دوایین ھەواڵی ململانێکانی عەدەن، باڵیۆزی ئیمارات فریای باشوورییەکان کەوت!

یەکشەممە 12 شوبات 2023 - 17:12
https://kurdish.iswnews.com/?p=22792

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای فەرمانی فەرماندەیی هاوپەیمانی سعودیە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور لە بنکە سەربازییەکانی عەدەن، گرژیی نێوان باشوورییەکان و هێزەکانی سەر بە سعودیە زیادی کردووە.

دوابەدوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور لە عەدەن، فەرماندەیی هاوپەیمانی سعودیە فەرمانی چۆڵکردنی بنکەکانی ئەلنەسر و ئەلسولبانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور و ڕادەستکردنی ئەو بنکانە بە هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن دەرکرد.

لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو گرژییانە، محەممەد حەمەد ئەلزعبی باڵیۆزی نوێی ئیمارات لە یەمەن گەیشتە عەدەن و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور و فەرماندەی هاوپەیمانی سعوودیە لە عەدەن کۆبووەوە. سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی پێکدادانەکان لەلایەن ئیماراتەوە، میدیا ناوخۆییەکان ناردنی هێزی پشتیوانی لەلایەن چەکدارانی ئەلدرع ئەلوەتەن لە پارێزگای حەزەرمەوتەوە بۆ دەروازەی ڕۆژهەڵاتی عەدەن ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکانی عەدەن، هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن لە ئێستادا لە نزیک کۆشکی ئەلمعاشیق، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی عەدەن، بنکەی بەدر و بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانی سعودیە لە ئیدارەی ئەلبەریقە جێگیرن.
باشوورییەکان بەپێی فەرمانی عیدرۆس ئەلزوبەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور، تا ئێستا ڕەتیانکردووەتەوە بنکەی ئەلسولبان و ئەلنەسر ڕادەست بکەن و بۆ ڕووبەڕوونەوەی ئەلدرع ئەلوەتەن هێز و کەرەستە کۆدەکەنەوە.

ململانێکانی نێوان هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن و ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور بە چۆڵکردنی بنکەی ئەلئەند لە ٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بەفەرمی دەستی پێکرد و لە ٤ی شوباتی ئەمساڵدا گەیشتە شاری عەدەن، بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور. هێزەکانی ئەلدرع ئەلوەتەن لە کەسانی سەر بە تاریق ساڵح کوڕەزای عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و چەکدارانی هۆزەکانی باکووری پارێزگای حەزەرمەوت پێکهاتووە، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی تاڕادەیەک باڵادەستی ئەوان بەسەر چەکدارانی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشووردا، پاڵپشتی سعودیە کە ئامانجی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوورە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *