دۆسیەی قورسی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان بۆ پەروێز موشەڕەف

چوارشەممە 1 ئازار 2023 - 12:56
https://kurdish.iswnews.com/?p=23429

عومەر میدیا، قۆڵی میدیایی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی حەوت خولەکیدا، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی پەروێز موشەڕەف، سەرۆکی پێشووی پاکستان لە سەردەمی حوکمڕانیەکەیدا دەکات و بە هۆکاری سەرەکی شەڕی بێکۆتایی پاکستان و کوشتنی هۆزە جیاوازەکان ناو دەبات.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP) ڕەخنە لە هاوکارییەکانی پەروێز موشەڕەف لەگەڵ ئەمریکییەکان لە شەڕی دژی تیرۆر دەگرێت و بەشێک لە کارەکانی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بەبیر دەهێنێتەوە.

ئەو کەیسانەی کە لەم ڤیدیۆیەدا ئیدانە کراون بریتین لە:
– هێرش بۆ سەر میرانشاهـ
– هێرش بۆ سەر وەزیرستانی باکوور
– هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی ئایینی لە باجور لە ساڵی ٢٠٠٥
– لەناوبردنی کۆمەڵگەی حەفسە لە ساڵی ٢٠٠٦
– ڕووداوی مزگەوتی لال (لعل) لە ساڵی ٢٠٠٦
– دیارنەمانی کەسانی جۆراوجۆر بەتایبەت لە بەلوچستان
– ڕووداوی دەستگیرکردنی دکتۆر عافیە صدیقی و ڕادەستکردنی بە ئەمریکییەکان

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا پەروێز موشەڕەف تۆمەتبار دەکرێت بەوەی خەڵکی پاکستانی هێناوەتە ناو شەڕێکی بێکۆتایی و هەروەها موجاهیدین و “کچی میللەت” (واتە عافیە صدیقی)ی لەبەرامبەر دۆلار بە ئەمریکا فرۆشتووە.
تەحریکی تاڵیبانی پاکستان لەم گرتە ڤیدیۆییەدا هەروەها پەروێز موشەڕەف بە کەسێک دەزانێت کە دەسەڵات و جلوبەرگی سەربازی خۆی بۆ پشتگوێخستنی ئیسلام و تەنانەت داب و نەریتی نەتەوەیی و خێڵەکی و ناوخۆیی و نیشتمانی بەکارهێناوە.
لەم گرتە ڤیدیۆییەدا موشەڕەف تۆمەتبارە بە بۆردومانی ئاسمانی خەڵک لە ناوچە هۆز نشینەکانی پاکستان، کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەسی بەلووچ و هەروەها زانایانی ئایینی وەک موفتی نیزامەدین شەمزئی و غازی عەبدولڕەشید.

تەحریکی تاڵیبان پەروێز موشەڕەف کە لەم دواییەدا کۆچی دوایی کرد، بە شکستخواردوو لە تاقیکردنەوە ئیلاهییەکان دەزانێت و گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێنەرێک پەخش دەکات کە ڕەتیدەکاتەوە دوعا بۆ گیانی موشەڕەف بکات. لە کۆتایی ڤیدیۆکەدا داوا لە بەرپرسانی پاکستان دەکرێت دەرس لە چارەنووسی پەروێز موشەڕەف وەربگرن و تەوبە بکەن.

پەروێز موشەڕەف سەرۆکی پێشووی پاکستان ڕۆژی یەکشەممە ٥ی شوباتی ئەمساڵدا لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. موشەڕەف دەیەمین سەرۆکی پاکستان بوو کە بە کودەتا هاتە سەر دەسەڵات و بۆ ماوەی ٩ ساڵ حوکمڕانی وڵاتی کرد.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *