دوایین هەواڵی ململانێکانی عەدەن؛ باشوورییەکان تەسلیمی سعودیە نابن!

سێشەممە 14 شوبات 2023 - 23:54
https://kurdish.iswnews.com/?p=22873

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای بەرخۆدانی باشوورییەکان لەدژی هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و چۆڵنەکردنی بنکە سەربازییەکانی عەدەن، سعودیە فەرمانی دا هێزی زیاتر بۆ ئەم شارە ڕەوانە بکرێت.

دوابەدوای هاتنی باڵیۆزی ئیمارات بۆ عەدەن و نێوەندگیرییەکەی لە نێوان هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور، گرژییەکانی ئەم شارە بەشێوەیەکی کاتی وەستاوە. سەرەڕای ڕاگرتنی ئەم ململانێیانە، سەرکردەکانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور لە عەدەن خەریکی کۆکردنەوەی هێز و کەرەستەکانی خۆیانن. هەر لەو پێوەندییەدا موختار نوبی، یەکێک لە فەرماندە چەکدارەکانی باشوور، هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێزێک دەکات کە بیەوێت لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی عەدەنەوە بچێتە ناو ئەم شارە. هەروەها چەکدارانی باشوور هەوڵدەدەن بچنە ناوچەی کریتر بە مەبەستی گەمارۆدانی کۆشکی ئەلمعاشیق (کۆشکی سەرۆکایەتی).

دوابەدوای ئەم هەوڵە، ڕەشاد ئەلعەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە و ئەبوزرعە ئەلموحەرەمی، فەرماندەی هێزەکانی ئەلعمالقە و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی حکومەتی دەستلەکارکێشاوە بۆ دوورکەوتنەوە لە گرژییەکانی عەدەن لە ١١ شوبات ئەم شارەیان بەرەو ڕیاز بەجێهێشت.

لە لایەکی ترەوە یەکێک لە فەرماندەکانی حیزام ئەلئەمنی (سەر بە ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور) بە ناوی ئیسماعیل ئەلسەبیحی چووەتە ریزەکانی هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و بووەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی باشوورییەکان لە ئەلمەنسوورە. هەروەها چوار لە فەرماندەکانی چەکدارانی ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور که لە ئەلعەند جێگیر بوون، لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانیان لە باشوورییەکان جیابوونەتەوە و پەیوەندیان بە هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن کردووە. بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، هۆکاری جیابوونەوەی ئەو هێزانە لە ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مووچەکانیان لە لایەن سعودیەوە بڕاوە، و لە بەرامبەریشدا لە ناو ریزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن دوو هێندە زیاتر مووچەیان پێدەدرێت.

لە ١٢ی شوباتدا، هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن بەرەو بنکەی بەدر لە ئیدارەی خۆر مەکسردا جوڵەیان کردووە و داوای لە عەقید عەبدوڕەحمان عەسکەر، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی باشوور کردووە، ئەم بنکەیە چۆڵ و ڕادەستی ئەلدرع ئەلوەتەن بکات، بەڵام ناوبراو ئەم داوایەی ڕەتکردەوە. بنکەی بەدر یەکێکی دیکەیە لە بنکەکانی چەکدارانی باشووری سەر بە ئیدارەی خۆر مەسکر کە ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی عەدەنی لە ئەستۆیە.

بەرخۆدانی باشوورییەکان و ڕادەست نەکردنی بنکە سەربازییەکانی عەدەن، وایکردووە کە سعودیە لە دەروازەی ئەلوەدیعە لە پارێزگای حەزەرمەوتەوە هێزی زیاتر بۆ عەدەن بنێرێت.

بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە عەدەن، ئەگەری پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و باشوورییەکان زۆرە. سعودیە بە نیازە کۆنترۆڵی تەواوی عەدەن لە باشوورییەکان وەربگرێتەوە و سەرکردەکانی باشووریش بە داوای هاوکاری لە ئیمارات و هەڕەشە جۆراوجۆرەکان، بەنیازن سعودیە لەم بڕیارە دووربخەنەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *