زانیاری_سەربازی: فڕۆکەی جەنگی فڕە مەبەستی سوخۆ٣٥

دووشەممە 6 شوبات 2023 - 16:48
https://kurdish.iswnews.com/?p=22106

فڕۆکەی Sukhoi Su-35 بە ناوی Flanker-E، فڕۆکەیەکی جەنگی نەوەی چوارەمی ++ فرە مەبەستە و لەلایەن کۆمپانیای سوخۆ دیزاین و لەلایەن کۆمپانیای KnAAPO ی ڕووسیەوە دروستکراوە. ئەم فڕۆکە جەنگییە پێش بەکارهێنانی سوخۆ-٥٧ لە ساڵی ٢٠٢٠، بە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی ڕووسی دادەنرا.

پەرەپێدانی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی-٣٥ لە ساڵانی هەشتاکان لە فڕۆکەی شەڕکەری جۆری سو-٢٧ دەستی پێکرد. ئەم فڕۆکە جەنگییە سەرەتا بە ناوی Su-27M ناسێندرا؛ لە ڕاستیدا ڕووسەکان بەدوای دروستکردنی وەشانی بەهێزتری فڕۆکەی شەڕکەری سو-٢٧دا بوون کە توانای مانۆڕی زیاتر، ئەڤیۆنیکی باشتر، مەودای دوورتر و بزوێنەری بەهێزتری هەبێت. بۆیە یەکەم وەشانی ئەم فڕۆکە جەنگییە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٨ یەکەم فڕینی خۆی ئەنجامدا و تا ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ١٥ فڕۆکەی ئەم فڕۆکە جەنگییە بە ناوی سوخۆی-٢٧ ئێم دروستکرا.
دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت کۆمپانیای سوخۆ ناوی ئەم فڕۆکە جەنگییەی بۆ سو-٣٥ گۆڕی بۆ ئەوەی سەرنجی بازاڕەکانی هەناردەکردن ڕابکێشێت. لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆمپانیای سوخۆ دەستی بە دووەم نوێکردنەوەی گەورەی ئەم فڕۆکە جەنگییە کرد و یەکەم فڕینی لە شوباتی ٢٠٠٨ ئەنجامدرا. مەبەست لەم کارە نوێ مانەوەی هێزی ئاسمانی ڕووسیا و پڕ کردنەوەی بۆشایی نێوان فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی چوارەم و پێنجەم تا ئەو کاتەی نەوەی پێنجەمی پڕۆژەی سوخۆی PAK FA ی ڕووسی ئامادە دەبێت.
فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی-٣٥ بە فڕۆکەی جەنگی “نەوەی چوارەم++” ناسراوە، و تا پێش فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمی سوخۆی-٥٧، بە بەهێزترین و پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی ڕووسیا دادەنرا کە ئەرکی جۆراوجۆری بەرگری و هێرشبەری ئەنجام بدات.

دیزاین و پەرەپێدانی فڕۆکەی جەنگی سو-٣٥
یەکەم فڕۆکە کە بۆ پلانی فڕۆکەی جەنگی سو-٣٥ دیزاین کرابوو، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی سو-٢٧ لەلایەن سوپای سۆڤیەتەوە دیزاین کرا. وەشانی کۆتایی فڕۆکەی جەنگی سو-٢٧ بە T-10S ناسراوە. لە ساڵی ١٩٨٢ کار لەسەر دیزاینی نوێکراوی فڕۆکەی جەنگی سو-٢٧ دەستیپێکرد و لە ساڵی ١٩٨٣دا ئەم دیزاینە وەرگیرا و بە سو-٢٧ ئێم و ناوی بنەڕەتی T-10M ناسێنرا.
دیزاینی فڕۆکەی جەنگی سو-٢٧ ئێم تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی فڕۆکەی جەنگی سو-٢٧ە، بەڵام لە دروستکردنی هەیکەلی سو-٢٧ ئێمدا، کاناردی بچووک لە ناوەڕاستی کابینەی فڕۆکە جەنگیەکەدا بەکارهێنراوە، کە کەمێک لە پێشەوەی باڵە سەرەکییەکانیدایە . بەکارهێنانی کانارد ڕێگە بە فڕۆکە دەدات مانۆڕی چڕی بەرزتر ئەنجام بدات بەبێ ئەوەی دیزاین و بەهێزکردنی پێکهاتەی سەرەکی بۆ کرابێت.
گۆڕانکارییەکانی دیکەی ئەم وەشانە بریتین لە درێژتربوونی بالەی کلک و توانای پڕکردنەوەی سووتەمەنی ئاسمانی و ویلەکانی گەورەتر لە پێشەوەی هەیکەل. جگە لەوانە، یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئەم فڕۆکە شەڕکەرە بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی کۆنترۆڵکردنی تەقە کردنە.
تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەم فڕۆکە جەنگییە بریتین لە بزوێنەری تۆربۆفانی بەهێزتر و بەکارهێنانی مادەی پێکهاتەی سووک و ئالۆوی ئەلەمنیۆم و لیتیۆم لە پێکهاتەی فڕۆکەکەدا.
ئەو ڕادارەی لەسەر ئەم فڕۆکە جەنگییە دانراوە، فرە مەبەستە و توانای دەستنیشانکردنی ئامانجە زەمینیەکانی هەیە.
ڕاداری N011 Bars کاتێک بۆ یەکەمجار لەسەر فڕۆکەی Su-27M دانرا، فڕۆکە جەنگییەکەی لە فڕۆکەیەکی تایبەت بە بەرگری ئاسمانی بۆ فڕۆکەیەکی جەنگی فرە مەبەست گۆڕی. بە پێچەوانەی ڕاداری N001 Myech کە لەسەر فڕۆکەی سوخۆی ٢٧ دانراوە و توانای دیاریکردنی ١٠ ئامانجی هەیە و لە یەک کاتدا دەتوانێت دوو مووشەک ئاراستەی تەنها یەک ئامانج بکات، ئەو ڕادارەی لەسەر فڕۆکەی Su-27M دانراوە توانای دیاریکردنی ١٥ ئامانج و بەرپەچدانەوەی ٦ ئامانجی هەیە.

جگە لە ڕاداری سەرەکی، ڕادارێکی دیکە بە ناوی N012 لەسەر پشتی فڕۆکە شەڕکەرەکە دانرابوو بۆ دیاریکردنی ئەو مووشەکانەی ئاراستەی فڕۆکە شەڕکەرەکە دەکرێن. ئەم دیزاینە بۆ یەکەمجار لەسەر فڕۆکەی جۆری Su-27M جێبەجێ کرا و ئەم فڕۆکە جەنگییە یەکەم فڕۆکەی شەڕکەرە کە ئەم توانایە بۆ زیاد کراوە. لە دیزاینەکانی دواتردا ئەم ڕادارە لە دواوەی فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-٣٥ لابرا و سوخۆی-٣٥ی ئێستاش ئەم ڕادارەیان نییە؛ بەڵام لە بەشی دواوەدا بە سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنی و جامکردن تەیار کرابوون.
تاقیکردنەوە و دەرکەوتنی فڕۆکەی جەنگی سو-٣٥
لە ساڵی ١٩٨٧ کۆمپانیای سوخۆ دەستی بە بەرهەمهێنانی یەکەم وەشان بە ناوی T10M-1کرد کە لە ڕواڵەت هاوشێوەی T-10S بوو. یەکەم فڕینی ئەم وەشانە لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨٨ لەلایەن ئۆلێگ تسۆی سەرۆکی فڕۆکەوانی سوخۆ ئەنجامدرا.
دوای دروستکردنی دوو نموونەی سەرەتایی، دیزاینی ئەم فڕۆکە جەنگییە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دووری ڕووسیا کرا بۆ ئەوەی لە کارگەی KnAAPO بەرهەم بهێنرێت. یەکەم وەشانی ڕاستەقینە کە دروست کراوە بە T10M-3 ناسراوە. ئەم وەشانەی یەکەم وەشانی سەرەکی جۆری Su-27M ە کە لەلایەن کارگەی KnAAPO دروستکراوە و یەکەم گەشتی لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٢ ئەنجامداوە. لەم کاتەدا یەکێتی سۆڤیەت رووخابوو و ڕەوتە سیاسییەکان بەرهەمهێنانی ئەم شەڕکەرەیان دواخست و تا ساڵی ١٩٩٥ تەنها دوو وەشان بۆ تاقیکردنەوە و نۆ وەشانی سەرەکی ئەم شەڕکەرە دروستکران.
دیزاینی فڕۆکەی Su-27M (T10M-3) بۆ یەکەمجار لە پێشانگای فڕۆکەوانی Farnborough Airshow لە ساڵی ١٩٩٢ بۆ خەڵک نمایشکرا. سێیەم نموونەی جۆری T10M-3 لە پێشانگای ئاسمانی دوبەی لە ساڵی ١٩٩٣ نمایشکرا، لەو کاتەدا کۆمپانیای سوخۆ ناوی فڕۆکە شەڕکەرەکەی بە سو-٣٥ گۆڕی. فڕۆکەی سوخۆی-٣٥ لە چەند ساڵی دواتردا چەندین نمایشی ئاسمانی ئەنجامدا، لەوانە لە پێشانگای ئاسمانی MAKS (نمیاشی ئاسمانی) لە ساڵانی ١٩٩٣ و ١٩٩٥، هەروەها پێشانگای ئاسمانی بەرلینی ILA لە ساڵی ١٩٩٤.
بە درێژایی تاقیکردنەوەی فڕین و بەرنامەکانی سو-٣٥دا دەرکەوت کە فڕۆکەکە لە کاتی مانۆڕەکانی کوبرا و کلکسلایددا کۆنترۆڵی باشی نەبووە. بۆیە وەشانی ١١ی جۆری Su-27M بە ژمارەی مۆدێلی T10M-11 لەلایەن KnAAPO لە ساڵی ١٩٩٥ دروستکراوە کە تایبەتە بە دانانی بزوێنەرێک کە نۆزڵی ئاراستەکردنی پاڵنەری تێدایە. لە کۆتاییدا ئەم گۆڕانکارییە بە دروستکردنی یەکەم و تاکە فڕۆکەی جەنگی جۆری سو-٣٧ کۆتایی هات.

١٥ نموونەی سەرەتایی فڕۆکەی جەنگی Su-35 (واتە Su-27M)
١٥ وەشانی نموونەیی Su-27M دروستکراون، کە بەم ڕیزبەندییە بریتین لە:

لە دوو نموونەی سەرەتایی بە ژمارەی ٨٦ و ٨٧ هیچ وێنەیەکی بەردەست نییە.

سوخۆی بە ژمارەی ٧٠٤ بۆ تاقیکردنەوە بووە و وێنەی لەبەردەستدا نییە.


جێی ئاماژەیە کە وەشانی دەیەمی فڕۆکەی جەنگی Su-27M بە ناوی T10M-10، بە بزوێنەری AL-41F1S تەیار کرابوو بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی پەیوەست بە فڕۆکەی جەنگی سوخۆ Su-57. وێنەی سوخۆ بە ژمارەی ٧١٠ لە سەرەوە پەیوەندی بەم مۆدێلەوە هەیە.

سوخۆ بە ژمارەی ٧١١
سوخۆ بە ژمارە ٧١٢ – لەگەڵ ٧٠٣ بۆ ماوەیەک لەلایەن تیمی ئەکرۆباتی Knightsی ڕووسیەوە بەکارهێنرا

یەکەم وەشانی فەرمی: Su-27M/Su-35
وەشانێکی تاک کورسییە و بە کۆدی T-10M ناسراوە. دوو وەشانی سەرەتایی ئەم مۆدێلە بە پێکهاتەیەکی جیاواز لە بەشی پێشەوەی جەستەیدا تەیارکراون.

دووەم وەشانی فەرمی: Su-37
وەشانی سەلماندنی تەکنەلۆژیایە و لە ڕاستیدا وەشانی یازدەھەمی Su-27M ـە کە بە سیستەمی کۆنترۆڵکردنی فڕین و کابینەی نوێ و ڕاداری N011M و بزوێنەری AL-31FP تەیار کراوە.

بزوێنەری فڕۆکەی Su-37

سێیەم وەشانی فەرمی: Su-35UB
وەشانێکی دوو کورسییە و بۆ ڕاهێنانە کە لەلایەن KnAAPO دیزاین و دروستکراوە. ئەم وەشانە بە T-10UBM-1 ناسراوە و هەمان هەیکەلی Su-30MKK ی هەیە. هەروەها باڵەکانی کلکی ئەم فڕۆکە جەنگییە درێژترە لە وەشانی Su-27M. فڕۆکەی جەنگی Su-35UB بە سیستەمی ئەلیکترۆنی فڕۆکەی جەنگی Su-30MKK تەیار کراوە، هەروەها بزوێنەرەکانی ئەم وەشانەی جۆری AL-31FP و بە نۆزڵی ئاراستەیی پاڵنان تەیار کراوە. هەرچەندە فڕۆکەی جەنگی Su-35UB بۆ ڕاهێنانە، بەڵام هەموو تواناکانی فڕۆکەیەکی جەنگی سەرەکی هەیە.

فڕۆکەی Su-35UB

چوارەم وەشانی فەرمی: Su-35BM
وەشانێکی تاک کورسییە و دیزاینێکی نوێی Su-27 ـە. ئەم وەشانە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لە وەرگرتنی هەوادا هەیە، ڕاداری ئەم وەشانەی بۆ جۆری N035 Irbis-E نوێکراوەتەوە، هەروەها بزوێنەرەکانی ئەم وەشانە بریتین لە AL-41F1S کە بە نۆزڵی ڤێکتەری پاڵنەر تەیار کراوە. ناوێکی تری ئەم وەشانە T-10BM ـە.

پێنجەم وەشانی فەرمی: Su-35S
سوخۆ-35S دیزاینێکی نوێی T-10BM ـە بۆ هێزی ئاسمانی ڕووسیا و وەشانی سەرەکی ئەم فڕۆکە جەنگییە بۆ ئۆپەراسیۆن. “S” کورتکراوەی وشەی ڕووسی Stroyevoy بە واتای “جەنگاوەر” دێت.

تایبەتمەندییە دیارەکانی فڕۆکەی جەنگی سوخۆ-٣٥
بزوێنەری AL-41F1S ی فڕۆکەی Su-35 بە نۆزڵی ئاراستەکردنی پاڵنەر تەیار کراوە، هەروەها سیستەمی ڤێکتەری پاڵنەر و سیستەمی یەکگرتووی کۆنترۆڵکردنی فڕین و پاڵنەرەکانی Su-35 ڕێگە بە فڕۆکەکە دەدات “توانای مانۆڕی سەروو مانۆڕ” بەدەستبهێنێت، ئەمەش وای لێدەکات بتوانێت مانۆڕی دوای وەستان لەگەڵ خێرایی نزم ئەنجام بدات.
بزوێنەری AL-41F1S توانای پاراستنی خێرایی سەروو دەنگی بە فڕۆکەی Su-35 دەبەخشێت بەبێ بەکارهێنانی ئافتەرسوتێنەر. بە گوتەی کارلۆ کاپ لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی هێزی ئاسمانی ئوسترالیا، تایبەتمەندییەکی لەو شێوەیەی “سوپەرکرۆز” ڕێگە بە فڕۆکەی سو-٣٥ دەدات بە خێرایی و بەرزییەکی زیاتر لەگەڵ دوژمندا شەڕ بکات و مەودای موشەکەکانی بە ڕێژەی ٣٠ تا٤٠٪ زیاد بکات.

فڕۆکەی جەنگی سو-٣٥ لە ڕاداری بەهێزی N035 Irbis-E کەڵک وەردەگرێت. ئەم ڕادارە توانای دیاریکردنی ئامانجەکانی لە دووری ٤٠٠ کیلۆمەتر هەیە. ئەم ڕادارە توانای دۆزینەوەی ٣٠ ئامانجی هەیە و دەتوانێت لە یەک کاتدا بەرپەرچی ٨ ئامانج بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاداری ئاماژەپێکراو توانای دۆزینەوەی ئامانجە زەمینییەکان بە دابینکردنی وێنەی کوالیتی بەرزی بە بەکارهێنانی دۆخی دیافراگم (SAR) هەیە.

ڕاداری N035 Irbis-E
مەودا و توانای ڕاداری سوخۆ ٣٥ بۆ دیاریکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی تر

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، فڕۆکەی جەنگی سو-٣٥ توانای دۆزینەوە و لەناوبردنی فڕۆکەی F-15 لە دووری ٤٠٠ کیلۆمەتر، فڕۆکەی F-16 F/A-18 و تایفون لە دووری ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ کیلۆمەتر ، فڕۆکەی F-35 لە دووری ٦٠ و فڕۆکەی F-22 لە دووری ٣٥ کیلۆمەتری هەیە. ڕاداری پەلسی دۆپلەری فڕۆکەی جەنگی ئێف١٥ نزیکەی ١٧٥ کیلۆمەتر مەودای هەیە.

مەودای سیستەمی ئامانجکردنی لەیزەری پێنج میحوەریی CMP (Circular Error Probable) تا ٢٠ کیلۆمەتر بۆ ئامانجە ئاسمانییەکان و ٣٠ کیلۆمەتر بۆ ئامانجە زەمینییەکانە.

فڕۆکەی جەنگی سو-٣٥ بە سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی L175M Khibiny-M بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن تەیار کراوە. سیستەمەکە بۆ دۆزینەوەی ئاراستەی ڕادیۆ و لێکۆڵینەوە لە تیشکی سەرچاوەی سیگناڵەکە دروستکراوە، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات پارامێتەرەکانی ئەو سیگناڵە بشێوێنێت کە لە فڕۆکەی شەڕکەرەوە ڕەنگدەداتەوە. لێرەوە ئەم سیستەمە یارمەتیدەرە بۆ درەنگتر ئاشکرا بوونی فڕۆکەکە، فڕۆکەکە لە بەرامبەر ڕەنگدانەوەی ساختەدا دەشارێتەوە، دۆزینەوەی مەودا و خێرایی و شوێنی گۆشەیی فڕۆکە شەڕکەرەکە بۆ دوژمن قورس دەکات، هەروەها کات و سەختی دۆزینەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکە لە سکانی چالاکدا لە ساتی (real-time) لە ڕاداری دوژمن زیاد دەکات.

سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنی Khibiny-M کە لەسەر نوکی باڵی سوخۆی-٣٥ دانراوە

سیستەمێکی پێشکەوتووی گەڕان و شوێنپێهەڵگرتنی ژێر سوور (IRST) بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر بە ناوی OLS-35 لەسەر فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ-35 بەکاردەهێنرێت. OLS-35 ئامێری گەڕانی حەراری، مەودا دۆزینەوەی لەیزەری و کامێرای تەلەفزیۆنی لەگەڵ ئەلگۆریتمێکی نوێ و کەرەستەی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت.
سیستەمی OLS-35 پلەی +/- 90 و گۆشەی +60/-15 پلە لە بەرزیدا لەخۆوە دەگرێت و دەتوانێت فڕۆکەی شەڕکەری دوژمن کاتێک لە پێشەوە نزیک دەبێتەوە لە دووری ٥٠ کیلۆمەتر بدۆزێتەوە. هەروەها لە پشتەوە لە دووری ٩٠ کیلۆمەتر توانی دۆزینەوەی فڕۆکەی شەڕکەری دوژمنی هەیە. مەودای دۆزینەوەی لەیزەری OLS-35 بە بازنەی هەڵەی (CEP) پێنج مەتر و مەودای تا ٢٠ کیلۆمەتر بۆ ئامانجە ئاسمانییەکان و ٣٠ کیلۆمەتر بۆ ئامانجە زەمینییەکان هەیە.

لە بەشی کابینەکەدا، لەکاتێکدا دیزاینی کابینەی Su-27M ئامێری ئەڤیۆنیکی گونجاو بۆ فڕۆکەیەکی جەنگی فرە مەبەست تێدابووە، بەڵام لە تاقیکردنەوەکانی فڕیندا، ناکارامەیی کەرەستەکانی کابینەکە بۆ بەکارهێنانی کاریگەرانەی چەکی شەڕکەرەکە دیاریکرا. بۆیە کابینەی فڕۆکەوان و سیستەمەکانی دیزاین و باشتر کرانەوە. لە دیزاینە نوێیەکەدا سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاری کۆمپلێکسی ئەڤیۆنیکسی فڕۆکە جەنگییەکە گۆڕدرا بەجۆرێک کە ئێستا دوو کۆمپیوتەری دیجیتاڵی هەیە بۆ پرۆسێسکردنی زانیارییەکانی کۆنترۆڵی فڕین و سیستەمی چەک. زانیارییەکان لەسەر دوو شاشەی LCD ی فرەکارە بە قەبارەی ٩×١٢ ئینج (٢٣ سم x ٣٠ سم) پیشان دەدرێن. هەروەها فڕۆکەوان دەتوانێت زانیارییە گرنگەکانی فڕین لەسەر شاشەی (HUD) ببینێت، و هەروەها کۆنترۆڵکەری فڕینی فڕۆکە جەنگییەکە توانای Hands On Throttle-And-Stick (HOTAS)ی تێدایە. بە توانای HOTAS فڕۆکەوانەکان دەتوانن هەموو ئەرکە گرنگەکان بەبێ ئەوەی دەستیان لە کۆنترۆڵی فڕینەکە لاببەن، ئەنجام بدەن.

ئامێری ھاوشێوەکردنی کابینەی فڕۆکەوانی Sukhoi-35-S – شاشەیەکی لە بەرامبەر، دوو شاشەی LCD فرەکارە و کۆنتڕۆڵێکی HOTAS
دیمەنێکی کابینەی فڕۆکەیەکی سەرەتایی سوخۆی-٣٥

فڕۆکەی سوخۆی ٣٥ لە بەشی چەکدا بە تۆپێکی ئۆتۆماتیکی GSh-30-1 ٣٠ ملم تەیار کراوە. ئەم فڕۆکە جەنگییە ١٢ شوێنی دەرەکی (Hardpoints) بۆ هەڵگرتنی هەموو جۆرە مووشەکێک بۆ ئامانجە ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەکان و هەروەها مووشەکی دژە ڕاداری هەیە. هەروەها ئەم شوێنانە دەتوانن جۆرەها بۆمبی ڕێنماییکراو هەڵبگرن. ڕێکخستنی ئەو ١٢ پێگەی دانانی چەک بەم شێوەیە: دوو پێگە لە نوکی باڵەکان، شەش پێگە لە ژێر باڵەکان (هەر باڵێک سێ پێگەی هەیە) و چوار پێگە لە ژێر سکی فڕۆکەکەدایە.

١٢ شوێنی هەڵگرتنی چەکی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی-٣٥
تۆپی ئۆتۆماتیکی ٣٠ ملم GSh-30-1 سوخۆی-٣٥

بازاڕی هەناردەکردنی فڕۆکەی جەنگی Su-35
فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-٣٥ بۆ ڕاکێشانی کڕیارانی لە دوبەی لە ساڵی ١٩٩٣ و بە فڕۆکەوانی ڤیکتۆر پوگاچۆڤ بەشداری شەڕێکی ئاسمانی لەگەڵ فڕۆکەی جەنگی سو-٣٠ ئێم کەی کرد. دوای ئەمەش جارێکی دیکە ئەو فڕۆکە جەنگییە لە نمایشە ئاسمانییەکان لە بەرلین و پاریس و مۆسکۆ فڕی و تایبەتمەندییەکانی بۆ ڕای گشتی نمایش کرد.
لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا سوخۆ دانوستانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور هەبوو بۆ فرۆشتنی ئەو فڕۆکە شەڕکەرە، بەڵام دانوستانەکان سەرکەوتوو نەبوون. هەروەها کۆمپانیاکە دیزاینەکانی خۆی بە بەرازیل و چین و ئیمارات فرۆشتووە.
میسر یەکێک بوو لە کڕیارە سەرەکییەکانی سو-٣٥ و داوای ٢٤ فڕۆکەی لەو جۆرەی لە ڕووسیا کردبوو. بەڵام ئەم داواکارییە بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمریکاوە هەڵوەشایەوە. ئەمریکا هەڕەشەی لە میسر کردبوو کە ئەگەر فڕۆکەی جەنگی لە ڕووسیا بکڕێت، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنێت. هەروەها ئەندەنوسیا کە داوای ١١ فڕۆکەی ئەم جۆرەی کردبوو، لەگەڵ جەزائیر، بە هۆکاری هاوشێوە داواکانیان هەڵوەشاندەوە.
لە ئێستادا ڕووسیا بە ٨٨ و چین بە ٢٤ فڕۆکە لە بەکارهێنەرانی سەرەکی ئەم فڕۆکە جەنگییەن.
بەپێی خەمڵاندنەکەی کۆمپانیای سوخۆ، ئەم کۆمپانیایە توانای فرۆشتنی ١٦٠ لەو فڕۆکە شەڕکەرانەی بە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. یەکەم داواکاری ئەم فڕۆکە جەنگییە لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەنجامدرا کە ٦٤ فڕۆکە بوو.

مانۆڕی سوخۆ٣٥ی سوپای ڕووسیا

تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەی جەنگی سوخۆ-٣٥:
بەکارهێنان: شەڕکەری فرە ڕۆڵ
بەرهەمهێنەر: یەکێتی سۆڤیەت/ڕووسیا
ساڵی دروستکردن: وەشانی Su-27M لە ساڵی ١٩٨٧ تا ١٩٩٥ و وەشانی Su-35S لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ئێستا
یەکەم فڕین: وەشانی Su-27M لە ساڵی ١٩٨٨ و وەشانی Su-35S لە ساڵی ٢٠٠٨
درێژی: ٢١.٩ مەتر
درێژی باڵەکان: ١٥.٣ مەتر
بەرزی: ٥.٩ مەتر
تیمی فڕۆکەوانی: ١ کەس
کێشی بەتاڵ: ١٩ هەزار کیلۆگرام
زۆرترین کێشی بەرزبوونەوە: ٣٤.٥٠٠ کیلۆگرام
جۆری بزوێنەر: ٢ بزوێنەری تۆربۆفانی Saturn AL-41F1S
زۆرترین خێرایی: ٢.٤٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
زۆرترین مەودا: ٣.٦٠٠ کیلۆمەتر
سەقفی فڕین: ١٨ هەزار مەتر (٥٩ هەزار پێ)

چەکەکانی فڕۆکەی جەنگی Su-35:
تۆپی سەرەکی: تۆپی ٣٠ ملم ی GSh-30-1

بۆمبی ڕێنمایی تەلەفزیۆنی KAB-500KR و KAB-1500KR و GBU-500T و GBU-1000T
بۆمبی ڕێنماییکراوی لەیزەری KAB-500L، KAB-1500L، GBU-500 و GBU-1000
بۆمبی ڕێنمایی کراو KAB-500OD
بۆمبی ڕێنمایی مانگی دەستکردی KAB-500S-E

موشەکی ٣٤٠ ملم S-25

مووشەکێکی کورت مەودای Vympel R-73 بە مەودای ٣٠ کم
هەموو جۆرەکانی مووشەکی ئاسمان بۆ ئاسمانی مەودا مامناوەندی Vympel R-27 بە مەودای ٤٠ بۆ ١٧٠ کم
موشەکی Vympel NPO R-77 مەودای مامناوەندی ئاسمانی بۆ هەوا کە مەودای ٨٠ بۆ ٢٠٠ کم
مووشەکی ئاسمانی بۆ ئاسمانی Vympel R-37M بە مەودای ٤٠٠ کم
مووشەکی ئاسمانی بۆ سەرزەوی Kh-29 بە مەودای ١٠ بۆ ١٢ کم
موشەکی 3M-14AE ڕووکار بۆ ئاسمان بە مەودای ٣٠٠ کم
موشەکی کروزی Kh-36 بە مەودای ١٢٠ کم
موشەکی کروزی Kh-65SE بە مەودای ٦٠٠ کم
موشەکی کروزی Kh-SD بە مەودای ٣٠٠ بۆ ١٩٠٠ کم
موشەکی دژە کەشتی Kh-31A/AD بە مەودای ٢٥ بۆ ١٠٥ کم
مووشەکی دژە کەشتی Kh-59 بە مەودای ٢٩٠ کم
مووشەکی دژە کەشتی Kh-35U بە مەودای ٣٠٠ کم
مووشەکی دژە کەشتی 3M-54AE1 بە مەودای ٣٠٠ کم
مووشەکی دژە کەشتی Kh-61 بە مەودای ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ کم
مووشەکی دژە ڕادار Kh-25MP بە مەودای ٦٠ کم
مووشەکی دژە ڕادار Kh-31P بە مەودای ١١٠ کم
مووشەکی دژە ڕادار Kh-58 بە مەودای زیاتر لە ١٢٠ کم

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *