ئەیمەن زەواهیری دوای شەش مانگ لە مردن: چۆن پشتیوانی فەلەستین بکەین!

سێشەممە 14 شوبات 2023 - 13:18
https://kurdish.iswnews.com/?p=22861

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی گروپی ئەلقاعیدە، گریمانەکانی سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کوژرانی بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە بەهێزتر کرد.

دامەزراوەی “ئەلسەحاب”، بەشی فەرمیی ڕاگەیاندنی ئەلقاعیدە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوێی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی ئەم گرووپەی دوای شەش مانگ لە ڕاگەیاندنی کوژرانی لەلایەن ئەمریکاوە، بڵاوکردەوە.
زەواهیری لەم ڤیدیۆیەدا بە ناوی “کیف ندعم فلسطین؟” (چۆن پشتگیری فەلەستین بکەین)، زیاتر لە پێنج خولەک باس لە پرسی فەلەستین و هاندانی فەلەستینییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی دەکات.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا زەواهیری باس لەوە دەکات کە یارمەتی ڕاستەقینەی پرسی فەڵەستین ئەوەیە کە موسڵمانان لە هەر شوێنێکدا گورزێکی لە دەستدرێژکارانی فەڵەستین بدەن. بە وتەی ناوبراو، ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر گەلی فەلەستین.

زەواهیری لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “فەلەستین کاتێک ئازاد دەبێت کە گەنجانی موسڵمان لە هەموو شوێنێک هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکان و لایەنگرانی ئیسرائیل.”
ناوبراو هەروەها داوای لە گەلی فەلەستین کرد کە فەتوای مێژوویی حاج ئەمین حوسێنی پەیڕەو بکەن، سەبارەت بە نەفرۆشتنی زەوی بە جولەکەکان لە فەلەستین و لە کۆتایی ڤیدیۆکەشدا ئەو کەسانەی زەویەکانیان بە ئیسرائیلییەکان دەفرۆشن بە لادەر (مرتد) ناو بردووە.

لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ئەیمەن زەواهیری باسی هێرشەکانی ئەم دواییەی فەلەستینییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانی نەکردووە و ئەمەش ئەوە دەریدەخات کە ئەم ڤیدیۆیە پێش ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فەلەستین تۆمارکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بە فەرمی کوژرانی ئەیمەن زەواهیری پشتڕاست نەکردووەتەوە.

دامودەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە باڵە جیاوازەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەبارەی کوژرانی سەرکردەکەیان نەداوە و تا ئێستاش دەربڕینی “تقبله اللە”یان بۆ ئەیمەن زەواهیری بەکارنەهێناوە کە بەزۆری بۆ کوژراوەکانیان بەکاری دەهێنن.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەواندا ئەیمەن زەواهیرییان لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کوشتووە. ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدا دەکرێت کە بەرپرسانی تاڵیبان بە فەرمی هەواڵی کوژرانی ئەیمەن زەواهیرییان پشتڕاست نەکردۆتەوە.

جێگای سەرنجە کە لە کۆتایی قسەکانی ئەیمەن زەواهیری لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، وێنەی مانۆڕ و هەندێک ئۆپەراسیۆنی گروپی بێشەی شێرەکان (عرین الاسود) لەگەڵ سروودی جیهادی “انا صامد رغم الجراح” لە کلیپی دەزگای “ئەلسەحاب”، باڵی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە بڵاوکراوەتەوە!

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *