ئەمیری ویلایەتی هیندستانی داعش لە شاری کابوڵ کوژرا

هه‌ینی 24 شوبات 2023 - 23:30
https://kurdish.iswnews.com/?p=23227

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی بەشی هەواڵگری تاڵیبان دژی حەشارگەی ئەندامە بیانییەکانی داعش لە شاری کابوڵ، لانیکەم ١٠ ئەندامی ئەم گرووپە لە نێویاندا ئەمیری ویلایەتی هیندستانی داعش کوژران.

لە میانەی ئۆپەراسیۆنی بەشی هەواڵگری تاڵیبان، دژی حەشارگەی داعش لە ناحیەی ٨ی شاری کابوڵ، ١٠ ئەندامی داعش لەوانە ئێعجاز حوسێن ئاهەنگەر ناسراو بە ” ئەبو عوسمان ئەلکشمیری”، ئەمیری داعش لە ویلایەتی هیندستان کوژران و ١٥ کەس دەستگیرکران کە ٥ ژن و ٩ منداڵیان تێدایە.

بەگوێرەی میدیاکانی تاڵیبان، ئەبو عوسمان ئەلکشمیری بەرپرسە لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پەرستگای هیندۆسەکان لە شاری کابوڵ و شاری جەلالئابادی ناوەندی پارێزگای نەنگەرهار. لەم هێرشە تیرۆریستیانەدا زیاتر لە ٣٠ هیندۆسی ئەفغانی کوژران و بریندار بوون.

ڕەنگە ئەبو عوسمان ئەلکشمیری یەکەم ئەمیری داعش لە ویلایەتی هیندستان بووبێت، کە پێشتر ئەندامی بزووتنەوەی موجاهدینی ئیسلامی (یان جوڵانەوەی ئەلموجاهدین) لە کشمیری پاکستان بووە. ناوبراو دوای ماوەیەک پەیوەندی بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کرد و لە ساڵی ٢٠١٥ بووەتە ئەندامی گروپی داعش و وەک ئەمیری داعش لە ویلایەتی هیندستان دەستنیشانکرا. ئەبو عوسمان دوای چوونی بۆ ئەفغانستان، هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەری یەکێک لە ئەندامانی کوژراوی ئەلقاعیدە کردووە و خاوەنی دوو کچە بە ناوەکانی سابرە و تووبا. لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەسەر بنەماڵەکەی لەبەردەستدا نییە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەو کەسانە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکرابن. ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی لە زیندانی هەواڵگری حکومەتی پێشووی ئەفغانستان زیندانی کرابوو کە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە و بە فەرمانی لێبوردنی گشتی تاڵیبان لە زیندان ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە هەواڵی کوژرانی ئەبو عوسمان ئەلکشمیری لەلایەن خوشکەکەیەوە کە لە هیندستان نیشتەجێیە، پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام میدیاکانی گرووپی تیرۆریستی داعش هیچ وردەکارییەکیان لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *