ئینفوگرافیک: چالاکییەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢

هه‌ینی 3 شوبات 2023 - 10:51
https://kurdish.iswnews.com/?p=22433

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەپێی زانیارییەکانی داعش، ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٠٥٨ ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان ئەنجامداوە. لەم ئۆپەراسیۆنانەدا ٦٨٨١ کەس لەوانە ١٥٤ ئەفسەر و فەرماندەی مەیدانی بوونەتە قوربانی.

بڵاوکردنەوەی ئینفوگرافیک یەکێکە لەو شێوازانەی کە گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بە باشترین شێوە بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان بەکاریدەهێنن. لەم نێوەندەدا دەکرێت داعش هەم بە پێشەنگ و هەم بە داهێنەرترینیان دابنرێت. داعش هەموو هەفتەیەک ئینفوگرافیکێکی جێگیر لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی لە هەفتەنامەی “النبأ” بڵاودەکاتەوە، کە پێدەچێت گرنگییەکی تایبەتی بۆ داعش هەبێت، چونکە دەتوانێت لەڕێگەی ئەم ئینفۆگرافیکە هەفتانەیە بڵێت کە هێشتا لە مەیدانەکەدا ئامادەیە. لە هەر ژمارەیەکی “النبأ”، هەندێک جار ئینفوگرافیکێکی دیکەی پەیوەست بە ناوچەیەکی دیاریکراو یان ئۆپەراسیۆنێکی دیاریکراو بڵاودەکرێتەوە.

لە کۆتایی هەر ساڵێکدا یەکێک لە چالاکییە میدیاییەکانی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان بڵاوکردنەوەی ئاماری ساڵانەیە لە شێوەی ئینفوگرافیکدا. داعش وەک پێشەنگی ئەم گروپانە ساڵانە ئینفوگرافیکێکی وردی ئۆپەراسیۆنەکانی و ئەنجامەکانیان بڵاودەکاتەوە، کە دەتوانێت زانیاری باش بە بەراورد بە ئاماری ساڵانی ئاشکرا بکات. بەم پێیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، ئاژانسی هەواڵی ئەعماق (سەر بە داعش) ئینفوگرافیکێکی وردی ئۆپەراسیۆنەکانی یەک ساڵی ڕابردووی (لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٣) بڵاوکردۆتەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانە، تیرۆریستانی داعش ٢ هەزار و ٥٨ ئۆپەراسیۆنیان لە دژی وڵاتانی جۆراوجۆری ئاسیا و ئەفریقا ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ٦ هەزار و ٨٨١ کەس لەوانە ١٥٤ ئەفسەر و فەرماندەی مەیدانی بوونەتە قوربانی. ئەو ئامارانەی لەم ئینفوگرافیکەدا هاتووە بریتین لە:
بەپێی جۆرەکانیان ئۆپەراسیۆنەکانی داعش بریتین لە ٥٧٩ تەقینەوە و بۆمبی چێندراو، ٨٤٠ هێرش و شەڕی چەکداری، ٢٣٠ تیرۆر، ١٥٢ بۆسە، ٢٥ ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی، ٢٣٢ جۆری دیکەی ئۆپەراسیۆن.

دەرئەنجامەکانی تری ئەم ئۆپەراسیۆنانە بریتین لە تێکدان و لەکارخستنی ٧٦٥ ئۆتۆمبێل، تاڵانکردنی ١٠٠ ئۆتۆمبێل، وێرانکردنی ٢ هەزار و ٣١٠ خانوو و کڵێسا و تێکدانی ١٥٦ کامێرای بینینی شەوانە.

زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکان لە نەیجیریا و عێراق و ئەفغانستان ئەنجام دراون و وردەکارییەکانیش بەپێی ناوچەکان بەم شێوەیەن:
نەیجیریا: ٥١٧ ئۆپەراسیۆن و ١٤١٢ کوژراو و بریندار
عێراق: ٤٨٤ ئۆپراسیۆن و ٨٣٣ کوژراو و بریندار
ئەفغانستان: ١٨١ ئۆپەراسیۆن و ١١٨٨ کوژراو و بریندار
سوریا: ٢٩٧ ئۆپەراسیۆن و ٨٨٧ کوژراو و بریندار
کۆنگۆ: ١٦٧ ئۆپەراسیۆن و ٦٠٧ کوژراو و بریندار
مۆزەمبیق: ١٥٦ ئۆپەراسیۆن و ٣٣١ کوژراو و بریندار
میسر: ٩٥ ئۆپراسیۆن و ٢٦٣ کوژراو و بریندار
پاکستان: ٥٨ ئۆپەراسیۆن و ١١٨ کوژراو و بریندار
مالی: ٢٢ ئۆپەراسیۆن و ٨٢٧ کوژراو و بریندار
سۆماڵ: ٣٢ ئۆپراسیۆن و ٦١ کوژراو و بریندار
نەیجەر: ١١ ئۆپەراسیۆن و ٥٥ کوژراو و بریندار
چاد: ١٠ ئۆپەراسیۆن و ٧٠ کوژراو و بریندار
کامیرۆن: ٧ ئۆپەراسیۆن و ٢٩ کوژراو و بریندار
فلیپین: ٦ ئۆپەراسیۆن و ٥٤ کوژراو و بریندار
بورکینا فاسۆ: ٤ ئۆپەراسیۆن و ٤٦ کوژراو و بریندار
لیبیا: ٣ ئۆپەراسیۆن و ٩ کوژراو و بریندار
بێنین: ٢ ئۆپراسیۆن و ٧ کوژراو و بریندار
هیندستان: ٢ ئۆپەراسیۆن و ٤ کوژراو و بریندار
ئێران: ئۆپەراسیۆنێک و ٦٠ کوژراو و بریندار
فەلەستین: ئۆپەراسیۆنێک و ١٢ کوژراو و بریندار
یەمەن: ئۆپەراسیۆنێک و ٥ کوژراو و بریندار
ئۆگاندا: ئۆپەراسیۆنێک و ٣ کوژراو و بریندار

لە یەکەم چاوخشاندن بە ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢، تێبینی ئەوە دەکەین کە ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٦٩٠ ئۆپەراسیۆن کەمترە لە ساڵی ٢٠٢١ و ئەمەش لاوازی زیاتری داعش لە ساڵی ٢٠٢٢ نیشان دەدات. هاوکات ژمارەی قوربانیانی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەزار و ١٥٨ کەس کەمترە. ئەم کەمبوونەوەیە هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە نەک تەنها ژمارە، بەڵکو کوالیتی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە.

لە بەشی جۆری ئۆپەراسیۆنەکاندا دەبینین کە داعش لە ساڵی ٢٠٢١دا لە جۆرە جیاوازەکانی ئۆپەراسیۆنەکاندا دۆخێکی باشتری هەبووە و بە هۆی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە خۆکوژییەکان لە ئەفغانستان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەمێک زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام گرنگترین و بەرچاوترین جیاوازی لە جۆری ئۆپەراسیۆنەکاندا جیاوازییەکی گەورەیە لە نێوان بەکارهێنانی بۆمب و بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگاکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢. لە ساڵی ٢٠٢٢ داعش بۆمب و بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگاکانی ٤٨٦ جار لە ساڵی ٢٠٢١ کەمتر بەکارهێناوە، ئەم ئامارەش بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی زۆری ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە عێراق لێکدەدرێتەوە، چونکە داعش زیاتر لە عێراق بۆمبی چێندراو بەکاردەهێنێت.

لەگەڵ کەمبوونەوەی بەکارهێنانی بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگاکان لەلایەن داعشەوە، شتێکی سروشتییە کە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن داعشەوە لەناوبراون، بەبەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زۆر کەمتر بێت، بابەتێک کە لە کاتی بەراوردکردنی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢١ بە ڕوونی دیارە.

لەگەڵ ئەوەدا ئەوەی لە ئاماری ساڵی ٢٠٢٢دا زیادی کردووە، ژمارەی خانوو و کڵێسا وێرانبووەکانە، کە بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەئامانجکردنی مەسیحییەکان لە ویلایەتی مۆزەمبیق و ویلایەتی ئەفریقای ناوەڕاست (کۆنگۆ) و تەنانەت ویلایەتی ڕۆژئاوای ئەفریقا (نەیجیریا) لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.

بەڵام لە ئامارەکانی پەیوەست بە ناوچەکان، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢ (سەرەڕای لاوازی ئاشکرا) لە ٢٢ ناوچەدا ئەنجام دراون، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٠ ناوچە کەوتوونەتە ژێر ئۆپەراسیۆنەکانی داعشەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢ بە هۆی هێرشەکەی شاهچێراغ، ئێرانیش وەک یەکێک لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی داعش هەژمار کراوە. هەروەک چۆن لە ئاماری ساڵی ٢٠٢١دا باس لە یەمەن و بێنین و فەلەستین نەکراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئاماژەیان پێکراوە. خاڵێکی تر ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠٢١ داعش دوو ئۆپەراسیۆنی لە ئەندەنوسیا و سێ ئۆپەراسیۆنی لە تونس ئەنجامداوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە نێو ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی داعشدا ئاماژە بە ئەندەنوسیا و تونس نەکراوە.

خاڵێکی تری گرنگ لە ئامارەکانی پەیوەست بە ناوچەکان، کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعشە لە عێراق، هەرچەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە عێراق زیادی کردووە، بەڵام لە ئامارێکی گشتیدا و لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا، دەبینین ئەو ئۆپەراسیۆنانە کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، داعش ٦٤٣ ئۆپەراسیۆنی کەمتر لە ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق ئەنجامداوە. ژمارەی قوربانیانی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢، هەزار و ٢٦٠ کەس کەمتر بووە لە ساڵی ٢٠٢١ و ئەمەش ئەوە دەریدەخات کە لاوازی سەرەکی داعش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق بووە.

هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ئەفغانستان و سوریا و هەندێک ناوچەی دیکەش کەمبوونەتەوە. بەڵام هەندێک ئاماری دیکە، سەرەڕای کەمبوونەوەیان، کەمبوونەوەی زۆری بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمە لەکاتێکدایە ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکان لە نەیجیریا، هەروەها ژمارەی ئۆپەراسیۆن و قوربانییەکان لە چاد، مۆزەمبیق، مالی، کۆنگۆ، پاکستان، هەروەها ژمارەی قوربانییەکان لە سوریا، میسر، فلیپین، بورکینا فاسۆ، و لیبیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕووی لە زیادبوون کردووە. لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بگوترێت کە سەرەڕای کەمبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە سووریا، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی داعش لە سووریا زیادی کردووە، بێ گومان ئەم زیادبوونەی ژمارەی قوربانییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی زیندانی غۆیران لە حەسەکە و ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەی داعش دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە). هەروەها بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان لە مالی و بورکینافاسۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لەگەڵ جەماعەت نوسرەتولئیسلام وئەلموسلیمین دەگەڕێتەوە، هەروەها زیادبوونی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان و قوربانییەکان لە مۆزەمبیق و کۆنگۆ و نەیجیریاش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازە نوێیەکەی داعش بۆ ئەفریقای ڕەش، لەلایەکی دیکەوە، زیادبوونی قوربانییەکان لە میسر و زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکان و قوربانییەکان لە پاکستانیش جێی سەرنجە.

ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢
بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *