١٢ی ڕێبەندان، ڕۆژە شکۆدارەکەی مێژووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران

پێنجشەممە 2 شوبات 2023 - 10:54
https://kurdish.iswnews.com/?p=22400

١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ ی کۆچی هەتاوی (١ی شوباتی ساڵی ١٩٧٩) و لە وەها ڕۆژێکدا حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بە پێشوازێکی مێژوویی و لەبیرنەکراو گەڕانەوە تاران.

لە مێژووی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا ١٢ی ڕێبەندان ناوێکی زۆر گەورە و هەمیشەییە، ئەو ڕۆژەی کە حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) لە فەرەنساوە گەڕانەوە تاران و بە هاتنەوەیان لە ماوەی دە ڕۆژدا ڕژێمی پاڵەوی و پاڵپشتیکراو لە لایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە، لە سەر دەستی ئەو ڕێبەرە گەورە و کارێزمایە و بە یاوەری خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران ڕووخا.

١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ ی کۆچی هەتاوی لە تاران خرۆشێکی جەماوەری بینرا، ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئێران وێنەی ئیمامیان لە دەست بوو و لە سەر جادە و شوێنە گشتییەکان لە چاوەڕوانی هاتنی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو ڕێبەرە گەورەیە بوون، شەقامەکان لە خەڵک جمەیان دەهات و هەموو شوێنێک بە وێنەی گەورەی ئیمام خومەینی (رە) ڕازابووە، گرووپە جیاجیاکانی خەڵکیش لە فڕۆکەخانەی تاران لە چاوەڕوانی گەیشتنی فڕۆکە تایبەتەکەدا بوون.

لە ئاکامدا فڕۆکەخانە بووە شوێنێکی مێژوویی و کات و ساتێکی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی تۆمار کرد. فڕۆکە تایبەتەکە نیشتەوە، خەڵک چاوەڕوانی بینینی ئیمام خومەینی بوون. پێش ئەوەی کە ئیمام لە فڕۆکەکە بێنە خوارەوە، ١٥٠ کەس لە پەیامنێران و وێنەهەڵگرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بیانی کە لە وڵاتانی جیاجیاوە لە گەڵ ئەو ڕێبەرە گەورەیە هاتبوون، لە فڕۆکەکە هاتنە خوارەوە. چاوەکان بە تەواوی لە سەر ئەو فڕۆکەیە بوو. سەرەتا کوڕەکەی حەزرەتی ئیمام خومەینی، سەماحەتی حاجی سەید ئەحمەد خومەینی لە فڕۆکەکە هاتە خوارەوە. پاشان ئایەتوڵڵا تاڵەقانی چووە فڕۆکەکە و پیرۆزبایی هاتنی ئیمامی کرد.

کاتژمێر ٩ و ٣٥ خولەکی بەیانی بە کاتی تاران بوو و ئیمام خومەینی (رە) بەوپەڕی شکۆ و پێشوازییەوە لە قادرمەی فڕۆکەکە هاتنە خوارەوە.

دەنگی ” اللە اکبر ” هەموو شوێنێکی گرتبووە، حەشیمەتەکە لە هەر گرووپ و دەستەیەک بەرەو ئەو شوێنە دەڕووین کە ئیمامی لێبوو. لەو قەرەباڵغییە کەم وێنەیەدا ئیمام گەیشتنە هۆڵی فڕۆکەخانەکە. خەڵک درووشمیان بەرز دەکردەوە کە ” خومەینی، بە خێر بێنەوە بۆ خاکی ڕەنگینی نیشتمان ” یان ” سەڵەوات لە سەر محەممەد، ڕێبەری ئێمە بە خێر هاتەوە “. خەڵک لاڤێتەی زۆر گەورەیان بە دەستەوە بوو کە ئەو درووشمانەی لە سەر نووسراوبوو.

پاش ئەو ڕێوڕەسمە و وتنەوەی چەند سروودێک لە لایەن گرووپەکانەوە، ئیمام خومەینی (رە) دەستخۆشییان لە خەڵک کرد. پاشان بۆ سەردانیکردنی بەهەشتی زارا کەوتنەڕێ. لە سەر ڕێگاش گەنجانی خۆبەخش پاراستنی ئاسایش و ئارامییان لە ئەستۆ گرتبوو.

درێژایی ئەو حەشیمەتەی هاتبوونە پێشوازی ئیمامەوە، لە فڕۆکەخانە تا بەهەشتی زەرا نزیکەی ٣٣ کیلۆمەتر بوو و نزیکەی ٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسیش لە سەر ئەو ڕێگایە هاتبوونە پێشوازیی ئیمام خومەینی (رە).

لە ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ ی کۆچی هەتاوی گەورەترین پێشوازی مێژوو لە ئیمامی گەلی ئێران کرا. هەواڵەکەش جیهانی گرتەوە و پاشماوەکانی ڕژێمی پاڵەوی بە بینینی ئەم پێشوازییە ملیۆنییە ورەیان هێندەی زیاتر ڕووخا و خۆیان بۆ هەڵهاتن ئامادە کرد.

ئیمام خومەینی (رە) لە بەهەشتی زارا و لە نێو ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئامادەبووی ڕێوڕەسمی پێشوازییەکە، وتارێکی مێژووییان هەبوو و فەرموویان ” سەرکەوتنی ئێمە کاتێکە کە دەستی بێگانە لەم خاکە ببڕێت “. ئەوەش بووە درووشم و ستراتیژێک کە ٤٤ ساڵە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران موڵەتی گەڕانەوەی ئەمریکای بۆ سەر ئەم خاکە پیرۆزە نەداوە و سەرەڕای هەموو گوشار و گەمارۆیەکەوە، تا ئێستا ئێران سەربەرزانە ڕاوەستاوە و بەرەو پێشکەوتنی زیاتریش هەنگاو دەنێت.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *