ئەرمینیا پێشنیارێکی ئاشتی بۆ کۆماری ئازەربایجان نارد

پێنجشەممە 16 شوبات 2023 - 21:00
https://kurdish.iswnews.com/?p=22923

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ڕایگەیاند کە یەریڤان ڕەشنووسی پێشنیارێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئاشتیانەی ناوچەی ناگۆرنو-قەرەباغ کە کێشەی لەسەرە، ڕەوانەی باکۆ کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی شوبات، نیکۆل پاشینیان سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەریڤان ڕەشنووسی پێشنیارێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئاشتیانەی ناکۆکی لەسەر ناوچەی قەرەباغ ڕەوانەی باکۆ کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دوایین چەقبەستووی نێوان هەردوولا لە ناوچەی قەفقازی باشوور لەگەڵ داخستنی ڕێڕەوی لاچین لەلایەن هاووڵاتیانی کۆماری ئازەربایجانەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ژینگەپارێزن بۆ ماوەی دوو مانگە ڕوویداوە، کە تاکە ڕێگای وشکانییە کە ئەرمینیا بە ناوچەی ناگۆرنو-قەرەباغ دەبەستێتەوە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، کە وڵاتەکەی ئامادەیە دانوستانەکانی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاشتی ڕێکبخاتەوە، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، کە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و هاوتاکەی لە کۆماری ئازەربایجان ڕۆژی سێشەممە بارودۆخی رێڕەوی لاچینیان تاوتوێ کردووە.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامدا و هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەی قەفقازی باشووریان تاوتوێ کرد.

لە بەیاننامەیەکدا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا ڕایگەیاند، پاشینیان بە ئاماژەدان بە قەیرانی مرۆیی لە ناگۆرنو-قەرەباغ بەهۆی “گەمارۆی نایاسایی” رێڕەوی گرنگی لاچین لەلایەن کۆماری ئازەربایجانەوە، جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی پێویست لە لایەن ڕووسیاوە بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی ئێستا کردەوە.

ڕووسیا ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی چالاکانە هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان سەبارەت ڕێڕەوی لاچین دەدات کە ئەرمینیا بە ناوچەی ناگۆرنو-قەرەباغ دەبەستێتەوە.

ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان سەرەڕای ئاگربەست هێشتا لە ململانێدان و لە دوو مانگی ڕابردووشدا خۆپیشاندەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕێڕەوی لاچینیان داخستووە و رێگریان لە گەیشتنی خواردن، دەرمان و پێداویستی بۆ ١٢٠ هەزار دانیشتووی ئەرمەنی ئەو ناوچەیە کردووە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *