کۆنترۆڵی کونسوڵخانەی ئەفغانستان لە شاری خاروغ ڕادەستی تاڵیبان کرا

یەکشەممە 2 نیسان 2023 - 10:42
https://kurdish.iswnews.com/?p=23901

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ نوێنەرانی حکومەتی تاڵیبان کۆنترۆڵی کونسوڵخانەی ئەفغانستانیان لە شاری خاروغی ناوەندی پارێزگای بەدەخشانی تاجیکستان گرتە دەست.

وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان دوای کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی کونسوڵخانەی ئەفغانستان لە شاری خاروغی ناوەندی پارێزگای بەدەخشان لە باشووری تاجیکستان، کاروباری کونسوڵخانەکەی گرتە دەست.

پێش ئەمەش شاندێکی بەرپرسانی تاڵیبان بە سەرۆکایەتی محەممەد موسا ئەمیری، سەرۆکی بەشی دارایی و کارگێڕی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان، سەردانی کونسوڵخانەی ئەفغانستانیان لە شاری خاروغ کرد و لەگەڵ بەرپرسانی سەبارەت بە هاوکاری هاوبەش، گواستنەوەی دیپلۆماتکارانی تاڵیبان لە کونسوڵخانەکە، و چاککردنەوەی بینای کونسوڵخانەکە گفتوگۆیان کردبوو. لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم نوێنەرایەتییە پاسپۆرتی ئەفغانی و بڕوانامەی لەدایکبوونی بۆ داواکاران دەرکردووە و فەرمانبەرەکانیشی لە دوو مانگی رابردوو مووچەکانیان لە حکومەتی تاڵیبان وەرگرتووە.

بە پێچەوانەی ئەم پرسە، محەممەد زاهیر ئەغبەر، باڵیۆزی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان لە تاجیکستان، تا ئێستاش بەرپرسی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیە لە شاری دوشەنبێ و بە یەکێک لە لایەنگرانی ئەحمەد مەسعود و بەرەی خۆڕاگری نیشتمانی ئەفغانستان دادەنرێت. تا ئێستا ئەغبەر ئامادە نەبووە هاوکاری و باڵیۆزخانەی ئەفغانستان ڕادەستی حکومەتی تاڵیبان بکات و دژایەتی سیاسەت و فەرمانەکانی ئەم گروپەی کردووە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان فەرمانی دەرکردنی بۆ ئەغبەر دەرکردووە، بەڵام ناوبراو بە پاڵپشتی حکومەتی تاجیکستان و ئەمریکا پابەند نەبوو بەو فەرمانە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *