ئازەربایجان، چەکی نهێنی و شاراوەیی ئەمریکا؛ ئەم وڵاتە موسڵمانە عەلمانیە دەتوانێت هاوپەیمانێکی بەنرخ بێت لە پاڵنانی ڕووسیا و ئێران و تیرۆریزم بۆ دواوە

هه‌ینی 23 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 12:07
https://kurdish.iswnews.com/?p=20927

ئەم دەقەی کە دەیخوێنیتەوە تایبەتە بە ئێریک لەوین، ستوون نووسی سایتی “یەکێتی هەواڵی جولەکەکان”. یەکێتی هەواڵی جولەکەکان (JNS) ئاژانسێکی هەواڵییە بە زمانی ئینگلیزی و گرنگی بە جیهانی جولەکەکان و ڕژێمی ئیسرائیل دەدات، و لەلایەن کەسانی کاریگەر و سەرمایەداری جوولەکە ئەمریکییەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت. پەیوەندییە سەربازی و سیاسی و کولتوورییەکانی زایۆنیزم لەگەڵ حکوومەتی باکۆ پرسێکی نوێ نییە، بەڵام بە هۆی ڕووداوەکانی سێ ساڵی ڕابردوو و خێراتربوونی پێشهاتەکانی ناوچەی قەفقاز، لایەنگرانی ڕژێمی ئیسرائیل ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکدا، زەمینەی پێویستیان بۆ خراپ بەکارهێنانی کۆماری ئازەربایجان لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆ پێشخستنی ئامانجەکانیان دەبینن و ئەوەی پێشتر دەیانشاردەوە، ئێستا بە دەنگی بەرزتر دەریدەبڕن. هەر بۆیە خوێندنەوەی ئەم بابەتە بۆ ڕۆشنگەری زیاتر و تێگەیشتنی ئەم ئامانجانە بە پێویستی دەزانین.

یەکێک لەو ڕێگایانەی کە ئەمریکا دەسەڵاتی خۆی لە دەرەوەی وڵات فراوان دەکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشە ستراتیژییەکانە. هاوپەیمانی لەگەڵ ناتۆ، ئیسرائیل، ژاپۆن، ئوسترالیا، کۆریای باشوور، تایوان و ئەوانی دیکە لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە. هەروەها بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەش شتێکی بنەڕەتین.
کاندیدی سەرەکی بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییە ئازەربایجانە.

ئازەربایجان دەکەوێتە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و تاکە وڵاتی جیهانە کە هاوسنوورە لەگەڵ ڕووسیا و ئێران. دوای کشانەوەی کارەساتبارمان لە ئەفغانستان، بەتایبەتی چۆڵکردنی بنکەی هێزی ئاسمانی بەگرام، ئەمریکا لە ئاسیای ناوەڕاست کەڕ و کوێر بووە. ئەم وڵاتە هیچ شوێنێکی نییە بۆ چاودێریکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگری. ئەمەش دەبێت بگۆڕێت.

بەڕوونی بوونی بەهێزتری ئەمریکا لە ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان گرنگە. ئازەربایجان دەتوانێت ئەو ئامادەبوونە ستراتیجییە جیۆپۆلەتیکییەمان پێببەخشێت. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکەکەی، ئیلهام عەلیێڤ، بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە.

ڕەنگە ئازەربایجان زۆرینەی موسڵمانی شیعە بێت، بەڵام عەلمانی و لایەنگری ئیسرائیلە. بەهۆی ئەوەی عەلمانییە، ئیسلامی سیاسی — وەک ئەوەی لە ئێرانی دراوسێیدا پراکتیزە دەکرێت — وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت. ئەم جیهانبینییە تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی دەوڵەتی جوولەکەی ئیسرائیل هاوپەیمانێکی سروشتی ئازەربایجانە. باکۆ لە ساڵی ١٩٩٢ پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئازەربایجان لە یەکێتی سۆڤیەت بوو. لەو کاتەوە ئازەربایجان بە بەهای زیاتر لە ١ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار سیستەمی چەکی پێشکەوتووی لە ئۆرشەلیم کڕیوە.

دوو هەفتە لەمەوبەر عەلیێڤ وەک نیشانەی گرنگی ستراتیژی ئیسرائیل و وەک هەنگاوێک بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل فەرمانی دامەزراندنی باڵیۆزخانەی لە تەلئەبیب واژۆ کرد. ئەمەش وایکردووە ئەم وڵاتەی ئاسیای ناوەڕاست ببێتە یەکەم وڵاتی زۆرینەی موسڵمانی شیعە کە نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی لە وڵاتی جولەکەدا دامەزراندووە.

بە پێچەوانەی پەیوەندییە گەرمەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، ئازەربایجان هەڕەشەیەکی بەرچاوە بۆ سەر ئێران. نزیکەی ٢٠ ملیۆن “ئازەری” (زاراوەی ئێرانی بۆ ئازەربایجانییەکان) لە ئێران دەژین کە زیاتر لە ١٥%ی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن. زۆرێک لە ئازەرییەکان بۆ باکۆ دڵسۆزترن نەک تاران و ئامادەن بە نهێنی هاوکاری “نیشتمانی خۆیان” بکەن بۆ لاوازکردنی ئایەتوڵڵاکان. لە ڕاستیدا ناعەقڵانی نییە کە ئەم بڕوایەمان هەبێت کە دانیشتوانی ئازەری لە ناوخۆی ئێران سەرچاوەی هەواڵگری زۆر گرنگی ئیسرائیلن سەبارەت بە ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ڕەنگە هیچ نموونەیەکی باشتر لە دژایەتی نێوان تاران و باکۆ و پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان ئازەربایجان و ئیسرائیل لە شەڕی سنووریی ئەم دواییەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سەر ناوچەی ناگۆرنو-قەرەباغ نەبێت. ئازەربایجان لە لایەن ئیسرائیل و تورکیا لە دژی ئەرمینیا پاڵپشتی دەکرا.
سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی باکۆ شکستێک بوو بۆ میحوەرەکەی ڕووسیا و ئێران و سەرکەوتنێک بوو بۆ هاوپەیمانانی ئیسرائیل و تورکیا. جگە لەوەش باکۆ توانی بێباکانە بە جیهان بڵێت کە زۆربەی ئەو کەرەستە سەربازیانەی لە شەڕەکەدا بەکارهێنراون لە کێ وەرگرتووە: ئیسرائیل.

ئەمریکا و ئازەربایجان بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە. هەردووکمان دوژمنی ئێرانین. هەردووکمان نیگەرانین لەوەی تیرۆریزمی توندڕەوی ئیسلامی لە دەرەوەی شوێنەکانی وەک ئێران و ئەفغانستان چالاکی بکات. هەردووکمان ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی بەهێز دەبینین. هەردووکمان نیگەرانین لە ڕەفتاری خراپی ڕووسیا لە ئاسیای ناوەڕاست.

لە بەرامبەر ڕێگەدان بە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ چاودێریکردنی ڕووسیا و ئێران و چالاکییە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە، دەتوانین ئەو پاڵپشتییە سیاسییە و کەرەستە سەربازییانەی ئازەربایجان دابین بکەین کە پێویستیانە لەبەرامبەر دراوسێیە زۆر مەترسیدارەکەی.

لە ڕاستیدا ئەگەر پێویست بکات ئازەربایجان دەتوانێت خاڵی دەستپێکی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بێت.

کاتی ئەوە هاتووە دەست بکرێت بە ناردنی شاندی سەرۆکایەتی و کۆنگرێس بۆ ئازەربایجان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دامەزراندنی هاوبەشییەکی ستراتیژی.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *