ئەمریکا ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی حەشدی شەعبی لە دژی داعش کرد
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ بەرپرسێکی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار لە دژی داعش کردووە.
بەرپرسێکی ئەمنی عێراق بە ماڵپەڕی ئەلمەعلومە ڕاگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کە لە بنکەی عەین ئەسەد جێگیرن، بە هەڕەشە ڕێگریان لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دژی تیرۆریستانی داعش کردووە.
ئەم بەرپرسە ئەمنییە بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکییەکان هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدرێت، هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەنە ئامانج، هەر بۆیەش ئۆپەراسیۆنەکە بۆ وادەیەکی دیکە دواخرا.
بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئەمنییە، بڕیار بوو ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ناوچەی “وادی حوران” لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و نزیک سنوورەکانی سووریا ئەنجام بدرێت و زانیاری ورد لەسەر جموجۆڵی فەرماندە و ئەندامانی داعش کۆکرابووەوە.
ئەم بەرپرسە ئەمنییە عێراقییە هەروەها ڕایگەیاندووە، سوپای ئەمریکا باش ئاگاداری زیادبوونی ژمارەی تیرۆریستانی داعشە لە ناوچەی “وادی حوران”، بەڵام هیچ هەنگاوێک ناگرێتەبەر و لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە عێراقییەکان دەکات.
ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەرکی پاککردنەوەی ئەم ناوچەیەی لە تیرۆریستانی داعش بە هێزەکانی حەشدی شەعبی سپاردووە. شەممەی ڕابردوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی ناردنی ئامێری قورس و چەکی بۆ ناوچە بیابانییەکانی نزیک سنووری سووریا بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی ڕاگەیاند.
هەر لەم بارەیەوە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕایگەیاند، سەرچاوەی هەڕەشەکان بۆ سەر عێراق ئەو تیرۆریستانەن کە لە سنووری سووریاوە دێنە ناو خاکی عێراقەوە.
لێدوانەکان