سەردانی شاندی عومان بۆ سەنعا/ پێشنیازی نوێی مەسقەت بۆ ئاگربەست

پێنجشەممە 22 كانونی یه‌كه‌م 2022 - 17:23
https://kurdish.iswnews.com/?p=20913

هەواڵەکانی جیهانی ئیسلام؛ محەممەد عەبدولسەلام بە ئاماژە بە هاتنی شاندێکی عومان بۆ ئەم وڵاتە بۆ خستنەڕووی پێشنیاری نوێ سەبارەت بە ئاگربەست لە یەمەن، وتی: ئەگەر پێشکەوتن لە پرسە مرۆییەکاندا بەدەست بهێنرێت، هەردوولا لە پرسەکانی دیکەشدا پێشکەوتن بەدەست دەهێنن.

میدیاکانی یەمەن ئێوارەی ڕۆژی رابردوو (چوارشەممە) بڵاویانکردەوە، شاندێکی نووسینگەی “حەیسەم بن تاریق” سوڵتانی عومان بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سەنعا گەیشتووەتە یەمەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “یەمەن نیوز”، فڕۆکەی هێزی ئاسمانی ئوردن لەگەڵ “محەمەد عەبدوسەلام”، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی یەمەن، لە فڕۆکەخانەی سەنعا نیشتووەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شاندی عومان له کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی یەمەن بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەست لە یەمەن و پرس و راوێژ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی گشتگیر، لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی یەمەنی چەند پێشنیارێک دەخەنە ڕوو.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا، کەناڵی “ئەلمەسیرە” لە زاری عەبدولسەلامەوە نووسیویەتی: “سەردانی شاندی عومان بە مەبەستی گەیاندنی بیرۆکە و پێشنیارەکان بە سەرکردایەتی ئەنجامدراوە. ئەم بیرۆکە و پێشنیارانە لە گفتوگۆ لەگەڵ سعودییەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان باس کراون.”

محەممەد عەبدولسەلام زیادی کرد: “وڵاتانی دەستدرێژکار ئابوورییان کردە ئامانج و کێشەی ئابوورییان بە شێوەیەکی بەرچاو بە ئامانجگرتنی بانک و پارەی [وڵاتەکە] فراوانتر کرد. ئەگەر لە لایەنی مرۆییەوە پێشکەوتن بەدەستبهێنین، کە بریتییە لە پێدانی مووچە و کردنەوەی فڕۆکەخانە و بەندەرەکان، دەتوانین لە پرسەکانی دیکەشدا پێشکەوتن بەدەستبهێنین.”

عەبدولسەلام لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “پرسی مووچە دەبێ جیا بێت لەو بارودۆخەی کە وڵات تێدایەتی؛ چ دۆخی وڵات بگەڕێتەوە بۆ دۆخی شەڕ یان جارێکی تر ئاگربەست رابگەیەنین. هەروەها پێویستە پرسە مرۆییەکان لە پرسە سەربازییەکان جیا بکرێتەوە. داواکارییەکانمان هەموو یەمەنییەکان دەگرێتەوە بەبێ هیچ جیاوازییەک بۆ ناوچەکانی یەمەن.”

ناوبراو هەروەها رایگەیاند: “هاوپەیمانی دەستدرێژکار هەندێک بەڵێن دەدات کە کاریگەری لەسەر پێدانی مووچە و کۆتاییهێنان بە گەمارۆ و کشانەوەی هێزە بیانییەکان نییە. عومان لەپێناو بەرژەوەندی و دراوسێیەتی پێداگری لەسەر بەرقەرارکردنی ئاشتی لە یەمەن دەکات و ڕۆڵی ئەم وڵاتە لە دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان گرنگ و ئەرێنییە.”

وتەبێژی ئەنساروڵڵا هەروەها ڕایگەیاند: “برایانی عومان لە پێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی لە یەمەن زۆر پشتیوانی دانوستانەکان و پرسە مرۆییەکانیان کرد و گەشتە یەک لە دوای یەکەکانیان بۆ سەنعا ئاماژەیە بۆ هەوڵی باشی ئەوان.”

شایانی باسە، عەرەبستانی سعوودی بە سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەکی عەرەبی و پشتیوانی ئەمریکا لە ٢٦ی ئازاری ٢٠١٥ەوە بە بانگەشەی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی یەمەن بۆ دەسەڵات، دەستدرێژی سەربازی دژی یەمەن دەستپێکرد و لەرێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی ئەم وڵاتەی گەمارۆدا.

ئەم دەستدرێژییە سەربازییە هیچ کام لە ئامانجەکانی هاوپەیمانی سعوودی بەدی نەهێناوە و تەنیا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران یەمەنی، ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، وێرانکردنی ژێرخانی ئەم وڵاتە، بڵاوبوونەوەی برسێتی و تووشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان.

بەشی بکە:
لێدوانەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *