕێوەچوو.

حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە شاری پەکین کۆبوونەوە.

وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات لەو کۆبوونەوەدا جەختیان لە سەر دەستپێکردنەوەی فەرمی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەنگاوی کرداری لە پێناو کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و کۆنسوڵخانەکان کردەوە و سەبارەت بە چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیداریش بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعوودیە لە پاش ٧ ساڵ بووە.

لە پاش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاشایەتی سعوودیە لە چین، هەر دوو وڵات ڕاگەێندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەێندراوە هاوبەشە کە واژۆی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەی لە سەرە، هاتووە کە:

لە درێژەی بەیاننامەی سێقۆڵی هاوبەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، پاشایەتی سعوودیە و کۆماری گەلی چین (١٠ ی ئازاری ٢٠٢٣) سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە و هەروەها لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی نێوان هەر دوو وڵات بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و کۆنسووڵییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، کۆبوونەوەی نێوان حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی پاشایەتی سعوودیە لە ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢ ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە ٦ ی نیسان ی ٢٠٢٣ لە شاری پەکین بەڕێوەچوو.

هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی پەکین لە پێناو پەرەپێدانی بەستێنی هاوکارییەکان و مسۆگەرکردنی متمانەی نێوانیان کردەوە بە شێوازێک کە یارمەتیدەری دابینکردنی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەی ناوچەکە بێت.

هەر دوو لا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی هاوکاری ئەمنی نێوان هەر دوو وڵات (١٧ ی ٤ ی ٢٠٠١) و ڕێکەوتنی گشتی هاوکاری لە بواری ئابوری، بازرگانی، سەرمایەگوزاری، تەکنۆلۆژیا، زانست، ڕۆشنبیری، وەرزش و گەنجان کردەوە کە لە بەرواری ٢٧ ی ٥ ی ١٩٩٨ لە نێوان تاران و ڕیاز واژۆی لە سەر کراوە.

هەر دوو لا ڕێکەوتن کە نوێنەرایەتییەکانیان لە ماوەی دیاریکراودا بکرێتەوە و هەنگاوی کرداری بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکان لە تاران و ڕیاز و کۆنسووڵخانەکان لە مەشهەد و جەدە بگیرێتەبەر.

ئێران و سعوودیە لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە هاوئاهەنگی پێویست لە نێوان هەر دوو لا لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە تایبەت دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، سەردانی بەرامبەری شاندە فەرمییەکان و کەرتی تایبەت، ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤێزە بە هاووڵاتیان بە تایبەت بۆ حەجی عەمرە هەبێت.

هەر دوو لا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.

ئێران و سعوودیە بە بۆنەی ئەم ڕێکەوتن و پێشوازییەوە دەستخۆشییان لە کۆماری چین کرد. هەروەها سوپاسی سویسراش کرا بە بۆنەی هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و سعوودیە.

فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە بانگهێشتی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد بۆ ڕیاز و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دووقۆڵی.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیەی کرد بۆ تاران و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دووقۆڵی.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *