وردەکاری ڕێککەوتنە نوێیەکەی ئێران و ڕووسیا؛ سوخۆ ٣٥ی ڕووسی لە بەرامبەر مووشەکی بالیستی ئێرانی

شەممە 7 كانونی دووه‌م 2023 - 10:52
https://kurdish.iswnews.com/?p=21363

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕاپۆرتە بەردەوامەکانی میدیاکانی ڕووسیا سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران و ڕووسیا باس لە فرۆشتنی مووشەکی بالیستیکی ئێرانی لە بەرامبەر فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆ ٣٥ی ڕووسی بە ئێران دەکات. ئەم هاوکارییە سەربازییە پرسێکی زۆر گرنگ دەبێت لە پێشهاتەکانی داهاتووی ناوچەکەدا.

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا میدیاکانی ئەمریکا باسیان لە کڕینی مووشەکی زولفەقار و فاتح ١١٠ی ئێرانی لە لایەن ڕووسیاوە کرد. مانگێک پێش ئەم ڕاپۆرتە، بڵاوبوونەوەی چەندین هەواڵ سەبارەت بە فڕینی فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئێرانی بۆ مۆسکۆ و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شاهێد ١٣٦ لەلایەن ڕووسیاوە لە ناوچەکانی کۆپیانسک و نیکۆپۆل لە ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە دەکرد کە هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران و ڕووسیا چووەتە قۆناغێکی نوێ و پەرەی پێدراوە.

سەرکەوتوویی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا و کاریگەرییە دەروونییەکانی لەسەر ئۆکراینییەکان وای لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی کرد کە ئامێری میدیایی و سیاسی خۆیان لە دژی چەکەکانی ئێران چالاک بکەن و ئێران لە قووڵکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ ڕووسیا بە جێبەجێکردنی گەمارۆ نوێیەکان بێهیوا بکەن. هەرچەندە ئەم پەیوەندییە هەرگیز لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانی و ڕووسی پشتڕاست نەکراوەتەوە و ڕۆژئاواییەکان و زایۆنیستەکان قسە و باسی جۆراوجۆریان لەسەر چۆنیەتی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ ڕووسیا لە ڕێگەی تاجیکستان و ئۆزبەکستان و هتد دەکەن.

سەرەڕای هەموو ئەو بابەتانە، میدیاکانی ڕووسیا لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا لە دانوستانەکانی ڕووسیا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ کڕینی مووشەکی بالیستی کورت مەودا و مامناوەند بۆ بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیا هەواڵیان دایەوە. بەڵام ئەوەی لە ڕاپۆرتە نوێیەکانی ئەو میدیایانەدا ئاماژەی پێکراوە ئەوەیە کە فرۆشتنی مووشەکی ئێرانی لە بەرامبەر کڕین و ڕادەستکردنی ٢٤ فڕۆکەی جەنگی سوخۆ ٣٥ی ڕوسی ئەنجام دەدرێت!

پێشتر بڕیار بوو بەپێی گرێبەستێکی لە ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان ڕووسیا و میسردا بە بڕی ٢ ملیار دۆلار، ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە ڕادەستی هێزی ئاسمانی میسر بکرێن، بەڵام هەڕەشەکانی ئەمریکا وایکرد میسر لە ترسی سزاکانی ڕۆژئاوا، لە وەرگرتنی سوخۆ ٣٥ـەکان پاشگەز ببێتەوە.

ڕاپۆرتە نافەرمیەکانی هەردوولا باس لەوە دەکەن کە ئەو فڕۆکە شەڕکەرانە ڕادەستی ئێرانییەکان دەکرێن، هەروەها فڕۆکەوانە ئێرانییەکان لە ئێستادا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنانی ئەم فڕۆکە شەڕکەرانەن.

ئێستا ئەو پرسیارەی کە دێتە پێشەوە ئەوەیە کە سوودی ئەم ڕێککەوتنە بۆ ئێران و ڕووسیا چییە؟ ئایا ئاڵوگۆڕی فڕۆکەکانی سوخۆ بە مووشەکی بالیستیک سوودی بۆ ئێران و ڕووسیا هەیە؟

١- ڕووسیا لە دۆخێکی ئاڵۆزی جەنگدایە و یەدەگی مووشەکییەکانیان دوای دە مانگ شەڕی سەخت ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە. لە لایەک لە بەرەکانی جەنگی ئۆکرانیادا ئەنجامە خوازراوەکانیان بەدەست نەهێناوە و لە لایەکی دیکەشەوە ناتوانن هەموو یەدەگی مووشەکییەکانیان لە وڵاتی بەرفراوانی ڕووسیا بەرەو ئامانجە خوازراوەکان لە ئۆکرانیا ئاراستە بکەن. بۆیە موزایەدەکردن بۆ فرۆشتنی ئەو فڕۆکە شەڕکەرانەی کە چەند مانگێکە ئامادەکراون لەبەرامبەر بڕێکی بەرچاو لە مووشەک و چەکی کاریگەر باشترین بژاردەیە بۆ گەیشتن بە پێگەیەکی باشتر لە پێگەی لاوازی ئێستا.
هەروەک میدیاکانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاندووە، ڕووسەکان بەدوای مووشەکی زولفەقار و فاتیح ١١٠دا دەگەڕێن. ئەم مووشەکانە لە شەڕێکی بەرفراوانی وەک شەڕی ئۆکرانیادا بەکارنەهێنراون، بەڵام لە هێرشە سنووردارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر پێگەکانی داعش لە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕۆژانی ١٨ی ٦ی ٢٠١٧ و ١ی ١٠ی ٢٠١٨ (مووشەکی زولفەقار) و هێرشکردنە سەر ناوەندی سیخوڕی ئیسرائیل لە هەولێری هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٢ (مووشەکی فاتیح ١١٠) تاقیکراونەتەوە. (جێی ئاماژەیە مووشەکی فاتیح ١١٠ زیاتر لەلایەن ئەنساروڵڵاوە لە شەڕی یەمەن بەکارهێنراوە).

٢- بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەر و بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکان لە هێرشە ئاسمانییەکان لە درێژخایەندا تێچووی زۆری بۆ وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەبێت. جگە لەوەش زۆربەی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە چەکی بێ ڕێنمایی ئەنجام دەدرێن و لەگەڵ بەهێزبوونی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپای ئۆکرانیا، ناتوانرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە قووڵایی ئۆکرانیا بەکاربهێنرێن. هەروەها وردبینی مووشەکەکانی ئێران یەکێکی ترە لەو سوودانەی کە دەتوانێت لە کاریگەریی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هاوکاری ئەو وڵاتە بکات.

٣- هێزە چەکدارەکانی ئێران یەدەگی مووشەکی بەرفراوانیان هەیە و بە بەراورد بە دۆلار و شتی تر، باشترین بژاردەیە بۆ پێدانی پارەی فڕۆکە جەنگییەکانی سوخۆ ٣٥. مووشەکی زولفەقار و فاتیح ١١٠ لە باشترین مووشەکەکانی ئێرانن و زۆر بەکارهێنراون، بەڵام لە ڕیزی ئەو چەکانە نین کە ئێران لە ئاشکراکردنی وردەکاری و چۆنیەتی دروستکردنی بترسێت.

٤- بەکارهێنانی چەکی ئێرانی لەلایەن ڕوسیاوە لە شەڕی لەگەڵ ئۆکرانیا کە پاڵپشتی تەواوی ئەمریکا و ناتۆی هەیە، جۆرێکە لە ھاوشێوەکردن یان جەنگی بە وەکالەت. ئێران بە تاوتوێکردنی هێرشەکانی ڕووسیا بەم چەکانە، دەتوانێت شایستەیی کەرەستە و چەکەکانی بەهێز بکات و کەموکورتییە ئەگەرییەکانی بەرامبەر کەرەستەی ڕۆژئاوایی چارەسەر بکات.

٥- گەمارۆکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر هێزی ئاسمانی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، دەستڕاگەیشتنی ئەم دامەزراوەیە بۆ فڕۆکە سەربازییەکان لەوانە فڕۆکەی جەنگی مۆدێرن سنووردار کردووە و هیچ وڵاتێک لەم ماوەیەدا ئامادە نەبووە لەمبارەیەوە لەگەڵ ئێران هیچ ڕێککەوتنێک بکات. بەڵام شەڕی ئۆکرانیا دەرفەتێکی بۆ ئێران ڕەخساندووە کە دەستی بە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا بگات و بەشێک لە پێداویستییەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمنەکانی دابین بکات.
هاوکاری سەربازی و ئاڵوگۆڕکردن یان فرۆشتنی چەک هەمیشە لە نێوان هەموو ئەو وڵاتانەی کە هێزی سەربازییان هەیە لە جیهاندا ئاسایی بووە، بەڵام پێشکەوتنی ئێران لە بواری دروستکردنی چەکی بەرگری، لەوانە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کە ساڵانێکی زۆرە وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر و فرۆشیاری چەک لە جیهاندا چالاکن، نەبووە و بە سزا، هەڕەشە و گەمارۆ و هتد ڕووبەڕووی ئێران بوونەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *