جەختکردنەوەی سیراجەدین حەقانی لەسەر پێویستی چاکسازی لە حکومەتدا؛ ئایا سەرکردایەتی تاڵیبان تەسلیمی فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەبێت؟

چوارشەممە 15 شوبات 2023 - 10:45
https://kurdish.iswnews.com/?p=22877

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سیراجەدین حەقانی، بەرپرسی تۆڕی حەقانی و وەزیری ناوخۆی حکومەتی کاتی تاڵیبان بە وەکالەت، لە کۆنفرانسی دەرچوونی زانایانی ئایینی پارێزگای خوست، ڕەخنەی لە دۆخی ئێستای ئەفغانستان گرت و بە پێویستی زانی بەرەو چاکسازی هەنگاو بنێن.

سیراجەدین حەقانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی تاڵیبان بەوەکالەت کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵا و بەهێزەکانی تاڵیبان لەڕێگەی سەرکردایەتیکردنی تۆڕی حەقانییەوە، دۆخی ئێستای حوکمڕانی لە ئەفغانستان بە قبوڵنەکراو ناوبرد و داوای چاکسازی کرد. حەقانی لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە بۆنەی دەرچوونی زانایانی ئایینی لە پارێزگای خوست بەڕێوەچوو ڕایگەیاند:
ئەمڕۆ ئێمە خۆمان ئەوەندە بە شایستە دەزانین کە دەنگمان و بیرکردنەوەکانمان ئەوەندە زاڵ بوون بەسەرماندا کە بە ئامانجگرتن، تاقیکردنەوە، ناوزڕاندن و بێوێنەکڕدنی تەواوی سیستەمەکە بووەتە شەرەف و بنەمایەک لە میزاجی ئێمەدا. خوای گەورە مەبەست و کردەوەکانمان ڕاست بکاتەوە، ئەم دۆخە جێگای قبوڵ نییە.

ئەم بەرپرسە باڵایەی تاڵیبان جەختی لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خەڵک کردەوە و ڕایگەیاند کە پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ نزیکبوونەوە لە خەڵک. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە جیهان فشارەکان بۆ سەر ئەم گرووپە زیاد دەکات و ناچاریان دەکات گۆڕانکاری بکەن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرووپی تاڵیبان دوای ئەوەی دەسەڵاتیان لە ئەفغانستان گرتە دەست، یاسای زۆر توندی لەسەر هەندێک بابەتی جۆراوجۆر، لەوانە ژیانی کۆمەڵایەتی ژنان سەپاند. ئەم یاسایانە لە کاتێکدا دەرکران کە بەشێک لە لایەنگرانی ئەم گرووپە لەوانەش پاکستان، بەڵێنیان دابوو کە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ڕابردوویاندا بکەن.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستا دان بە حکومەتی کاتی تاڵیباندا نەناوە و هۆشداریشیان داوە لەوەی کە زیادکردنی سنووردارکردنی ژنان و کچانی ئەفغانستان، زیاتر گۆشەگیریان دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتان و ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان خۆیان لە حکومەتی تاڵیبان دوور بخەنەوە.

ئێستا دیار نییە ئەم لێدوانانەی حەقانی بۆ تێگەیشتنی نوێی ئەندامانی باڵای ئەم گرووپە لە حوکمڕانیدا دەگەڕێتەوە یان هۆکارێکی دیکەیە بۆ بوونی ناکۆکی ناوخۆیی تاڵیبان لەسەر قبوڵکردنی چاکسازی بۆ دانپێدانانی حکومەتی ئەم گروپە. بە گوتەی زۆرێک لە شارەزایان، دووبەرەکی لەناو گرووپی تاڵیبان دروست بووە، بەجۆرێک کە هەندێک کەس جەخت لەسەر هەمان شێوازی حوکمڕانی کۆن دەکەنەوە و هەندێک کەسیش وەک سیراجەدین حەقانی باوەڕیان بە گۆڕانکاری بۆ پاراستنی دەسەڵات و حکومەت هەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *