پۆلیسی پاکستان زیاتر لە هەزار کۆچبەری ئەفغانستانی دەستبەسەر کرد

چوارشەممە 4 كانونی دووه‌م 2023 - 20:45
https://kurdish.iswnews.com/?p=21289

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ هێزەکانی پۆلیسی پاکستان زیاتر لە هەزار کۆچبەر و هاووڵاتیی ئەفغانستانیان لە پارێزگای سند دەستبەسەر کرد.

لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا هێزەکانی پۆلیسی پاکستان لە پارێزگای سند، ١٤٠٠ هاووڵاتی ئەفغانستانیان دەستگیرکرد، کە ١٣٩ ژن و ١٦٥ منداڵیان تێدایە، هەروەها زیاتر لە هەزار پیاویش بەهۆی ئەوەی بەڵگەنامەی سەفەر و نیشتەجێبوونیان لە شاری کەراچی نەبووە زیندانی کردووە.

ئەم کەسانە لە زیندانی ژنان، زیندانی ناوەندی و قوتابخانەی گەنجانی تاوانبار لە شاری کەراچی زیندانی کراون.

لێژنەی زیندانیان و کۆمیسیۆنی نیشتمانی مافی مرۆڤی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە بەشێک لە هاووڵاتییە ئەفغانییە دەستگیرکراوەکان لە دادگای خۆجێیی شاری کەراچی سزای زیندانیکردنی کورتخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە و دوای تەواوکردنی ئەم ماوەیە بۆ وڵاتەکەیان (ئەفغانستان) دیپۆرت دەکرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە عەبدولقەهار بەلخی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، “بەرپرسانی باڵیۆزخانەی تاڵیبان لە پاکستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە زیندانیکردنی کۆچبەرانی ئەفغانستان دەربڕیوە و دەسەڵاتدارانی پاکستانیش بەڵێنی ئازادکردنی خێرایان داوە کە تا ئێستا بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکردووە.”

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پەنابەری یاسایی و زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری نایاسایی ئەفغانی لە پاکستان نیشتەجێن. بەپێی یاسای هاووڵاتیانی بیانی ساڵی ١٩٤٦، حکومەتی پاکستان مافی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی هەیە کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو پاکستان. لەوبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی پاکستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی کە بەڵگەنامەی یاسایییان لە پاکستان نییە تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ مۆڵەتیان هەیە پاکستان بەجێبهێڵن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن و غەرامە دەبنەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *