چۆڵکردنی زۆرەملێ دانیشتوانی دوورگەی عەبدولکوری لەلایەن ئیماراتەوە

پێنجشەممە 23 شوبات 2023 - 12:34
https://kurdish.iswnews.com/?p=23197

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هاوکات لەگەڵ بە سەربازیکردنی دورگەی عەبدولکوری لە ئاوەکانی باشووری یەمەن، ئیمارات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووانی ئەم دوورگەیەی دەستپێکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێیەکانی دورگەی عەبدولکوری، هێزەکانی ئیمارات لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە زۆرەملێی تەواوی دانیشتووانی دورگەی عەبدولکورییان بۆ دوورگەی سۆکۆترا گواستووەتەوە و ئەم دوورگەیەیان چۆڵ کردووە.

ئیمارات بە دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە دوورگەی سۆکۆترا، پێشتر پێشنیاری بۆ خەڵکی دوورگەی عەبدولکوری کردبوو کە لەو شوێنە نیشتەجێبوونانەدا بژین، بەڵام زۆربەی دانیشتوانی ئەم دوورگەیە دژایەتی ئەم پێشنیازەیان کردبوو.

ئەم گواستنەوەیە هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی هاوبەش لە نێوان ئیمارات، ئەمریکا و ئیسرائیل لە دوورگەی عەبدولکوری ئەنجامدراوە. ئیمارات بە هاوکاری یاریزانانی فرەناوچەیی لە ڕۆژئاوای ئاسیا وەکو ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکی بەرفراوان بۆ بە سەربازیکردنی دوورگە و کەناراوەکانی یەمەن و کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی ترانزێتی دەریایی لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور جێبەجێ دەکات.

لە کاردانەوە بە هەواڵی چۆڵکردنی زۆرەملێی دانیشتووانی دوورگەی عەبدولکوری، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ڕزگاری یەمەن (ئەنساروڵڵا) ئاوارەبوونی زۆرەملێی ماسیگرەکان و دانیشتوانی دوورگەی عەبدولکوری و گۆڕینی ئەم دوورگەیەی بۆ بنکەیەکی سەربازی بە هەنگاوێکی ئیمارات لەسەر داوای زایۆنیستەکان زانی.

لە بەشێک لە بەیاننامەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی یەمەن هاتووە: «گرنگی جیۆستراتیژی دورگەی عەبدولکوری کە دەکەوێتە دووری ١٢٠ کیلۆمەتری دوورگەی سۆکۆترایەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شەش کێڵگەی نەوتی لە نزیکەوە هەیە و نزیکە لە ئەفریقا.»

وەزارەتی کشتوکاڵی یەمەن هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەرەسەندنی گرژییەکانی دوورگەی عەبدولکوری بە بەرپرسیار زانی و داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە هەموو خاک و دوورگە و کەناراوەکانی یەمەن کرد.

دوورگەکانی سۆکۆترا دوورگە مەرجانییەکانی سۆکۆترا، عەبدولکوری، سێمهە، دەرسەهـ و چەند دوورگەیەکی بچووکتر لەخۆدەگرێت، کە کۆی ڕووبەرەکەیان ٣٦٢٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. مەودای ئەم دوورگانە ٣٤٠ کیلۆمەتر بۆ کەنارەکانی یەمەن و ٢٥٠ کیلۆمەتر بۆ کەنارەکانی سۆماڵە. هەروەها دوو دوورگەی سێمهە، دەرسەهـ بە دوورگەی برا (الاخوان) ناسراون.

سۆکۆترا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە زیاتر لە پەنجا هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، ڕۆڵێکی گرنگی لە کۆنترۆڵکردنی کەنداوی عەدەن هەیە و لە ڕابردوودا وەک بنکەیەکی دەریایی و سەربازی لەلایەن کۆلۆنیالیستەکان (بەریتانیەکان و پورتوگالییەکان) بەکارهێنراوە. بۆیە ئیمارات هەوڵ و پارەیەکی زۆری بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم دوورگانەدا، بەتایبەتی سۆکۆترا و عەبدولکوری خەرج دەکات.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *