پارێزگاری تاڵیبان لە بەلخ بووە قوربانی هێرشێکی خۆکوژی

پێنجشەممە 9 ئازار 2023 - 15:44
https://kurdish.iswnews.com/?p=23545

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی کەسێکی نەناسراو لە کۆبوونەوەیەکی پارێزگای بەلخ، ١٠ ئەندامی باڵای تاڵیبان کوژران و برینداربوون.

لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی کەسێکی نەناسراو (پێدەچێت داعش) لە کۆبوونەوەیەکی پارێزگای بەلخ لە مەزار شەریفی ناوەندی ئەم پارێزگایە، سێ کەس لەنێویاندا مەلا داود مزمل ئاخوند، پارێزگاری تاڵیبان لە بەلخ کوژران و حەوت کەسیش لەوانە مەولوی نورلهادی ئەبو ئیدریس جێگری پارێزگار بریندار بوون.

“محەممەد ئاسیف وەزیری” وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای بەلخ، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩ی ئازار، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە بینای پارێزگای بەلخ ڕوویدا و سێ کەس لەنێویاندا مەلا داود مزمل ئاخوند، پارێزگاری بەلخ کوژران و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون.

مەلا داود مزمل ئاخوند خەڵکی پارێزگای هێلمەند و ئەندامی سەرەکی ئەنجومەنی هێلمەندی گروپی تاڵیبان بوو. ناوبراو بە یەکەم پارێزگاری تاڵیبان لە ئەفغانستان دادەنرا و یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی تاڵیبان لە باکووری ئەم وڵاتە.

تا ئێستا هیچ تاک و گروپێک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بەو پێیەی زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، ئەنجامدەرانی ئەم هێرشەی بە “خەواریج” بە دوژمنی ئیسلام ناوبردووە، ئەگەری زۆرە ئەم هێرشە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرابێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *