سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ فەلەستینی داگیرکراو

سێشەممە 31 كانونی دووه‌م 2023 - 13:28
https://kurdish.iswnews.com/?p=22325

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسرائیل و تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی وەک پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا لە ئاسایشی ئیسرائیل، هەڕەشەکانی ئێران و پرسە ناوچەییەکان، گەیشتە فەلەستینی داگیرکراو.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی رابردوو (دووشەممە) گەیشتە فەلەستینی داگیرکراو و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆک و ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بە جیا کۆبووەوە.

بنیامین ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وتی: “سەردانەکەی بەڕێز بلینکن لە کاتێکدا ئەنجام درا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕووی ڕاستەقینەی حکومەتی ئێرانی بینیوە و پێموایە کۆدەنگییەک هەیە کە ئەم حکومەتە نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت”.

لەم دیدارەدا ئەنتۆنی بلینکن هەروەها جەخت لە پابەندبوونی واشنتۆن بۆ ئاسایشی ئیسرائیل کردەوە و وتی: “ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ ڕووبەڕوونەوەی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات.”

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا، هەردوولا ڕایانگەیاند: “کەڵک لە هەموو تواناکانی خۆمان وەردەگرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی ئێران، لەوانە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی و هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ڕووسیا.”

دوای ئەم دیدارە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، ئێلی کۆهین کۆبووەوە و ڕایگەیاند کە دیدارێکی بنیاتنەرمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەبووە. ئێمە باسمان لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایشی ئیسرائیل، ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و پێویستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی کەرتی ڕۆژئاوا کردەوە.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ڕژێمی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بڕیارە سەردانی ئۆکرانیا بکات و وتی: “چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاوتا ئۆکراینیەکەم، ئاگادارم کردۆتەوە کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە کیێڤ دەست بە تەواوی چالاکییەکانی دەکاتەوە. هەروەها پلانی سەردانەکەم بۆ باس کرد تا یەکەم وەزیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی کیێڤ دەکات”.

لە بەردەوامی دیدارەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، بلینکن لەگەڵ سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی، ئیسحاق هێرزۆگ دیدار و گفتوگۆی کرد. هێرزۆگ لەم دیدارەدا وتی: “خۆشحاڵم کە جارێکی تر میوانداری بلینکن دۆستی ڕاستەقینەی ئیسرائیل دەکەم. سوپاسی حکومەتی ئەمریکا دەکەم کە لەم کاتەدا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات. هاوپەیمانی ئاسنینی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هەردوولا زۆر گرنگە.”

شایانی باسە کە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ فەلەستینی داگیرکراو لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە هەفتەی ڕابردوو گەورەترین مانۆڕی سەربازی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە ناوی “Juniper y” لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەڕێوەچوو.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *