فەڵەستین زیندووە / ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبی – زایۆنیستی دینارێک بایەخی نییە

دووشەممە 16 كانونی دووه‌م 2023 - 13:08
https://kurdish.iswnews.com/?p=21762

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرکردە فەڵەستینییەکان لە دیمەشق بە ئاماژە بە دەستبەکاربوونی بنیامین نتانیاهۆ وتی کە گۆڕینی ناو و ڕواڵەتەکان شتێک ناگۆڕێت و فەڵەستین زیندووە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبی – زایۆنیستی دینارێک بایەخی نییە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی سەردانەکەی بۆ شاری دیمەشق، لە گەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسان و سەرکردەی گرووپە جیاجیاکانی فەڵەستین کۆبووە.

ناوبراو بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی لە پایتەختی سوریا بە پیشاندەری یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی لە بەرامبەر دۆسیەی فەڵەستین ناو برد.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: فەڵەستین و قودسی پیرۆز وەک پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلام دەمێنێتەوە و تا کاتێک حکومەتی سەربەخۆی فەڵەستین لە سەرتاسەری خاک و نیشتمانی مێژوویی فەڵەستین بە پایتەختی قودسی پیرۆز پێک نەهێندرێت، فەڵەستین بەردەوام وەک پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلام دەمێنێتەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ساڵانێکی زۆرە لە ڕێگای پلانە جیاجیاکانی وەک ئۆسلۆ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، گرێبەستی سەدە و ڕێکەوتنی ئابراهام هەوڵی بەلاڕێدابردنی ئەم پرسەیان داوە بەڵام گەل و خۆڕاگریی فەڵەستین بە یەکڕیزی سەرجەم ئەو پلانەیان خستووەتە زبڵدانی مێژووەوە.

ناوبراو وتی کە پرۆسەی شمشێری قودس ئەوەی پیشانیدا کە خۆڕاگری و فەڵەستین زیندووە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: تەنانەت لە مۆندیالی قەتەر ئەوە پیشاندرا کە فەڵەستین زیندووە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبی – زایۆنیستی دینارێک بایەخی نییە.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی ڕژێمی زایۆنیستی بە سەرۆکایەتی بنیامین نتانیاهۆ وتی: لە فەڵەستین داگیرکراو گۆڕینی ناو و ڕواڵەتەکان شتێک ناگۆڕێت، بەڵکوو بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی لە توندڕۆیەکەوە بەرەو توندڕۆیەکی دیکە دەڕۆن و هۆکارەکەشی کێشە و قەیرانە کەڵەکەبووە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی ڕژێمی زایۆنیستییە، ئەڵبەت توندڕۆکان دەبنە هۆی خۆڕاگری زیاتری گەل و گرووپەکانی فەڵەستینی.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ بەڕێزان سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان و زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین و کۆبوونەوەم لە دیمەشق لە گەڵ ئێوە برایانی بزوتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکەی فەڵەستین، ئەو پەیامەمان پێدەگات کە خۆڕاگری لە باشترین بارودۆخی خۆیدایە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە کۆتاییدا وتی: سەرەڕای ئەو پیلانەی کە هەوڵی سەرقاڵکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە کێشە ناوخۆییەکان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە دەدا و شەڕێکی هەمەلایەنەیان لە دژی کۆماری ئیسلامی دەستپێکرد، بەڵام بە یارمەتی خودای گەورە و ووشیاری گەلی ئێران ئەو پیلانەش شکستی هێنا.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *