هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا؛ پێنج سەربازی سوری بریندار بوون

یەکشەممە 2 نیسان 2023 - 09:22
https://kurdish.iswnews.com/?p=23895

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی چەند ئامانجێک لە پارێزگای حومسی سوریا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج سەربازی سوری بریندار بوون.

بەپێی سەرچاوەیەکی سەربازیی سوریا، “نزیکەی کاتژمێر ٠٠:٣٥ی یەکشەممە، ڕژێمی زایۆنیستی بە چەند موشەکێک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەیرووتی لوبنانەوە هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لە شاری حومس و دەوروبەری کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا توانی زۆربەی ئەو مووشەکانە بخاتە خوارەوە. ئەم هێرشە بووە هۆی برینداربوونی پێنج سەرباز و ڕوودانی زیانی ماددی.”

وردەکاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دەوترێت پێگەکانی سوپای سوریا لە “بنکەی ئاسمانی شەعیرات” و “فڕۆکەخانەی سەربازی تیفور (T4)” لە پارێزگای حومس لە ئامانجەکانی ئەم هێرشە بوون.

ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، سێیەمین هێرشی ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ سەر خاکی ئەم وڵاتە لە ماوەی ٩٦ کاتژمێری ڕابردوودا. هەروەها ئەمە شەشەمین هێرشی ڕژێمی ئیسرائیلە بۆ سەر سوریا دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ئەم دواییەی سوریا.

شایانی باسە، کاتژمێر ٠٠:١٧ی ڕۆژی هەینی، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژیمی ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی دیمەشق کرد و لە ئەنجامدا یەکێک لە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران شەهید بوو.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *