یادداشت: بژاردەکانی جۆلانی دوای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا چین؟
پرسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و تورکیا لە نێوان هەواڵە ناکۆکانەی سەبارەت بە بڕیار و ئامانجە ڕاستەقینەکەی ئەنقەرە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەردەوامی تورکیا لە پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکانی سوریا، هێشتا لە ماشێتی میدیاییەکاندایە.
سەبارەت بە کردەوەکانی تورکیا بە ئامانجی سنووردارکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کە لایەنە سەربازیەکەی بە سوپای نیشتمانی سوریا، و لایەنە سیاسیەکەی بە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی ناوخۆی کاتی ناسراوە؛ کێشەی سەرەکی تا ئێستاش لەگەڵ تەحریر شام (بەرەی نوسرە پێشوو) و سەرۆکەکەی ئەبو محەممەد جۆلانی وەک خۆی ماوەتەوە.
شرۆڤەکاران پێیان وایە جۆلانی کە پێشتر دژایەتی خۆی بۆ نزیکبوونەوەی تورکیا و سوریا دەربڕیبوو، داوای لە هێزە چەکدارەکانی جەیش ئەلوەتەنی کردووە هاوکاری تەحریر شام بکەن بۆ پێکهێنانی گروپێکی هاوبەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا.
بژاردەکانی جۆلانی سنووردارە، کە یەکێک لەوانە قبوڵکردنی واقیع و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی نوێدایە کە لە سوریا پێکدێت. بژاردەیەکی دیکە بۆ سەرکردەی تەحریر شام پاشەکشەکردنە لە ئیدلبەوە بۆ ناوچەکانی باکووری شاری حەلەب، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئامادەبوونی خۆی لەم ناوچانەدا زیادی کردووە، چونکە هەندێک لە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە جۆلانی خۆی بۆ شەڕێکی سەربازی نوێ ئامادە دەکات. ئەم بابەتەش پاشەکشەکردن لە چەند ناوچەیەکی نزیک لە ئیدلب و لە هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریا، لە بەرامبەر پێشڕەوی زیاتر لە پارێزگای حەلەب دەگرێتەوە.
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، گفتوگۆیەکی زۆر لە کۆبوونەوەکانی چەکداران سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی جۆلانی و تەحریر شام لە شەڕی گرووپە کوردییەکان هەیە. ڕێگریکردن لەم بابەتە پێویستی بە پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن هەیە کە لە سەرەتا هەموو گروپە چەکدارەکان کۆبکاتەوە. ئەمەش ئەو بابەتەیە کە جۆلانی رەزامەندی لەسەر دەکات چونکە گەرەنتی مانەوەی خۆی و تەحریر شام دەکات.
ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیادبوونی کاریگەریی تەحریر شام لە پارێزگای حەلەب، بە لەبەرچاوگرتنی فراوانبوونی چالاکییەکانی ئەمریکا و پشتیوانی لە هێزەکانی هەسەدە بە چەکی دژە تانک و دژە فڕۆکە، ڕێگە بۆ چەند سیناریۆیەک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتەوە. ئەم سیناریۆیانە بە لەبەرچاوگرتنی بوونی کەناڵی پەیوەندی ڕاستەقینە لە نێوان جۆلانی و واشنتۆن کە بە ڕوونی لەکاتی تیرۆرکردنی دوو سەرکردەی داعش لەلایەن ئەمریکاوە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی تەحریر شام ئاشکرا بوو، ئەگەری گواستنەوەی جۆلانی بۆ بنکەکانی ئەمریکا زیاد دەکات. هەروەها جۆلانی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕێوشوێنی بەرفراوانی گرتووەتە بەر بۆ دوورخستنەوەی ئەلقاعیدە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.
جگە لەمەش دۆسیەی ئیدلب یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە ناتوانرێت پشتگوێ یان دوابخرێت بەهۆی ئەو گرنگییەی کە بۆ دیمەشق، مۆسکۆ و تەنانەت ئەنقەرە هەیە کە بە چالاککردنەوەی ئەو ڕێڕەوە پەککەوتووە بەدوای وەبەرهێنانی ئابووریدا دەگەڕێن. هەموو ئەمانە پێویستی بە بەرقەرار کردنی ئەمنیەتی ڕێگا سەرەکییەکان، لەوانەش ڕێگای M4ـە کە بەشێکی لە هێڵەکانی بەرکەوتندایە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەشێکی دیکەی لە حەلەبەوە تا لازقییە درێژدەبێتەوە و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادایە، و بەشێکی بچووک بە بنکە سەربازییەکانی تورکیا و بارەگاکانی تەحریر شام دەورە دراوە.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، ئەو ناوچانە شاهیدی جموجۆڵە جددیەکانی سوپای تورکیا بۆ کردنەوەی بەشێک لەم ڕێگایە، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی کێوماڵکردن و هەروەها دانوستان بۆ گواستنەوەی سێ بارەگای سەربازیی تەحریر شام بۆ ناوچەیەکی تر بووە، بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە بە تەنیا بەس نابن.
سەرەڕای بەڵێنەکانی پێشووی سەرۆکی تەحریر شام بۆ پابەندبوون بە دانوستانەکانی ئاستانە و ڕێگریکردن لە هەر هێرشێک بۆ سەر ڕێگای خێرای M4، ئەنقەرە ترسی ئەوەی هەیە کە گروپە چەکدارەکان لە وەڵامی هەندێک چالاکی و ڕێوشوێن، هێرشی تۆڵەسەندنەوە لەسەر ڕێگای M4 ئەنجام بدەن. سوپا و ئەفسەرانی هەواڵگریی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی تەحریر شام ئەنجامداوە و رایانگەیاندووە کە جۆلانی جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی کردووەتەوە لە هێرش نەکردن بۆ سەر ڕێگای M4 و بە ئامانج نەکردنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا.
شایانی باسە ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب- لازقییە یان ڕێگای M4 ڕێگایەکی نێودەوڵەتییە کە شارەکانی حەلەب و لازقییە لە سوریا بە ناوچەی سنووری ئەلیعروبیە لەسەر سنووری عێراق دەبەستێتەوە. ئەم ڕێگایە هاوتەریبە لەگەڵ سنووری تورکیا و لە ئیدلب لەگەڵ ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب – حەما (M5)، کە ٦٠ کم هاوبەشە، یەک دەگرێتەوە.
لەم بارەیەوە:
لێدوانەکان