زیادبوونی هەڵکەندنی تونێل لەلایەن هێزەکانی هەسەدە لە پارێزگای حەسەکە

چوارشەممە 18 كانونی دووه‌م 2023 - 12:21
https://kurdish.iswnews.com/?p=21849

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵکەندنی تونێلیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە پارێزگای حەسەکە، بەتایبەتی ناوچەکانی نزیک لە سنووری تورکیا چڕکردووەتەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوچەکانی نزیک لە سنووری تورکیا و ناوەندی شارەکان و دەوروبەری بارەگا سەربازییەکانیان خەندەق و تونێل هەڵکەندووە و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە هێنانی کرێکاری خۆجێی ئەو ڕێوشوێنانەیان چڕکردووەتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاتی هەڵکەندنی تونێل لە ناوچەکانی وەک شاری “ئەلمالکیە” و ناوچەی “جەبەل عەبدولعەزیز” بەهۆی داڕمانی تونێلێک سێ کرێکار گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە چوار کرێکاری دیکەش بریندار بوون.

ھێزەکانی هەسەدە ئەم تونێلانەیان بە ئامانجی زیادکردنی توانای مانۆڕ، جوڵە و ھەروەھا خۆ شاردنەوە لە هێرشی و پشکنینی فڕۆکەکانی تورکیا ھەڵکەندووە.

ئەم ڕێوشوێنانە لە کاتێکدا گیراونەتەبەر کە مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر ڕایگەیاند: ئێمە هەڕەشەکانی تورکیا بە جددی وەردەگرین. پێشبینی دەکەین لە مانگی شوباتدا هێرشەکە ئەنجام بدرێت. تورکیا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و ئێمە دەزانین ئەردۆغان هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی ناسیۆنالیستەکان دەدات و وەک دیارە ئەو بڕوای وایە بە هێرشکردنە سەر باکوری سوریا جارێکی دیکە دەتوانێت ئامانجەکانی بەدەست بھێنێت.

شایانی باسە، ئیبراهیم کالین وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ١٤ی ئەم مانگە ڕایگەیاند کە تورکیا ئامادەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوخۆی سوریا دەستپێبکات. هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی بەو مانایە نییە کە تورکیا بژاردەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باکوری سوریا وەلاوە بنێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *