بەریتانیا بەرپرسیارێتی هێرشە فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سەر شاری ئەلبابی لە ئەستۆ گرت

یەکشەممە 25 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 21:27
https://kurdish.iswnews.com/?p=20980

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکدا هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی بۆ سەر شوێنی یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە شاری ئەلباب لە پارێزگای حەلەبی سووریا ڕاگەیاند.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئەمڕۆ ٢٥ی کانونی یەکەم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سێشەممەی ڕابردوو (٢٠ی کانونی یەکەم) بۆ سەر شاری ئەلباب لە پارێزگای حەلەبی سووریا لە ئەستۆ گرت.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
“دوای پشکنینی باڵەخانەیەک لە شاری ئەلباب لە باکووری سووریا، دەرکەوت یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش لەم شوێنەیە و دوای پشتڕاستکردنەوەی، دوو مووشەکی هێڵفایر (Hellfire) لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕیپەرەوە ئاراستەی کرا”.

جێی ئاماژەیە، ئۆپەراسیۆنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی بەریتانیا لە سووریا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی سێبەر” ئەنجام دەدرێت. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە مانگی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن هێزی ئاسمانی بەریتانیاوە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەستی پێکرد.

شایانی باسە لە ٢٠ی کانونی یەکەمدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە هاوپەیمانی ئەمریکا ماڵێکیان لە گەڕەکی “خۆلۆ” لە شاری ئەلباب لە پارێزگای حەلەب کردە ئامانج و چەند خولەکێک دوای هێرشەکە دەرکەوت کە یەکێک لە فەرماندەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بە ناوی “بەساع ئەحمەد ئەلسەوادی” ناسراو بە ئەبو یاسر ئەلیەمانی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج و بە سەختی بریندار بوو. ناوبراو دوای برینداربوونی گواستراوەتەوە بۆ بنکەیەکی پزیشکی، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر تەندروستی بڵاونەکراوەتەوە.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *