١٦ی ئازاری هەڵەبجە؛ ڕۆژێک بۆ ڕیسوابوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا

هه‌ینی 17 ئازار 2023 - 11:32
https://kurdish.iswnews.com/?p=23635

بە تێپەڕبوونی 35 ساڵ بە سەر تاوانە دژە مرۆییەکەی ڕژێمی بەعسی سەدام لە هەڵەبجە، هێشتا ئەم زامە ساڕێژ نەبووە، تاوانێک کە بە تەنیایی لە لایەن سەدامەوە نەکراوە بەڵکوو هاندان و پڕچەککردنی لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە کرا.

تاوانە هاوبەشەکەی سەدام و وڵاتانی بە ناو لایەنگری مافی مرۆڤ لە دژی دانیشتووانی هەڵەبجە کە قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە و کاریگەرییەکانی هێشتا لە سەر جەستە و دەروونی خەڵکەکەی ماوەتەوە، تەنیا یەک هۆکار و ئەنجامدەری نەبووە و بە وردبینییەوە دەتوانین بەوە بگەین کە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواش بە شێوازێک دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە، ئەو کوشتارە گەورەی کە سەدام و لایەنگرانی هەوڵی شاردنەوەیان دەدا.

ئەڵبەت تەنیا هەڵەبجە نەبووە قوربانیی ئەم تاوانەی سەدام و هاوبەشەکانی، بەڵکوو پێش ئەوەش شارەکانی سەردەشت، پیرانشار و ناوچەکانی وەک دوورگەی مەجنون و فاو لە بەرەکانی شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراو لە دژی ئێران، بۆردومان کران و لەم تاوانە گەورەی بێبەش نەبوون. پێداگری سەدام و بەردەوامبوونی لەم تاوانانە بە هۆی ئەوە بوو کە ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئەو تاوانانە بێدەنگ بوون.

هەروەها ئەم تاوانە بە تەنیا تاوانی گەورەی سەدام لە دژی کوردانی عێراق هەژمار ناکرێت، بەڵکوو ئەو ڕژێمە دڕندەیە لە تاوانێکی دیکەدا بە ناوی ئەنفال نزیکەی 200 هەزار کوردی عێراقی کردە ئامانج و بە یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژوو دادەنرێت.

ڕژێمی سەدام کە خەڵکی بێ تاوانی عێراق و ئێرانی دەکردە قوربانی، نەیدەزانی کە ناکرێت دڵی بە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆش بێت و نەخشەی زۆریان بۆی هەیە تا دەستبەجێ پاش ئەوەی کە سەدام دەبێتە کارتە سووتاوەکەیان، فڕێی دەدەنە زبڵدانی مێژوو، ئەو وڵاتانەی کە سەرەتا بە هەموو شێوازێکی سەربازی و سیاسی پاڵپشتییان لە سەدام کرد و پاشان بە هۆی هەبوونی ئەو چەکانەی کە خۆیان سەردەمێک بە ڕژێمی بەعسیان دابوو، دەسەڵاتەکەیان ڕووخاند.

وڵاتانی ئەورووپی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە تاوان و لەناوبردنی وڵاتانی جیهان هاوشێوەی عێراق دەستیان هەیە، سەرەتا ئەو وڵاتانە پڕ چەک دەکەن، بازاڕی فرۆشتنی چەکەکانیان دابین دەکەن تا لە ڕێگای فرۆشتنی چەکەکانەوە داهاتی ئەو وڵاتانە ببەن و پاش شەڕ و کاولکارییەوە خۆیان دەکەنە لایەنگری مافی مرۆڤ و لە بەرگ و ڕواڵەتێکی دیکەدا دێنەوە هەمان وڵاتان.

خیانەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنیا لەوەدا نەبووە و عێراق پاش چەندین ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە داگیر کرا. چارەنووسی سەدام لە سەرەتاوە تا لەسێدارەدان لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە نووسرا، ئەو دیکتاتۆرەی کە سەرەتا پڕچەکیان کرد و ئەو هەموو تاوانەی لە بێدەنگی ئەوان و پاڵپشتییەکانیان کرد و پاشان بۆ ئەوەی کە خۆیان وەک لایەنگری مافی مرۆڤ پیشان بدەن دەسەڵاتەکەی سەدامیان ڕووخاند و خۆیان وەک ڕزگارکەری عێراق و خەڵکەکەی ناساند.

ئەو وڵاتانەی کە لە شەڕی هەشت ساڵەدا هەموو ڕێگایەکیان بە ڕووی ئێراندا داخستبوو، بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان هەموو جۆرە چەک و پێداویستییەکیان دەدایە ڕژێمی سەدام و ڕژێمی بەعسیان بۆ خوڵقاندنی گەورەترین تاوان لە دژی خەڵک و مرۆڤایەتی هاندا.

ئەم سیاسەتە دووفاقییە هەرچەندە یەکێک لە قوربانییەکانی گەلانی ئێران و عێراق بوون، بەڵام تەنیا قوربانییەکەی نەبوون، دەتوانین ئەم سیاسەتەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە فەڵەستین بە هەمان شێوە ببینین، ئەو شوێنەی کە هیچ ئیدانەکردن و هەنگاوێک لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا ناکرێت بەڵام بچووکترین کردەوەیەک لە دژی زایۆنیستەکان دەبێتە مانشێتی یەکەمی میدیا جیهانییەکان.

ئەو ئامارانەی کە سەبارەت بە کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە بڵاو بووەتەوە، هێشتا جێی دڵنیایی نین و زۆربەی شارەزایان لەو بڕوایەدان کە ژمارەی قوربانییەکان لەوە زیاترە کە باس کراوە، لە بەر ئەوەی کە ساڵانێک پاشا ئەو کارەساتەش هێشتا بەرکەوتووانی بۆردومانەکە بە هۆی ئێش و ئازارەوە گیان لە دەست دەدەن.

لە حکومەتی ئەمریکا کە کارنامەیەکی ڕەشی لە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان بە چەکە کۆمەڵکوژەکان هەیە، دوور نەبوو کە حکومەتەکەی سەدامیش بەو جۆرە چەکانە بەهێز بکات و بە هەموو پاڵپشتییەک بۆ خوڵقاندنی تاوانەکان یارمەتیدەری بێت. بێدەنگی و هاوکاری، دوو ئامرازی ئەمریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی سەدام بووە. چەندین نموونەی دیکەش وەک بۆردومانەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی لە ژاپۆن و ڤێتنام لە لاپەڕەکانی کتێبە گەورەکەی تاوانەکانی ئەمریکا لە دژی مرۆڤایەتی دەبینرێت.

لە وڵاتانی ئەورووپیش ناوی ئەڵمانیا وەک وڵاتێک کە ڕۆڵی لە گەیشتنی ڕژێمەکەی سەدام بە چەکی کۆمەڵکوژ هەبووە، بڵاو بووەتەوە، ئەڵمانیا بەدەر لە کارنامە ڕەشەکەی لە شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی، لە شەڕی ڤێتنام بە هەمان شێوە فرۆشیاری چەکی کیمیایی بە ئەمریکا بووە و لە شەڕی هەشت ساڵەی سەپێندراوی سەدامیش لە دژی ئێران بە هەمان شێوە ئەو چەکانەی بۆی دابین کرد، لە تاوانەکەی هەڵەبجەشدا ئەڵمانیا و وڵاتانی وەک بەریتانیا هاوبەشی سەدامن.

خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە کە خۆیان دەستیان لە دەیان تاوان و کۆمەڵکوژی گەورە لە جیهاندا هەبووە و هەر ئێستاش بەردەوامە، نیگەرانی ئاشتی و ئاسایشی جیهانن و بە ناو وەک بەرگری لە مافی مرۆڤ لە دژی وڵاتانی دیکە بڕیار دەدەن.

16 ی ئازار وەک ساڵیادی بۆردومانە کیمیاییەکەی هەڵەبجە بووەتە ڕۆژێک بۆ ڕیسوابوونی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا، ڕۆژێک کە وەبیرهێنەری تاوان و دڕندەیی ئەوانەیە کە ئێستا خۆیان بە ناو لایەنگری مافی مرۆڤ دەناسێنن.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *