نۆژەنکردنەوە و کاراکردنی فڕۆکەخانەی سەربازی ئەلجەراح لە حەلەب

دووشەممە 23 كانونی دووه‌م 2023 - 20:26
https://kurdish.iswnews.com/?p=22008

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ سوپای سوریا بە هاوکاری سوپای ڕووسیا فڕۆکەخانەی سەربازی ئەلجەراح لە پارێزگای حەلەبی نۆژەنکردەوە و بە فەرمی دەست بە بەکارهێنانی کرا.

سوپای سوریا بە هاوکاری سوپای ڕووسیا توانی دوای چەندین ساڵ فڕۆکەخانەی سەربازی “ئەلجەراح” ناسراو بە “کەشیش” لە ناوچەی منبج لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب کارا بکاتەوە.

دوای ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم فڕۆکەخانەیە بە ئامادەبوونی سوپای ڕووسیا و فیرقەی ٢٥ی هێزی تایبەتی سوریا، سوپای ڕووسیا دوو هێلیکۆپتەری کامۆڤ کا-٥٢ و یەک کۆپتەری می ٨ و چەندین سیستەمی بوک ئێم ٢ و پانتسیر- ئێس (Pantsir-S) لەم فڕۆکەخانەیەدا بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی و پاراستنی فڕۆکەکان جێگیر کرد.

پێشتریش بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە چەکداران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەم فڕۆکەخانەیە ڕادەستی سوپای پاسدارانی ئێران کراوە بۆ ئەوەی وەک ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاربهێنرێت، بەڵام بەپێی زانیاری و بەڵگەکانی بەردەست ئەم بانگەشەیە ڕەتدەکرێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٣ و دوای دوو مانگ لە گەمارۆدان و خۆڕاگری سوپای سوریا، فڕۆکەخانەی سەربازی ئەلجەراح کەوتە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی ئەحرار شام و سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ گروپی تیرۆریستی داعش دوای ململانێ لەگەڵ چەکدارانی ئەحرار شام ئەم فڕۆکەخانەی کۆنترۆڵکرد. دواجار لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ هێزەکانی سوپای سوریا بە پاڵپشتی ئاسمانی سوپای ڕووسیا، تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و فڕۆکەخانەی ئەلجەراحیان کۆنترۆڵکردەوە.

شایانی باسە فڕۆکەخانەی ئەلجەراح دەڕوانێتە دوو شاری ستراتیجی دێرحافر و مەسکەنە و ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای حەلەب بەیەکەوە دەبەستێتەوە. مەودای زۆر کورتی نێوان ئەم فڕۆکەخانەیە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، تایبەتمەندییەکی تری ئەم فڕۆکەخانەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە، پێدەچێت دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی باکوری سوریا، فڕۆکەخانەی ئەلجەراح ڕۆڵی بەرچاوی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای سوریا لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا هەبێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *