خۆپیشاندانەکان لە دژی ناتانیاهو بەردەوامە

پێنجشەممە 23 ئازار 2023 - 20:03
https://kurdish.iswnews.com/?p=23721

لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین لە “رۆژی نادیدەگرتنی مەدەنی”، ژمارەیەک خۆپیشاندان لە دژی هەوڵەکانی کابینەی بێنیامین ناتانیاهو بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی یاسادانان ئەنجامدران.

لە کاتێکدا هەوڵەکانی حکوومەتی ئیسرائیل هەنگاو هەنگاو بەرەو پێش دەچێت بۆ تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان لە پەرلەمان کە مشتومڕی لێ کەوتووەتەوە، تا دێت خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئەوانە لە سەرتاسەری ئیسرائیل زیاتر تەشەنە دەسێنێت کە زیاتر لە ١٢ هەفتەیە دەستیان پێ کردووە و ئەمە “بە دەستوەردانە ناو کاروباری دادوەریی” لەقەڵەم دەدەن.

رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان پێشتر خۆپیشاندەرانیان ئاگادار کردبوویەوە لە چالاکییەکانی ئەمڕۆ و بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری ئیسرائیل بە تایبەت لە تەل ئەبیبی پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران لە تەل ئەبیب ئاڵای ئیسرائیلیان بەرزکردبوویەوە و بە دەم گوتنەوەی دروشمی “دیموکراسی”، چوونە ناوچەی خۆپیشاندانەکان.

مشتومڕەکان لەسەر “چاکسازی دادوەریی”

لە پێنجی کانوونی دووەمدا وەزیری دادی ئیسرائیل، یاریڤ لێڤین ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە پلانیان بۆ “چاکسازییەکی دادوەریی” داناوە کە دەسەڵاتەکانی دادگای باڵا سنووردار دەکات و کاریگەرییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەڵبژاردنی دادوەراندا کەم دەکاتەوە.

هەوڵەکانی حکوومەتی هاوپەیمانی ئیسرائیل کە ناتانیاهو سەرۆکایەتی دەکات، بۆ گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ پەرلەمان، بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەریی ئیسرائیل.

دادگای باڵای ئیسرائیل کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە بە پاساوی دژایەتیکردنی دەستوور ئەو یاسایانە رەتبکاتەوە کە لە پەرلەمانەوە دەردەچن.

حکوومەتەکەی ناتانیاهو لەو چاکسازییە دادوەرییەی خستوویەتییەڕوو، پێشنیاز دەکات دەسەڵاتی رەتکردنەوەی ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەچن لە دادگای باڵا بسەندرێتەوە.

ئەم چاکسازییەش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی سنووردار دەکات و دەسەڵاتی زیاتر دەخاتە بەردەست حکوومەتی ئیسرائیل، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە.

ئانادۆڵو

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *