یادداشت: ڕۆڵی بەریتانیا لە شەڕی یەمەن؛ لە فرۆشتنی چەکەوە بە سعودیە تا پاڵپشتی لە بەرزکردنەوەی نرخی گومرگی لە یەمەن
دوای چەندین سەدە لە کۆلۆنیالیزم (ئیستعمار)، بەریتانیا ڕووی لە سیاسەتێکی فرەلایەنە کردووە، کە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی بریتین لە زنجیرەیەک پیلانگێڕی سیاسی و ئابووری بۆ داگیرکردنی سەربازیی دوورگەکان و سەرچاوە نەوتییەکان. لە لایەک بە فرۆشتنی چەک و دابینکردنی هاوکاری سەربازی بە وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی، هەوڵی خۆشکردنی ئاگری شەڕ و خوێنڕشتن لە دژی وڵاتانی لاواز دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر ناونیشانی ناوبژیوان و ئاشتیخوازێک شانبەشانی ئەمریکییەکان و چینییەکان سەروەت و سامانە سرووشتیەکانی وڵاتێکی قەیراناوی تاڵان دەکەن. یەمەن نموونەیەکی ڕوونی ئەم سیاسەتەی بەریتانیایە!
بەریتانیا یەکێکە لە گرنگترین یاریزانانی فرەناوچەیی لە پێشهاتەکانی دەیەی ڕابردوو لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا. ئەوان لە چوارچێوەی سیاسەتی چەند فاقەیی، سوودیان لەو قەیرانانە وەرگرتووە کە لە وڵاتانی سوریا، عێراق، یەمەن و هتد سەریان هەڵداوە و چالاکانە دەستوەردانیان لەو بوارانەدا کردووە. هاوکات یەمەن لەڕووی ڕۆڵی گرنگی بەستنەوەی ئاوەکانی کیشوەری ئاسیا بە ئەفریقا و ئەوروپا، بۆ ئینگلیزەکان گرنگیەکی زۆری هەیە. ئەوان لە ساڵانی سەرەتای شەڕەکانی یەمەن و عێراق و سوریا، بە فشاری سیاسی و پەیوەندی دیپلۆماسی و تەنانەت ڕۆڵی نێوەندگیر کار لەسەر فرۆشتنی چەک و مەشقی سەربازی بە سعودیە و عێراقیان کرد و بە بێدەنگی سیاسەتەکانیان بەرەو پێش برد. بەڵام ئەم سیاسەتە لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ڕۆڵی ڕاوێژکارەکانیان لە ناوچەکە و بە تایبەت لە یەمەن گرنگی زیاتری پێ دراوە.
ڕەهەندەکانی سیاسەتی چەند فاقەیی بەریتانیا چین؟
١- ئامرازی سیاسی و سەربازی: سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا لەسەر ئینتەرناسیۆنالیزم و هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان یان هێزە ناوچەیی و فڕە ناوچەیی ڕێکخراوەتەوە و لە قەیرانی یەمەنیش بەم شێوەیە. بەدرێژایی جەنگی یەمەن، هاوپەیمانی سعودیە زۆر جار بە چەکی بەریتانی لە یۆرۆ تایفۆن و ترانادۆوە تا بۆمب و موشەکی جۆراوجۆر هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارەکانی یەمەن ئەنجام داوە. هەروەها زیاتر لە ٢٨٠ راوێژکاری هێزی ئاسمانی بەریتانی مەشق و راهێنان و هاوکاری پێشکەش بە سەربازانی سعودیە لەسەر خاکی ئەم وڵاتە دەکەن. ئەم هاوکارییە سەرەڕای پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ (کوشتنی جەمال خاشیقچی) و سزاکانی چەکی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە دژی سعودیە بەردەوامە، بەمەش سعودیە بووەتە گەورەترین کڕیاری چەکی بریتانی.
٢- چالاکی و بووونی مەیدانی لە یەمەن: لە لایەکی دیکەوە، ڕاوێژکاران و دیپلۆماتکارانی بەریتانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی یەمەن، بە تایبەت لە ئەلمەهرە و عەدەن، لە مەیدانەکەدا ئامادەن و بە ئاشکرا دەستێوەردان لە کاروباری وڵات دەکەن. یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی ئەم دواییە کە سیاسەتی بەریتانیا تێیدا رۆڵی هەبووە، زیادکردنی ٥٠٪ی باجی گومرگی بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە بەندەرەکانی ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانی سعودیە بوو. وادیارە ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئابووری یەمەنەوە (سەر بە هاوپەیمانی سعودیە) دراوە و ڕیچارد ئۆپنهایم باڵیۆزی بەریتانیا لە یەمەن پێشوازی لێکردووە. هەرچەندە ئەم بڕیارە وەڵامدانەوەی ڕێوشوێنەکانی ئەنسارولڵا بوو بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی یەمەن و جەختکردنەوەیان لەسەر پێدانی مووچەی کۆی گشتی کارمەندانی یەمەن لە دانوستانەکان لەگەڵ عومان و نەتەوە یەکگرتووەکان، و ئەنسارولڵا بە داشکاندنی ٥٠٪ لە باجی گومرگی لە هاوردەکردنی کاڵاکان لە ڕێگەی بەندەری حودەیدە وەڵامی ئەم بڕیارەی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی دایەوە. ڕەهەندەکانی دیکەی لایەنەکان لەم شەڕە ئابوورییەدا ڕوون نییە و ئەگەری ئەوە هەیە کە کێبڕکێیەکە بگاتە ڕاگرتن و دەست بەسەردا گرتنی کەشتییەکانی سووتەمەنی و تەنانەت شەڕی دەریاییەوە.
٣- كۆنترۆڵی رێڕەوی ئاوی كیشوەریی ئاسیا بۆ ئەفریقا و ئەوروپا: بەریتانیا بە سیاسەتی ئینتەرناسیۆنالیزم و لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و كەنداوی عەدەن، كە پێی دەوترێت “هێزەکانی ١٥٣” كاری لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئاوەکانی ناوچەکە كردووە. هەروەها لەگەڵ ئیمارات بەشداری لە داگیرکردنی دوورگەکانی یەمەن (سۆکۆترا، مەیموون، عەبدولکۆری و هتد) دەکات. بەشداریکردن لە هاوپەیمانی و هاوکارییە دوولایەنەکان دڵنیایان دەکاتەوە کە دەتوانن بەرپەرچی هێرشەکانی ئەنساروڵڵا لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای یەمەن بدەنەوە و ڕێگری لە دزەکردن و ناردنی یارمەتییەکانی ئێران بۆ یەمەن بکەن.
بەریتانیا بۆ پێشخستنی ئەم سیاسەتە کار لەگەڵ هێزە فرەناوچەیی دەکات. بۆ نموونە: حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن ڕووبەڕووی کورتهێنانی جددی بودجەی بووەوە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنسارولڵاوە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕێگری لە هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی یەمەن لە بەندەری ئەلزەبە و قەنا لە کەنارەکانی باشووری یەمەن کرا. باڵیۆزی بەریتانیا لەگەڵ باڵیۆزی چین لە یەمەن دانوستانی بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەتی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن لەڕێگەی فرۆشتنی سەرچاوە نەوتییەکان و دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکانی یەمەن ئەنجام دا. ئەوان ئەو دانوستانانەیان بە یاری پینگ پۆنگ (ئاماژە بە دیپلۆماسی پینگ پۆنگی ئەمریکا و چین لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا) لە باڵیۆزخانەی چین لە عەدەن نیشان دا.
بە گشتی بەریتانیا دوای چەندین سەدە لە کۆلۆنیالیزم (ئیستعمار)، ڕووی لە سیاسەتێکی فرەلایەنە کردووە، کە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی بریتین لە زنجیرەیەک پیلانگێڕی سیاسی و ئابووری بۆ داگیرکردنی سەربازیی دوورگەکان و سەرچاوە نەوتییەکان. لە لایەک بە فرۆشتنی چەک و دابینکردنی هاوکاری سەربازی بە وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی، هەوڵی خۆشکردنی ئاگری شەڕ و خوێنڕشتن لە دژی وڵاتانی لاواز دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر ناونیشانی ناوبژیوان و ئاشتیخوازێک شانبەشانی ئەمریکییەکان و چینییەکان سەروەت و سامانە سرووشتیەکانی وڵاتێکی قەیراناوی تاڵان دەکەن. یەمەن نموونەیەکی ڕوونی ئەم سیاسەتەی بەریتانیایە!
لێدوانەکان