پێکدادان لەسەر سنووری ئەرمینیا و نەخچیڤان؛ سەربازێکی ئەرمەنی کوژرا

پێنجشەممە 23 ئازار 2023 - 12:29
https://kurdish.iswnews.com/?p=23702

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەربازێکی سوپای ئەرمینیا لە سنووری کۆماری خۆسەری نەخچیڤان بە تەقەی هێزەکانی ئازەربایجان گیانی لەدەست دا.

وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا پێشێلکردنی ئاگربەستی سنووری نەخچیڤان و گیانلەدەستدانی یەکێک لە سەربازەکانی ڕاگەیاند. بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا، ئێوارەی ٢٢ی ئازار، هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان لەسەر سنووری کۆماری خۆسەری نەخچیڤان تەقەیان لە پێگەکانی سوپای ئەرمینیا لە نزیک شارۆچکەی یەراسخ کردووە.

ئارشاک سارکیسیان، سەربازێکی یەکەی نۆی سوپای ئەرمینیا، نزیکەی کاتژمێر ١٦:٢٠ بەکاتی ناوخۆ، بە فیشەکێک بریندار بوو و لە کۆتاییدا بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر چۆنیەتی ئەم پێکدادانە بڵاونەکراوەتەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی رابردووش لە قەرەباغ هێزەکانی کۆماری ئازەربایجان تەقەیان لە ژمارەیەک کرێکاری ناوچەی خۆجاوەند کرد.

هەروەها وێنەی ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا بڵاوکراوەتەوە، کە چەند فیشەکێک بەرکەوتووە. ئێوارەی ڕۆژی ٢١ی ئازار، دوو سەربازی ڕووسی کە برینێکی سووکیان هەبوو، ڕەوانەی سەنتەری پزیشکی گۆریس لە ناوچەی سیڤنیکی ئەرمینیا کران.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جموجۆڵی گوماناوی و ململانێکانی ناوبەناو لە ناوچەی قەفقازدا زیادی کردووە. پێدەچێت ئەم زیادبوونی گرژی و ململانێکان بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ و سەرتاسەری لە قەفقاز بێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *