داعش: هەرکەسێک لە هەڵبژاردنەکانی نەیجیریا بەشداری بکات، موشریکە!

چوارشەممە 22 شوبات 2023 - 16:47
https://kurdish.iswnews.com/?p=23152

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ویلایەتی داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە ناوی “ان الشرک لظلم عظیم” هۆشداری بە خەڵکی نەیجیریا دا لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەم وڵاتە.

ویلایەتی داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریقا لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، کە بە زمانی هوسا و بە ژێرنووسی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، عومەر بن عەبدولعەزیز، ئەحمەد بن حەنبەل، سەلاحەددین ئەیوبی، ئەحمەد بن تەیمیە، محمد بن عەبدولوەهاب بە سەرکردەکانی مێژوویی خۆی دەزانێت. ئەوان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی نەیجیریا بە جۆرێک لە شیرک دەزانن و هۆشداری بە خەڵکی ئەم وڵاتە دەدەن لە بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا. داعش هەروەها هەندێک لە پیاوانی ئایینی نزیک لە حکومەت، وەک ئەبوبەکر گومی و عەبدوڵڵا بیلالو کە هانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، بە لادراو لە ئایین و زانای خراپ ناو دەبەن.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ئەبو یەحیا موهاجیر، یەکێک لە ئەندامانی داعش، دیموکراسی بە ئایینێکی نوێ ناودەبات کە لە ڕۆژئاوا (وڵاتانی خاچپەرستی بێباوەڕ)ەوە هاوردە کراوە و بە جۆرێکی شیرک لە دژی خوای گەورە دەزانێت و دەڵێت: «هەرکەسێک بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، تەنانەت ئەگەر ناوی موسڵمانیش بێت، لە بنەڕەتدا موشریکە.»

ئەم ڤیدیۆیە ١٥ خولەکییەدا دیمەنی لەسێدارەدانی بەشێک لە قوربانیانی دەستی داعش، و هەروەها دیمەنی هێرشی ئەم گرووپە بۆ سەر بنکەکانی سوپای نەیجیریا لە واجیرۆکۆ و ئەزیر لە ویلایەتی بۆرنۆ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا و بەشێک لە قسەکانی سەرکردەکانی پێشووی داعش، ئەبوعومەر بەغدادی، ئەبو محمد عەدنانی و ئەبو موسعەب ئەلزەرقاوی کە دیموکراسی و هەڵبژاردن بە شیرک و کوفر دەزانن و بەشێک لە قسەکانی وتەبێژە کوژراوەکەی ئەبو حەمزە قوڕەشی پیشان دەدات.

نەیجیریا لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دایە و خەڵکی نەیجیریا لە ٢٥ی شوباتدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *