چەکدارانی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی سوپای سوریا لە ڕۆژئاوای حەلەب و باشووری ئیدلب + ڤیدیۆ

پێنجشەممە 12 كانونی دووه‌م 2023 - 12:03
https://kurdish.iswnews.com/?p=21588

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ دوابەدوای هێرشی چەکدارانی تەحریر شام بۆ سەر بارەگاکانی سوپای سوریا لە ڕۆژئاوای حەلەب و باشووری ئیدلب، چەندین سەربازی سوریا کوژران و بریندار بوون.

چەکدارانی تەحریر شام لە سێشەممەی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر یەکێک لە بارەگاکانی سوپای سوریا لە ناوچەی “بسرطون” لە ڕۆژئاوای شاری حەلەب ئەنجام دا کە بەهۆیەوە چەندین سەربازی سوریا گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

ڕۆژێک دوای ئەم هێرشە، هێزەکانی لیوای “ئەبوبەکر سدیق”ی سەر بە تەحریر شام هێرشیان کردە سەر بارەگای سوپای سوریا لە ناوچەی کۆکبە لە باشووری ئیدلب، کە بەهۆیەوە لانیکەم سێ سەربازی سوری گیانیان لەدەست دا و چواری دیکەش بریندار بوون. هەروەها لەم ئاڵوگۆڕی تەقەیەدا چوار چەکداری تەحریر شامیش بە سەختی بریندار بوون، بەڵام سەرچاوە میدیاییەکانی تەحریر شام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چەکدارانی لیوای “ئەبوبەکر سدیق” بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە.

چەند خولەکێک دوای ئەم ڕووبەڕوونەوەیەدا، سوپای سوریا پێگەکانی هێزە چەکدارەکانی لە گوندی فەلیفەل لە باشووری ئیدلب کردە ئامانج.

ئەم هێرشانە کە بە پێشێلکارییەکی ڕوونی ئاگربەست لە ناوچەی ئیدلب لەلایەن تەحریر شامەوە دادەنرێت، لە بارودۆخی خراپی کەشوهەوا و نەبوونی دیدی تەواو بەهۆی تەم و مژەوە لەم ناوچانەدا ئەنجام دراون.

شایانی باسە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی هێرشەکانی چەکدارانی تەحریر شام بۆ سەر پێگەکانی سوپای سوریا لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب زیادی کردووە و بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی باکوری سوریا، ئەگەری دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەی زەمینی دژی سوپای سوریا لەلایەن تەحریر شامەوە هەیە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *