بۆ یەکەم جار حکومەتی ناگۆرنور – قەرەباغ و باکۆ کۆبوونەوە

هه‌ینی 3 ئازار 2023 - 12:33
https://kurdish.iswnews.com/?p=23481

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام: بەرپرسانی حکومەتی دیفاکتۆی ئەرمەنی لە ناگۆرنور – قەرەباغ بۆ یەکەمجار لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کۆماری ئازەربایجان کۆبوونەوە.

ڕادیوی ئازادی ئەرمەنی دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ناگۆرنور – قەرەباغ و بەرپرسانی ئازەربایجانی ڕاگەیاند و وتی بەرپرسانی ئەرمەنی لە شاری ستێپاناکێرت (خانکەندی) ئەم بابەتەیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە بەرپرسانی ئازەربایجان تائێستا ئەمەیان پشتڕاست نەکردوەتەوە و خۆیان لە راگەیاندنی بە دوور گرتووە.

ئارامایس ئاقابیکیان، پەرلەمانتاری پارتی نیشتیمانی ئازاد بە رادیۆ ئازادی وتی: “ئەم دیدارە چاوەڕواننەکراو نەبوو و لەم دانوستانەدا باس لە کێشە تەکنیکییەکان کراوە. کێشە سیاسی و ئەمنییەکان هیچ شوێنێکیان لەم کۆبوونەوەیەدا نەبووە.”

هیچ وردەکارییەکی تری گفتوگۆکان و شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە.

وەک دەوترێت پێشمەرجی سەردانەکە مەرجی ئازەربایجان بۆ لابردنی ڕوبێن ڤاردانیان وەزیری ناوخۆی حکومەتی ئەرمەنی ناگۆرنور – قەرەباغ (ئارتساخ) بووە. حکومەتی باکۆ و ئیلهام عەلیێڤ ئەم داواکارییەیان چەندین جار لەڕێگەی نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیاوە گەیاندوەتە دەسەڵاتدارانی ئەرمەنی ناگۆرنور – قەرەباغ. هەروەها بەپێی پێشبینیەکان ئەرمینیا ڕۆڵی نێوەندگیری هەبووە و حکومەتی ئیلهام عەلیێڤیش لەبەرامبەر فشارەکانی ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا نەرمی نواندووە.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو ئارایک هاروتونیان سەرۆکی حکومەتی دیفاکتۆی ئەرمەنی ناگۆرنو-قەرەباغ ناسراو بە ئارتساخ، فەرمانی دوورخستنەوەی ڕوبێن ڤاردانیان وەزیری ناوخۆی دەرکرد. ڤاردانیان ی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەرمینیا و فیدراسیۆنی ڕووسیا ساڵی رابردوو بۆ قەرەباغ گەرایەوە و دەستبەرداری ڕەگەزنامە ڕووسیەکەی بوو. وەک دەوترێت ڤاردیانیان بڕیار بوو پرۆسەی پەیوەستبوونی ناگۆرنو-قەرەباغ بە فیدراسیۆنی ڕووسیا بەرەو پێش ببات.

لە ماوەی ٣٢ ساڵی رابردوو کە ئەرمەنییەکانی قەرەباغ و ناوچەی شاهومیان لە باکووری ئەم ناوچەیە ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا، دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان وێڕای هەڵوەشاندنەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی قەرەباغ لە دابەشکارییەکانی وڵاتدا، ڕەتیانکردەوە هیچ کۆبوونەوە و گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی ئەرمەنی ناسراو بە ئارتساخ ئەنجام بدەن، و لەسەر ئەم بنەمایە دانیان پێدا نەنا.

بەپێی شیکردنەوەی “هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام”، هەرچەندە ئارایک هاروتونیان سەرۆکی حکومەتی ئەرمەنی ئارتساخ کە دەسەڵاتی ناگۆرنو قەرەباغی بەدەستەوەیە، ناچار بووە ڕوبێن ڤاردیانیان لاببات، بەڵام ئیمتیازێکی بۆ ئەم ناوچەیە بەدەستهێناوە. دانوستانەکانی نێوان حکومەتی باکۆ و دەسەڵاتدارانی قەرەباغ پشتڕاستکردنەوە و داننان بە سەربەخۆی ناگۆرنو – قەرەباغە. هەروەها سەڕەرای دوورخستنەوەی ڕوبێن ڤاردیانیان، ناوبراو هێشتا لە ناوچەی قەرەباغ ئامادەیە و به هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و دابینکردنی ئاسایشی بەرپرسانی ئەرمەنی و پێداویستیەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە، هێشتا دەسەڵاتی سێبەری بەدەستەوەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *