چەکی سەرەکی ئەمریکا لە ئەگەری شەڕێکدا لەگەڵ چین بەشی چەند ڕۆژ دەکات؟

هه‌ینی 3 شوبات 2023 - 20:14
https://kurdish.iswnews.com/?p=22449

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ناوەندێکی بیرکردنەوەی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، پیشەسازی سەربازی ئەمریکا ئامادە نییە بۆ ئەگەری هیچ شەڕێکدا لەگەڵ چین و چەکی سەرەکی سوپای ئەم وڵاتە بەشی ئەوە ناکات.

راپۆرتی ناوەندێکی بیرکردنەوەی ئەمریکی هۆشداری لەبارەی کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکا و توانای پیشەسازییەکانی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە ئەگەری هەر شەڕێکی لەگەڵ چین لەسەر تایوان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، دەکرێت کۆگاکانی چەکی وردی سوپای ئەمریکا لە ماوەی یەک هەفتەدا تەواو ببێت.

لە ڕاپۆرتی ٤٤ لاپەڕەیی «ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی» (CSIS) کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کراوە کە ئەگەری ئەوە هەیە سوپای ئەمریکا بەشێک لە چەکەکانی لەوانە موشەکی دوورهاوێژ و موشەکەکانی ڕێنمایی و وردبینی لە شەڕێکدا لەگەڵ چین بە کەمتر لە هەفتەکەیدا تەواو بکات.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، شەڕی ئۆکرانیا کەموکوڕییە گەورەکانی لە پیشەسازی بەرگری ئەمریکادا ئاشکرا کرد و وەبیری هێنایەوە کە لە شەڕێکی درێژخایەندا “جەنگی پیشەسازی” زۆر گرنگ و پێویستە.

هەروەها ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پیشەسازی بەرگری ئەمریکا ئامادە نییە بۆ شەڕێکی درێژخایەن و بە کێشەیەکی گەورە بۆ سوپای ئەمریکا ناوی بردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ڕەخنەی زۆر لە یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا گیراوە. پێش ئەمەش ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، لە ڕاپۆرتێکی سەربازیدا، کەمبوونەوەی بەرچاوی کۆگاکانی چەکی ئەمریکای بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سوپای ئۆکرانیا لە شەڕی لەگەڵ ڕووسیادا یەدەگی ٧ ساڵەی مووشەکی «جاڤلین»ی ئەمریکای بەکارهێناوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *