ناتانیاهۆ: بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سعودیە دادەمەزرێنین

سێشەممە 21 شوبات 2023 - 12:17
https://kurdish.iswnews.com/?p=23120

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە ئەم ڕژیمە بە مەبەستی “کۆنتڕۆڵکردنی ئێران” هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی دابمەزرێنێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕۆژی رابردوو (دووشەممە) لە کۆنفڕانسی سەرۆکانی ڕێکخراوەکانی جوولەکەکانی ئەمریکا لە قودسی داگیرکراو، دامەزرانی پەیوەندییەکان (ئاشکراکردنی پەیوەندییەکان) لەگەڵ حکوومەتی عەرەبستانی سعودی بەرز نرخاند.

ناتانیاهۆ کە رووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی بووە، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە جیهانی عەرەبی “بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران” بە ئەولەوییەتی خۆی دەزانێت و ئەمەش بووەتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل.

سەرۆکوەزیرانی رژێمی زایۆنیستی هەروەها ئاماژە بە هەنگاوەکانی بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ سعودیە کرد و وتی کە دامەزراندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕیاز “ڕووداوێکی مێژووییه بۆ پێگەی ئیسرائیل له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

ناوبراو زیادی کرد: “ئێمە بەرەو دامەزرانی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ سعودیە هەنگاو دەنێین کە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی کۆتایی هێنان بە هەڕەشەکانی ئێران، و ئەم دوو ئامانجەش پەیوەستن بە یەکەوە بەشێوەیەک کە لە حاڵەتی پەیوەندی لەگەڵ سعودییەکان، هاوکاری نزیک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران دروست دەبێت و ئەگەر ئەم ئامانجانە بێتەدی، بازدانێکی زۆر گرنگمان ناوە”.

سەبارەت بە ڕوانگەی ئابووری پەیوەندیەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و عەرەبستانی سعودی، ناتانیاهۆ هەروەها وتی: “یەکێک لە ئەگەرە ئابوورییەکان بریتییە لە بەستنەوەی نیمچە دوورگەی عەرەبی بە بەندەری حەیفا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین لە دیوی ئوردنەوە. ئەم پڕۆژەیە لەسەر هێڵی شەمەندەفەری سەردەمی عوسمانی دەبێت کە بەشێکی بە حەیفا و بەیت شون تێپەڕیوە.”

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەبیب و ڕیاز دابمەزرێت، بۆری نەوتەکە لەبری ئەوەی لە دەریای سوورەوە بچێتە ناو دەریای ناوەڕاست، بە فەلەستینی داگیرکراودا تێپەڕێت.

سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ئاماژەی بە دەرئەنجامەکانی سیاسی ڕێککەوتنی سازان لە نێوان ڕیاز و تەلئەبیب کرد و وتی: “ئیسڕائیل هەرگیز وڵاتێکی دابڕاو لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست نەبووە کە لە لایەن وڵاتانی نە هاوپەیمانییەوە دەورە دراوە، بەڵکو لە هاوپەیمانییەکی جیۆپۆلەتیکی چالاکدا بووە و ئەم پرسە دواجار کۆتایی بە ململانێی ئێمە لەگەڵ فەلەستینییەکان دەهێنێت.”

جێی ئاماژەیە کە ماڵپەڕی ئینگلیزی “هەواڵی یەهوودی” لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ئەنجامی ڕاپرسییەک کە لە ١٤ وڵاتی عەرەبی ئەنجام درا، ڕایگەیاند کە لە سەدا ٨٤ی دانیشتووانی ئەو وڵاتانە دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستن.

بەڵام سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە، بە دانپێدانانی تەواوی لایەنە سیاسی و میدیاییەکان، پەیوەندییەکی لەو جۆرە بە گەرمی بەردەوامە و تەنیا فەرمی نییە و هەموو جۆرە هاوکارییەکی ئابووری تا سەربازی و ئەمنیی هەیە.

پێشتر نتتانیاهۆ جەختی لەوە کردبووەوە کە پرسی پەیوەستبوونی سعودیە بۆ پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان تەنیا پێویستی بە کات هەیە. دامەزراندنی پەیوەندیی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ تەلئەبیب، لەوانە ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان، بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی ڕیاز نەبوو؛ چونکە سعودیە کاریگەرترین وڵاتە لە جیهانی عەرەبیدا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *