پوتین پەیمانی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا هەڵپەسارد

سێشەممە 21 شوبات 2023 - 19:12
https://kurdish.iswnews.com/?p=23130

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆککۆماری ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەممە بەشداری وڵاتەکەی لە دوایین پەیماننامەی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگرت و هۆشداری بە واشنتۆن دا کە ڕووسیا چەکی ئەتۆمی ستراتژیکی نوێی خستۆتە بواری بەکارهێنانی شەڕەوە.

پوتین لە لێدوانێکیدا بۆ نوخبەی سیاسی و سەربازی وڵاتەکەی وتی: ئەمڕۆ ناچارم ئەوە ڕابگەیەنم کە ڕووسیا بەشداری خۆی لە پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیژیدا ڕادەگرێت.

ئەو سەرکردەیەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک کەس لە واشنتۆن بیر لە دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەکەنەوە، هەربۆیە پێویستە وەزارەتی بەرگری و کۆمپانیای ئەتۆمی ڕوسیا ئامادەبن بۆ تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی ڕووسیا ئەگەر پێویست بکات. بێگومان ئێمە سەرەتا ئەوە ناکەین. بەڵام ئەگەر ئەمریکا تاقیکردنەوە ئەنجام بدات، ئێمەش دەیکەین. نابێت کەس ئەو وەهمە مەترسیدارەی هەبێت کە دەتوانێت یەکسانی ستراتیژی جیهانی تێک بدات.

پەیماننامەی نوێی ستارت لە ٨ی نیسانی ساڵی ٢٠١٠ لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەمریکا و دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆک کۆماری ڕووسیا، لە شاری پراگ پایتەختی کۆماری چیک واژۆ کرا.

ئەم پەیمانە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی چەکی ئەتۆمی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ڕووسیایە. بەپێی ئەم پەیمانە ژمارەی مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکانی هەردوولا لە ژێرئاویی و بۆمبهاوێژە قورسەکاندا نابێت لە ٧٠٠ دانە زیاتر بێت. هەروەها لەناو کارگەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ڕووسیا و ئەمریکا، ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان لە ٢٢٠٠ەوە بۆ ١٥٥٠ کەمکراوەتەوە و سیستەمە هەڵگرەکانیش لە ١٦٠٠ەوە بۆ ٨٠٠ کەمکراوەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *