پێداگری ڕووسیا لەسەر مانەوە لە باشووری قەفقاز

یەکشەممە 19 شوبات 2023 - 09:05
https://kurdish.iswnews.com/?p=23035

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بوونی ڕووسیا لە قەفقازی باشوور بەردەوامە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نایانەوێت کایەی نفوزی خۆیان بدەنە لایەنەکانی دیکە و ئازەربایجان و ئەرمینیا بەجێبهێڵن. سەرۆکی دۆمای فیدراسیۆنی ڕووسیا لەم دواییانەدا لە کاردانەوە بە قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانی نیشتمانی ئازەربایجان کە داوای هاتنی هێزە سەربازییەکانی ئەوروپی بۆ ناو قەرەباغ کردبووەوە، هەڕەشەی لەناوبردنی ڕژێمەکەیان لە سەرکردەکانی باکۆ کردەوە!

“ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین” سەرۆکی دۆمای فیدراسیۆنی ڕووسیا لە مۆسکۆ لەگەڵ “ساحبە غەفاراڤا” سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ئازەربایجان کۆبووەوە. غەفاراڤا داوای ڕۆڵی هێزەکانی ئاشتیپارێزی وڵاتانی ئەوروپی لە ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی ئەرمەنییەکان کرد کە بە دڵی لایەنی ڕووسی نەبوو. “ئاژانسی تاس” لە زاری ئەم بەرپرسە ڕووسییەوە نووسیویەتی: “دەستێوەردانی یەکێتی و ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆریدۆری لاچن (لاچین) بۆ ناگۆرنو-قەرەباغ کێشەی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دروست دەکات”.

ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین لە لێدوانەکانیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە غەفاراڤا کرد و وتی: “داوای جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی ئاگربەستی ٢٠٢٠ی مۆسکۆ لە ئازەربایجان دەکەین. ئەوانەی باس لە هاتنی ڕێکخراوە ئەوروپییەکان بۆ ناو ململانێی قەرەباغ دەکەن، ڕەنگە بە سادەیی وڵاتەکەیان لەدەست بدەن. پێویستە ئۆکرانیا و یوگۆسلاڤیا و وڵاتانی دیکە لەبەرچاوی خۆیان ببینن. با دە جار بیربکەنەوە، هەڵسەنگاندنی هەموو بابەتەکان بکەن و بزانن کۆتایی کارەکە چی دەبێت!”

لەلایەکی دیکەی سنووردارکردنی ڕووسیا لە ناگۆرنو-قەرەباغ حکومەتی ئەرمینیایە کە هاوشێوەی ئازەربایجان بە بوونی هێزەکانی ئاشتیپارێزی ڕووسیا ڕازی نییە.

نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا بە ئاماژەدان بە قەیرانی گیرانی ڕێگاکانی قەرەباغ بە ئەرمینیا وتی: “مەسەلەکە کۆنترۆڵی ڕووسیا نییە بەسەر ڕێڕەوی لاچین، بەڵکو پرسی قەیرانی مرۆیی ناگۆرنو-قەرەباغ ـە کە ڕۆژانە لە زیادبووندایە”. ناوبراو بە ئاماژە بە ڕێککەوتنی بەرگری بەکۆمەڵی وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو وتی: “ئێمە لە ڕێکخراوی بەرگری بەکۆمەڵ کێشەمان بۆ ئاسایشی ناوچەکە هەیە و هیوادارین هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکەین. ئێمە هەوڵدەدەین، بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بین، تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدی نەهاتووە”.

لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و گردبوونەوەی دژە ڕووسی لایەنگرانی لە بەردەم بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئەرمینیا نیشان دەدات کە لایەنەکانی نزیک لە ڕۆژئاوا ئارەزووی کۆتاییهێنان بە بوونی ڕووسیا لە ئەرمینیا دەکەن. هەروەها دەیانەوێت ئەرمینیا لە پەیمانی ئاسایشی بەرگری بەکۆمەڵ (CSTO) بکشێتەوە. بابەتێک کە بۆ ڕووسەکان زۆر دڵخۆشکەر نییە و ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بەم بابەتە دەبێت.

باڵیۆزی تایبەتی ڕووسیا لە ئەرمینیا هەروەها لە سەردانەکەیدا بۆ ناوەندەکانی فێرکاری زمانی ڕووسی لە پارێزگای ڤایوتس لەگەڵ بەشی ئەرمەنی ڕادیۆی سپۆتنیکی ڕووسی قسەی کرد. ناوبراو بە ئاماژەدان بە ململانێکانی ئەیلولی ٢٠٢٢ وتی: “ئەم پارێزگایە دەکەوێتە ناوچەیەکی زۆر هەستیار و خەڵک نیگەرانن لە ئایندە. بەرپرسانی “یاغگنادزۆر” و “جێرموک” لە زاری خەڵکەوە پێیان وتم کە بە هیوای پشتیوانی ڕووسیان. هاوکاری نێوان هەرێمەکانمان بەشێکی گرنگی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمانە. ئەگەر هاوبەشە ئەرمەنییەکان جێی متمانە بن، ئەوا ڕووسیا یەکەم هاوبەشی ئەم وڵاتەیە کە لەسەر سنوورەکانی ئەرمینیا ئامادەیە و خەڵک ڕۆژانە دەیبینن و هەردوولا گرنگی بەو وڵاتە دەدەن.”

لەم دواییەدا ئۆرخان مەمادۆڤ شرۆڤەکاری ئازەربایجانی سەبارەت بە هۆکارەکانی هاوکاریی نەکردنی ئازەربایجان و ئەرمینیا وتی: عەلیف و پاشینیان لە دوو وڵاتدا، لە کارێکی هەماهەنگدا، دەیانەوێت فشار بخەنە سەر لایەنی ڕووسی بۆ ئەوەی قەرەباغ و ئەرمینیا بەجێبهێڵن و هەردووکیان بەشێکن لە هەمان یاری. راستی شیکارییەکەی مامادۆڤ لەگەڵ دیدار و لێدوانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ڕووسیا و ئەرمینیا و ئازەربایجان زیاتر ئاشکرا دەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *