گروپی ئەجناد قەوقاز؛ لە چیچانەوە بۆ سووریا و ئۆکرانیا

شەممە 14 كانونی دووه‌م 2023 - 00:24
https://kurdish.iswnews.com/?p=21641

ئەجناد قەوقاز (سەربازە قەوقازییەکان) ناوی یەکێک لە گروپە چەکدارە چیچان و قەوقازییەکانە کە بەم دواییە ڕەوانەی بەرەکانی ئۆکرانیا کراون بۆ شەڕکردن دژی ڕووسەکان. ئەم گروپە بە یەکێک لە گروپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە دادەنرێت و رابردووی بەشداری کردنیان لە شەڕەکانی چیچان و سووریا هەیە.

لە کاتی شەڕی دووەمی چیچان لە ساڵی ٢٠٠٩، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارە هەڵاتووەکانی گرووپی ئیمارەتی ئیسلامی قەوقاز بۆ تورکیا کۆچیان کرد. دەستپێکردنی شەڕ لە سووریا و کەوتنی ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریا بنەمای چوونە ناو مەیدانی دژ بە حکومەتی سوریای دابین کرد و دوای ماوەیەک لێشاوی بیانییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە بەتایبەتی لە چیچان و چێرکاسی و ناوچەی قەوقازەوە، بووە هۆی سەرنجدان و وەبەرهێنانی ڕۆژئاواییەکان لەسەر ئەو کەس و گرووپانە. لە ساڵی ٢٠١٥ بەشێک لەو کەسانە بە پاڵپشتی قاعیدە و تورکیا گرووپی “ئەجناد قەوقاز”یان پێکهێنا. ئەم گرووپە لە ساڵی ٢٠١٧ پەیوەندی بە هاوپەیمانی تەحریر شامەوە کرد و دوای ڕێککەوتن لەگەڵ تەحریر شام ئیدلیبیان بەجێهێشت و لە بەرەی باکووری پارێزگای لازقییە دژی سوپای سوریا چالاکییان کرد. ئەجناد قەوقاز پەیوەندی بە گروپە تیرۆریستیەکانی تری چیچانی و قەوقازییەوە وەک “ئیمارەتی قەوقاز” هەیە، بەڵام بەشێوەی سەربەخۆ کار دەکەن.

سەرکردەی ئەم گروپە کەسێکە بە ناوی ڕۆستەم ئاژیڤ، بە ناوی جیهادی “عەبدولحەکیم ئەلشیشانی”. لەگەڵ ئاژیڤەوە دوو کەسی تر دەبینرێن کە یەکێکیان حەمزە ئەلشیشانی فەرماندەی سەربازی و کەسی دووەمیش ئەبوبەکر ئەلشیشانی فەرماندەی سیاسی ئەم گرووپەیە.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و پێشڕەوی خێرای ڕووسەکان لە بەرەی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا بە یاوەری سەربازە چیچانیەکانی حکوومەتی کادیرۆڤ، وڵاتانی ڕۆژئاواش بیریان لەوە کردەوە کە بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە کە بنکەکانیان لە باکووری سووریایە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن. یەکێک لەو گروپانە، چەکدارەکانی “ئەجناد قەوقاز”ـە، کە بە ڕۆڵی تورکیاوە چوونەتە ناو ئۆکرانیا و بەڵگەی ڤیدیۆیی لە شارە جیاجیاکانی ئۆکرانیا وەک کیریڤی ڕیح و باخموت، ئاماژە بە شەڕی ئەو گروپە لەدژی ڕوسیا دەکات.

عەبدولحەکیم ئەلشیشانی و ئەندامانی تری گروپی ئەجناد قەوقاز لە شاری کیریڤی ڕیح لە باشووری ئۆکرانیا
شەڕی عەبدولحەکیم ئەلشیشانی و چەکدارەکانی لەدژی هێزەکانی ڕووسیا (پێدەچێت لە بەرەی باخموت بێت)

سەبارەت بە هۆکاری چوونە ناو شەڕی ئۆکرانیای ئەم گرووپە، دەتوانرێت ئاماژە بەم خاڵانە بکرێت:
١- چەکدارانی گروپە توندڕەوەکانی چیچان رابردوویان لە شەڕکردن دژی سوپای ڕووسیا لە جەنگی دووەمی چیچان و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای لازقییە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هەیە. بۆیە لە ڕوانگەی تەکنیکییەوە بە شێوازی شەڕی ڕووسەکان و چۆنیەتی شەڕی چریکی لە دژی ئەوان، شارەزایی و ئامادەیی تەواویان هەیە. لە ناوچە دارستان و شاخاوییەکاندا ئاستێکی کاریگەریان پێشکەش کردووە و توانا و هەماهەنگییەکی بەرزیان لە کاری تیمیدا هەیە. ئەم تایبەتمەندیانە ئەو پێویستیە کە لە بەرەکانی شەڕی ئۆکرانیا هەستی پێدەکرێت و دەتوانێت ڕێگری لە پێشڕەوی ڕووسیا بکات.

٢- هیچ ڕێکخراوێکی چەکداری لە سووریا وەک گروپە چیچانییەکان پاڵنەر و باکگراوندی بۆ شەڕ دژی ڕووسیا نییە. ئەوان پێشتریش لە چیچان دژی سوپای ڕووسیا و حکوومەتی ڕەمەزان کادیرۆڤ شەڕیان کردووە و بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە نەبوونی کەرەستەی سەربازی، پاڵپشتیی دەرەکی و هتد، تووشی شکستی قورس بوونەتەوە. ئێستا شەڕی ئۆکرانیا دەتوانێت بنەمای تۆڵەسەندنەوەیان لە ڕووسیا بۆ دابین بکات و تەنانەت مەودای شەڕەکەش بۆ ناوخۆی ڕووسیا درێژ بکاتەوە.

بەگشتی بیرۆکەی “دروستکردن و بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستییەکان” لەلایەن ستراتیژیستەکانی ئەمریکییەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا و ئێران و نەیارانی دیکەی ئەمریکا داڕێژرا. ئەم بیرۆکەیە لە دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە تا شەڕی سووریا و ئێستا شەڕی ئۆکرانیا جێبەجێ کراوە و ستراتیژییەکی کاریگەر بووە بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی ڕۆژئاواییەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە، ئەگەری شکستی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا دەرئەنجامی مەترسیداری بۆ نەیارانی دیکەی ئەمریکا هەیە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم مۆدێلە و گواستنەوەی بەرفراوانی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە وەک ناوچەی قەوقاز هەیە.

وێنەیەکی عەبدولحەکیم ئەلشیشانی لە تەنیشت سەلاحەددین ئەشیشانی فەرماندەی جەیش العسرە و موسلیم ئەلشیشانی فەرماندەی جنود ئەلشام.
عەبدولحەکیم ئەلشیشانی لە تەنیشت عەبدوڵڵا ئەلموحیسنی بەرپرسی شەرعی تەحریر شام
بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *