نەسروڵڵا: ئامانجەکانی ئەمریکا لە تیرۆری شەهید سولێمانی مسۆگەر نەبووە و ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە

چوارشەممە 4 كانونی دووه‌م 2023 - 16:52
https://kurdish.iswnews.com/?p=21281

ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵیادی تیرۆری شەهیدان فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و جێگری دەستەی حەشدی شەعبی عێراق وتی کە هیچ یەک لە ئامانجەکانی ئەمریکا لە تیرۆری شەهید سولێمانی مسۆگەر نەبووە و ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە.

سەید حەسەن نەسروڵڵا شەوی سێ شەممە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە ساڵیادی تیرۆری شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بە ئاماژە بە پڕوپاگەندەی میدیاکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر دۆخی تەندرووستی خۆی وتی کە جێی نیگەرانی نییە و دەمەوێت لە سەر دۆخی تەندرووستی خۆم دڵنیایی بە ئێوە بدەم.

ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە تیرۆری شەهید سولێمانی وتی: لە دوو دەیەی ڕابردوو حاجی قاسم فەرماندەیی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ بوو، کاتێک کە هاتە گۆڕەپانەکانی ئێمەوە، چەندین تایبەتمەندیی هەبوو، سەرەتا کەسایەتییەکەی بە هۆی ڕاستگۆیی و دڵپاکییەوە و هەروەها پلەی بەرزی ئیمانداری بۆ ئێمە گرنگ بوو. تایبەتمەندی دووەم ئەوە بوو کە ئەو سەربازێکی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بوو و هەموو هەوڵ و چالاکییەکی بە پێی ڕێنماییەکان و ستراتیژییەکانی ئەوان بوو. حاجی قاسم یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەیتوانی ببێتە سەرۆک کۆماری ئێران بەڵام ئەوەی ڕەتکردەوە و لە چالاکییەکانی خۆی بەردەوام بوو، ئەو ژنڕاڵی ویلایەت نەبوو بەڵکوو سەربازی ویلایەت بوو و لە سەر وەسیەتی خۆی لە سەر مەزاریشی نووسراوە سەربازی ویلایەت، ئەو ژیانێکی وەهای هەبوو.

سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: بەداخەوە هەندێک هێشتا وا بیر دەکەنەوە کە وڵاتانی ئەندام لە بەرەی خۆڕاگری تەنیا بەسراوەی ئێرانن، بەڵام وا نییە، بەڵکوو ئەوان ئەو هێزانەن کە بڕوایان بە نیشتمان و پیرۆزییەکانی هەیە و حاجی قاسم تەنیا هاوکاریی ئەوانی دەکرد. حاجی قاسم لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە بە تایبەتمەندییەکانی خۆی ڕۆڵی هاوئاهەنگی و لێک نزیککردنەوە لە نێوان لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگری بگێڕێت.

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: حاجی قاسم لە دوو دەیەی ڕابردوو بە دوو شێواز ڕوبەڕوی پرۆژەی ئەمریکا لە ناوچەکە بوویەوە. پرۆژەی ئەمریکا لە ناوچەکە، پرۆژەی هەژموونی، زاڵبوون و دەست بە سەرداگرتنی هەموو شتێک و ڕژێمی زایۆنیستی لە دڵی پرۆژەکەدا بوو. مۆدێلی یەکەمی پرۆژەی ئەمریکا لە ناوچەکە کە شەهید سولێمانی و فەرماندەکانی دیکەی شەهید ڕوبەڕوی بوونەوە، پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە لوبنان و فەڵەستین بوو.

ناوبراو وتی: قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ و پاش ئەوەی کە جۆرج بۆشی کوڕ دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، دەستیپێکرد، بە پێی ئەوەی کە بڵاو کرایەوە ئەفغانستان لە پرۆژەکەدا نەبوو. ١١ی سپتمبێر بیانوویەک بوو کە ئەمریکا بەو بۆنەوە بێتە ئەفغانستان و عێراق و لە ئێران و سوریا نزیک ببێتەوە. بەئامانجگرتنی خۆڕاگری لە فەڵەستین و لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستیپێکرد.

سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: لێرەدا بوو کە حاجی قاسم سولێمانی وەک فەرماندەیەک هاتە بەرەی یەکەمی شەڕەکەوە. ئێران و سوریا خۆڕاگرییان کرد و مانەوە و بەم شێوازەش دوژمن لە شەڕی تەمموز شکستی هێنا. ئەگەر شەڕی زایۆنیستەکان لە دژی لوبنان سەرکەوتوو دەبوو، ئەم شەڕە لە دژی سوریاش بەردەوام دەبوو، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا و لێرەدا شەهید سولێمانی هاتە گۆڕەپانەکەوە. گرووپەکانی شێعە و سوننە لە عێراق شەڕی دژ بە داگیرکارانیان دەستپێکرد و چالاکییەکانی ئەوان زۆر گرنگ بوو. ئەوان پلانی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکایان بە سەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە درێژەدا وتی: ئەگەر چالاکییەکانی خۆڕاگری لە عێراق، بەردەوامبوونی ئێران و سوریا و خۆڕاگریی لوبنان و فەڵەستین پێکەوە دابنێین، ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەی ئەمریکا کۆتایی هات و شکستی هێنا. ئەنجامی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەی ئەمریکا ئەوە بوو کە ترەمپ بە ناچار نهێنی سەردانی عێراقی کرد و دانی بەوەدا نا کە ئەمریکا حەوت هەزار ملیار دۆلاری بۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەی بەکار هێنا. ئەگەر ئێران ئەم سیاسەتەی نەدەبوو، سوریا خۆڕاگریی نەدەکرد، ئیرادەی خۆڕاگری لای گەلان نەدەبوو و ئەمریکا ناوچەکەی ئێمەی داگیر دەکرد، چی دەبوو؟.

سەید حەسەن نەسروڵڵا لە درێژەدا ئاماژەی بە قۆناغی دووەمی پرۆژەکەی ئەمریکا دا و وتی: قۆناغی دووەم بە ئۆباما دەستیپێکرد و ئەوان لەوە تێگەیشتن کە لە شەڕەکاندا شکست دەهێنن، ئەوان بەوە گەیشتن کە پشت بەستن بە ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕەکاندا بە واتای شکستە. هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کاتێک ئەوەیان بینی کە ئەمریکا لە تونس و لە میسر پاڵپشتیی لە سەرۆک کۆمارانی ئەو وڵاتانە نەکرد، تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون. قۆناغی دووەم لە لایەن ئۆباما و کەسانی دیکەوە درێژەی هەبوو. لەم قۆناغەدا شەڕەکان زیاتر ناوخۆیی بوون، بە شێوازێک کە خەڵک شەڕیان پێکەوە دەکرد و تیرۆریستان هاتنە پێشەوە و شەڕەکان ڕەنگ و بۆنی تائیفییان بە خۆوە گرت.

ناوبراو وتی: لە قۆناغی دووەمی پرۆژەی ئەمریکا، سولێمانی و موهەندیس بە ئاشکرا هاتنە گۆڕەپانەکەوە و ئەمەش پێویست بوو. قۆناغی دووەمیش لە ژێر کاریگەریی خۆڕاگری و بوونی دوو فەرماندە واتە سولێمانی و موهەندیس لە ناوچەکە شکستی هێنا. پاش ئەم دوو شکستە گەورەیە ترەمپ هات و بە ناچار شکستی بۆ تیرۆری ئەم دوو فەرماندە گەورە و کاریگەرە هێنا. ئامانجی تیرۆرەکەش ئەوە بوو کە عێراقییەکان هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ بکەن و لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگری لە سوریا، ئێران، لوبنان و فەڵەستین لاواز ببن. مەکتەبی حاجی قاسم بە هێزەوە درێژە بە ڕێگاکەی دەدات.

سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: پرۆژەکانی ئەمریکا بە پێشوازیی ملیۆنی لە تەرمی پیرۆزی شەهیدان سولێمانی و موهەندیس ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو، ئەمەش بووە لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران. هەروەها لە عێراق خەڵک داوای دەرکردنی ئەمریکییەکانیان کرد. بەمەش هیچ یەک لە ئامانجەکانی ترەمپ و ئەمریکا لەو تیرۆرە مسۆگەر نەبوو.

ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: لە فەڵەستین بە هەمان شێوە شەڕەکانی شمشێری قودس و یەکڕیزی مەیدانی و خۆڕاگریی گەل بینرا و پاش شەهیدبوونی حاجی قاسم سولێمانی پیلانی گرێبەستی سەدە هەڵوەشایەوە و لوبنان لە خۆڕاگری بەردەوامە و لە دۆسیەی داڕشتنی سنورە دەریاییەکانیش سەرکەوتنی بە دەست هێنا.

ناوبراو وتی کە قۆناغی سێهەمی پرۆژەکەی ئەمریکا بە شەڕی ئابوری دەستیپێکردووە. کابینەی نوێی زایۆنیستەکان کە شێتەکانی تێدا ئەندامە، خێرایی بە پرۆسەی لەناوچوونی ئەم ڕژێمە دەبەخشێت. دەسدرێژی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و پیرۆزییە ئیسلامییەکان و قودس نەک تەنیا دۆخی فەڵەستین، بەڵکوو دۆخی ناوچەکەش بەرەو تەقینەوە دەبات.

جام کوردی

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *