پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و ئیمارات

شەممە 4 ئازار 2023 - 09:31
https://kurdish.iswnews.com/?p=23489

گۆڤاری ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و ئیماراتی لە سەر چەندین دۆسیەی وەک یەمەن، نەوت و وەبەرهێنانی بیانی ئاشکرا کردووە.

گۆڤاری ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو ئەبوزەبی میوانداری لە بەرپرسانی باڵای ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە محەممەد بن سەلمان ئامادەی نەبوو، لە لایەکی دیکەوە محەممەد بن زاید سەرۆکی ئیماراتیش بە هەمان شێوە لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و چین لە ڕیاز بەشداری نەکرد.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ناکۆکییەکان لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکانەوە دەستیپێکردووە و بەرە بەرە ئاشکرا بووە و ئەنجامەکەشی ڕەنگە بگاتە گۆڕانکاری لە هاوپەیمانییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس، هاوکات لە گەڵ هەوڵەکانی ئێران بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بەم گۆڤارەیان ڕاگەیاندووە کە تەحنون بن زاید ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات کە بە کەسێکی نزیک لە جێنشینی سعوودیە دادەنرێت، لەم ماوەیەدا چەندین جار بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکییەکانی هەر دوو وڵات سەردانی ڕیازی کردووە بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە لە گەڵ محەممەد بن سەلمان کۆببێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ، زۆربەی ناکۆکییەکانی سعوودیە و ئیمارات لە سەر یەمەنە کە ئەم دوو وڵاتە بە تەنیا لە هاوپەیمانی عەرەبی بۆ شەڕی دژ بە یەمەن ماونەتەوە. ئیمارات لە ساڵی 2019 هێزەکانی لە یەمەن کشاندەوە بەڵام بەردەوام نیگەرانە کە لەم دۆسیەدا پەراوێز بخرێت بە تایبەت ئەوەی کە سعوودیە بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە دانوستانی ڕاستەوخۆی لە گەڵ بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن دەستپێکردووە.

ئامانجی ئیمارات ئەوەیە کە شوێن پێی خۆی لە کەناراوەکانی باشوری یەمەن بپارێزێت و بتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆی بە سەر دەریای سور بهێڵیتەوە. لەم پێناوەدا گرێبەستێکی لە گەڵ حکومەتی نزیک لە سعوودیە لە یەمەن واژۆ کرد تا لە ئەگەری هەڕەشەیەکی بەپەلە، بتوانێت هێزەکانی بهێنێتە خاکی یەمەن و بەردەوام بتوانێت بنکەیەکی سەربازی لە نزیک گەروی بابولمەندەب بکاتەوە.

سەرچاوەکانی ئەو گۆڤارە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم ڕێکەوتنە بووەتە هۆی توڕەیی سعوودیە و لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە یەمەن دەیزانێت و بەم بۆنەوە بەکرێگیراوەکانی خۆیی لە نزیک پێگەکانی ئیمارات جێگیر کردووە.

ناکۆکییەکی دیکەی ئیمارات و سعوودیە بۆ پشکی هەر دوو وڵات لە ڕێکخراوی ئۆپێک دەگەرێتەوە کە بە پێی ئەوەش ئیمارات بە ناچار دەبێت ڕێژەیەکی کەمتر لە توانای وەبەرهێنانی نەوت، لە بازاڕە جیهانییەکاندا بفرۆشێت. ئەمەش پێشتر ناڕەزایەتی ئاشکرای ئیمارات و کاردانەوەی توندی سعوودیەی بە دواوە بووە و لە ئێستادا باس لە ئەگەری کشانەوەی ئیمارات لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە ئاشتی سعوودیە لە گەڵ قەتەر لە ساڵی 2021 و هەوڵەکانی ڕیاز بۆ داخستنی ئەم دۆسیەیە کە ئیمارات داڕێژەری سزا و گەمارۆکانی قەتەر بووە، بەرپرسانی ئیماراتی نیگەران کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیمارات بە گومانەوە لە هەوڵەکانی سعوودیە بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان و کردنەوەی نووسینگەی ئەوان و وەبەرهێنانی هاوبەش لەم وڵاتە دەڕوانن و بە هەوڵێکی بن سەلمان بۆ لاوازکردنی پێگەی دۆبەی وەک ناوەندێکی بازرگانیی جیهانی لە ناوچەکە ناوی دەبەن.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *