سوپای فەرەنسا: دەستمان بەسەر بڕێکی چەکی ئێراندا گرتەوە کە ڕەوانەی یەمەن کرابوون!

هه‌ینی 3 شوبات 2023 - 14:40
https://kurdish.iswnews.com/?p=22444

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزە تایبەتەکانی سوپای فەرەنسا بانگەشەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکیان کرد کە چەک و تەقەمەنی ئێرانی بۆ بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە کەنداوی عومان هەڵگرتبوو.

بەپێی هەواڵی میدیا ڕۆژئاواییەکان، لە ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ کەشتییەکی جەنگی فەرەنسی توانی کەشتییەکی هەڵگری چەکی ئێرانی لە کەناراوەکانی یەمەن بدۆزێتەوە و دەستی بەسەردا بگرێت. بەگوێرەی بانگەشەی سوپای فەرەنسا، باری ئەم کەشتیە بریتی بووە لە ٢٣ مووشەکی دژە زرێپۆشی دێهاویە (وەشانی کۆرنێتی ئێرانی)، زیاتر لە ٣ هەزار چەکی کڵاشینکۆف (وەشانی چینی)، دۆشکەی PKM (دروستکراوی ڕووسیا) و ٥٧٨ هەزار گوللە.

تیم هۆکینز، وتەبێژی کەشتیەگەلی پێنجەمی سوپای ئەمریکا کە بنکەکەی لە بەحرەینە بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی بخاتەڕوو ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا لە ١٥ی کانونی دووەم هاوکاری دەستبەسەرداگرتنی چەکی ئێرانی لە کەنداوی عومان کردووە. هەروەها زیادی کرد: ئێمە و هاوپەیمانەکانمان لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ڕێگریمان لە گەیشتنی زیاتر لە ٥ هەزار چەک و هەزار و ٦٠٠ هەزار گوللە بۆ یەمەن کردووە.

دەستبەسەرداگرتنی ئەم کەشتییە بە هەماهەنگی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کە بە “هێزەکانی ١٥٣” ناسراوە، ئەنجام دراوە و ئاماژەیە بۆ تێوەگلانی زیاتری فەرەنسا لە پێشهاتەکانی یەمەن و هاتنە ناوەوەی نایاسایی سوپای ئەم وڵاتە بۆ ناو ئاوەکانی یەمەن.

بەپێی ڕاپۆرتی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە چەند مانگی ڕابردوودا، چوار حاڵەتی ڕێگریکردن لە ناردنی چەکی ئێران بۆ یەمەن لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدراوە.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران بە ناردنی چەک بۆ وڵاتانی دیکە لەوانە یەمەن هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەدات. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بە ناردنی چەکەکانیان بۆ ئۆکرانیا و ئەو وڵاتانەی کە ناکۆکی ناوخۆییان هەیە، بوونەتە هۆی شەڕی خوێناوی و کوشتنی هەزاران کەس لە جیهاندا.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *