ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: سوپای ئێران ڕاهێنانی بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی دەریایی ئیسرائیل کردووە + ڤیدیۆ
هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ ڕۆژنامەیەکی زایۆنیستی بە پشتبەستن بە وێنە و داتاکانی بڵاوکراوەی میدیاکان نووسیویەتی کە لە مانۆڕی “زولفەقار ١٤٠١”ی ئەرتەشی ئێراندا هێرش بۆ سەر بنکەی دەریایی سوپای تەلئەبیب لە بەندەری ئیلات ھاوشێوەسازی کراوە.
ڕۆژنامەی زایۆنیستی “تایمز ئیسرائیل”، لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە وێنە و ئەو زانیارییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، نووسیویەتی کە لە مانۆڕی ئەم دواییەی ئەرتەشی ئێراندا، هێرش بۆ سەر بەندەری ئیلات (لە باشووری فەلەستینی داگیرکراو) ھاوشێوەسازی کراوە.
ڕۆژنامەی تایمز ئیسرائیل ڕاپۆرتەکەی بەم شێوەیە دەست پێکردووە و نووسیویەتی: “لە هۆشدارییەکی ڕوون بۆ ئیسرائیل، لە میانەی مانۆڕی ڕۆژی شەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هەڵگری تەقەمەنی، لە سەکۆی کەشتییەکەوە ئاراستەی مۆدێلێکی بنکەیەکی دەریایی ئیسرائیل کراوە”.
ڕۆژنامەی تایمز بە پشتبەستن بەو وێنانەی لە میدیاکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە، ئیدیعای ئەوەی کردووە کە لە “کەشتی هێنگام” فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “ئەبابیل” ئاراستەی مۆدێلێکی بنکەی دەریایی ڕژێمی زایۆنی لە ئیلات کراوە.
ڕۆژنامەی تایمز هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانی ئێران لە مانۆڕێکدا کە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا بەڕێوەچوو، هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا ھاوشێوەسازی کردبووەوە.
لێدوانەکان