پێشوازی سەنعا لە هەوڵەکانی تورکیا و سووریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان

سێشەممە 3 كانونی دووه‌م 2023 - 11:52
https://kurdish.iswnews.com/?p=21243

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ئەلبۆخەیتی، ئەندامی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، پێشوازی لە هەوڵەکانی تورکیا و سووریا کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکیەکانی نێوانیان و ئامۆژگاری سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتەی کرد کە گوێ لە ناڕەزایەتییەکان لەمبارەیەوە نەگرن.

ئەلبۆخەیتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وەک کاردانەوەیەک بە هەوڵەکانی تورکیا و سووریا بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان نووسیویەتی: گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵاتی موسڵمانە، و نابێت حکومەتەکانیان گوێی لە ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بەم بابەتە بگرن؛ چونکە گەورەترین زەرەرمەند لە داخستنی دۆسیەی شەڕ [لە سووریا] و گەیشتن بە ئاشتی لەم وڵاتەدا دوژمنانی ئەم میللەتەن کە گەلی سوریایان گەمارۆ دا و هەوڵیان دا لە هەموو فاکتەرەکانی مانەوە و ژیان بێبەشیان بکەن و ململانێی ناوخۆیی لە نێوان موسڵمانانیان فراوان کرد.

هەفتەی ڕابردوو وەزیرانی بەرگری ڕووسیا، سووریا و تورکیا بۆ یەکەمجار لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و چارەسەری قەیرانی سووریایان تاوتوێ کرد. کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، سەرەڕای ناکۆکی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دیدارە بوو.

لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردوودا تورکیا نەیتوانیوە حکومەتی ئەم وڵاتە بە پاڵپشتی ئەوەی ناوی دەنێت شۆڕش لە سووریادا بڕوخێنێت و لە ئەنجامی ئەو دەستێوەردانانەشدا میلیشیا جوداخواز و “تیرۆریست” بە گوتەی ئەنقەرە، بە درێژایی سنوورەکانی باشووری تورکیا دەسەڵاتیان بەدەستهێناوە و چەک و پشتیوانی لە ئەمریکا و هەندێک وڵات وەردەگرن. بۆیە لە چەند مانگی ڕابردووەوە، بە درککردن بەو ڕاستییەی کە بەشار ئەسەد لانابرێت و مانەوەی بەشار ئەسەد و مانەوەی حکومەتی سووریا لە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیادایە، هەوڵیدا سیاسەتە هەڵەکانی خۆی بگۆڕێت.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *